گازی سروشتی دەبێتە سەرچاوەیەكی گەورەی داهات بۆ هەرێمی كوردستان

کوردستان

15/11/2018‌ 7289 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شێركۆ جەودەت ئەندامی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەكان لە خولی پێشووی پەرلەمان، رایگەیاند، گازی سروشتی دەبێتە دەروازەیەكی گەورە بۆ هەرێمی كوردستان و داهاتەكەشی كەمتر نابێت لەو داهاتەی لە نەوتەوە دەستی دەكەوێت.

شێركۆ جەودەت لەلێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ راشیگەیاند "زۆرینەی بڕی گازی سروشتی هەرێمی كوردستان دەكەوێتە ناوچەی كۆڕمۆر لەنزیك چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی و بڕێكی زۆر یەدەگی گازی سروشتی تێدایە، كە نزیكەی لەسەدا 80ی یەدەگی گازی سروشتی هەرێم پێكدەهێنێت لەبەرانبەردا لەسەدا 70ی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكەوێتە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی راگەیاند، داهاتی گازی سروشتی هیچی كەمتر نییە لە داهاتی نەوت و ئێستا هەرێمی كوردستان سەرقاڵی پڕۆژەیەكی ستراتیجییە بۆ ئەوەی لەرێگەی توركیاوە گازی سروشتی خۆی بە بۆری رەوانەی دەرەوە بكات و ببێتە یەكێك لەجێگرەوەكانی گازی سروشتی روسیا، كە پێشتر رەوانەی ئەوروپا دەكرا و بە هۆی داخستنی رێگای ئۆكرایناوە ئەو رێگایە نەما، ئێستا هەرێم دادەنرێت بە جێگرتنەوەی ئەو، ئەگەر هەرێمی كوردستان بزانێت چۆن بە دروستی مامەڵە لەگەڵ ئەوەدا بكات ئەوا دەبێتە دەروازەیەكی گەورە بۆی و داهاتەكەشی كەمتر نابێت لەو داهاتەی لە نەوتەوە دەستی دەكەوێت.

لەبارەی بڕی یەدەگی گازی سروشتی هەرێم، شێركۆ جەودەت ئاشكرایكرد، ئەو ئامارانەی هەیە ئاماری نافەرمین و حكومەت بۆ خۆی ئامارێكی تەواوی لە لا نییە لەو بارەیەوە، ئەوەی هەیە یەدەگی گازی سروشتی هەرێم بە سێ‌ ترلیۆن مەترسێجا مەزندە دەكرێت.

ئەو هەروەها راشیگەیاند "حكومەتی هەرێم وەك مەلەفێكی داخراو مامەڵە لەگەڵ پڕۆژەی ستراتیجی راكێشانی بۆری گازی سروشتی بۆ توركیا دەكات، زانیاری تەواومان لەسەر پڕۆژەكە نییە و نازانین دوای ئەوەی دەستیپێكردووە پڕۆژەكە بەكوێ‌ گەیشتووە".

جەودەت باسی لەوەش كرد لە هەرێمی كوردستان چەند كۆمپانیایەك لەوانەش دانا غاز و گەنەڵ ئێنرجی توركی وەبەرهێنان دەكەن، لە گازی سروشتی هەرێم، بەڵام تا ئێستا حكومەت هیچ داتا و زانیارییەك لە بارەی كار و داهاتی گاز ئاشكرا ناكات.

لەبەشێكی تری لێدوانەكەیدا و لە بارەی بڕی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە لە ئێستادا، شێركۆ جەودەت راشیگەیاند "بەپێی زانیارییە وردبینی نەكراوەكانی حكوومەتی هەرێم كە بڵاویكردۆتەوە، بڕی هەناردەی نەوت بۆ دەرەوە زیاترە لە 400 هەزار بەرمیلە لە رۆژێكدا و لە رێگەی بۆری و بەندەری جیهانەوە دەنێردرێتە دەرەوە".

ئەندامەكەی پەرلەمانی كوردستان باسی لەوەش كرد، سەرەڕای سەپاندنی گەمارۆ ئابوورییەكانی ئەمریكا لەسەر ئێران، بەڵام تا ئێستا مامەڵەی نەوت و بەرهەمەكانی تری نەوت لە نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان بەردەوامی هەیە.

هـ ـ ح