عەلی باپیر: بڕیاری كۆتاییمان نەداوە بەشداریی حكومەت بكەین

کوردستان

14/11/2018‌ 488 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان رایگەیاند، دەبێت كابینەی نۆیەم لە ھەڵە و كەموكوڕیی، ھەر ھەشت كابینەكەی پێشوو دەرس و پەندی وەرگرتبێت، دەشڵێت، "بڕیاری كۆتاییمان نەداوە بەشداریی حكوومەت بكەین".

عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بە ئاژانسی ئەنادۆڵی راگەیاندووە، "ئێمە كاتی خۆی كشاینەوە لە حكومەت پێمان وابوو حكومەت وای لێكراوە نەتوانێت ئەركەكانی خۆی جێبەجێ بكات، كاتی خۆشی كە بەشدارییمان كرد لە كابینەی ھەشتەم كۆمەڵێك مەرجمان ھەبوو و تەماشامان دەكرد بیانوو دەگیرین گوایە شەڕی داعش ھەیە و نرخی نەوت دابەزیوە و كێشە لەگەڵ بەغدا ھەیە، دواتر شەڕی داعش وردە وردە تەواوبوو و نرخی نەوتیش بەرزبوویەوە و گۆڕانكاریش بوون، بەڵام حكوومەتەكە ھەر وەكو خۆی بوو".

ئاماژەی بەوەشكرد، "هێشتا بڕیارمان نەداوە و پێش رووداوەكان ناكەوین، بزانیین ئەو لایەنەی رادەسپێردرێت حكوومەت پێكبھێنێت چی دەڵێ و چی ناڵێ و بەرنامەی حكوومەتەكە چۆن دەبێت كە داوا دەكات بەشداربین، چۆنمان داوا لێ دەكات، ئینجا ئێمەش لەبەر رۆشنایی ئەو گۆڕانكارییانەی دێنە پێش و بە ئەندازەی ھاتنەپێشی ئەوان قسەیەكی لێ دەكەین، بەڵام ئێمە لای خۆمانەوە بە قەتعی نە بڕیاری بەشدارییكردنمان لەو كابینەیە داوە نە بڕیاری بەشداری نەكردنیشمان بە قەتعی داوە".

راشیگەیاندووە، "عورفی ئێمە وابووە و بەپێی پەیڕەوی خۆشمان وایە بۆ بەشدارییكردن لە حكوومەت یان بەشداری نەكردن دەبێت بگەڕێینەوە بۆ كادیرانمان و دەبێت كۆبوونەوەی گشتی ئەنجامبدەین، ئەو كاتە لە ئەنجامی كۆبوونەوەكە بۆمان دەردەكەوێت رای زۆرینەی كادیرانمان لە چی لایەكدایە، جارێ ئێمە ئەوە نەكەوتووینەتە وتووێژ و دانوستان لەگەڵ ئەو لایەنەی حكوومەت پێكدەھێنن، دەبێت بكەوینە وتووێژ".

عەلی باپیر ئەوەشی خستووەتەڕوو، "دەبینین لە چەندین كەناڵ دەڵێن ئیسلامییەكان پاشەكشەیان كرد، ئێستا گۆڕان كە پێشمانناخۆشە كورسییەكانی لە ٢٤ەوە بوون بە ١٢ بڵێین عەلمانییەكان ھەموویان بەرەو دوا گەڕانەوە، ئەمە وا نییە ئەوە گۆڕان بەرەو دوا گەڕاوەتەوە كە یەكێتی و پارتی بەرەو پێش چوون ھەموو كەس نھێنییەكەی دەزانێت و خۆشیان باش دەزانن، بۆیە ئێمە دەبێت خەڵك پۆڵین بكەین".

لەبارەی زیادبوونی كورسییەكانی كۆمەڵەوە عەلی باپیر دەڵێت، "ئەوەی ئێمە كە زیادیكردووە بەرھەمی ھەڵوێستەكانی ئێمەیە و شێوەی كاركردنمانە، دەبێت خەڵكی تریش چاو بەخۆییدا بگێڕێتەوە بزانێت بۆچی كەمی كردووە، جارێ ساختەكاریی یەكێتی و پارتی شتێكی مسۆگەر و سەلمێنراوە، بۆچی پارتی لە سلێمانی لە ئێمە كەمتر دەھێنێت، یەكێتی بۆ لە ھەولێر شتێك لە ئێمە زیاتر یان بەقەد ئێمە دەنگ دەھێنێت، دیارە كە یەكێتی لە سلێمانی و پارتی لە ھەولێر دەسەڵاتییان ھەیە و سندوقەكان پڕ دەكەنەوە".
ه.م