هەولێر پۆلیسی سلێمانی بەرادەستنەكردنەوەی چەند كەسێك تۆمەتباردەكات

کوردستان

15/11/2018‌ 469 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بەرێوەبەری پۆلیسی هەولێر، پۆلیسی سلێمانی تۆمەتباركرد، بەوەی ئامادەنین چەند كەسێك رادەست بكەنەوە.

عەبدولخالق تەڵعەت راشیگەیاند، هیچ هەماهەنگییەك لەنێوان پۆلیسی هەولێرو سلێمانی نییە، بۆیە ناتوانن كاری پێكەوەیی بكەن، كە ئەوەش گرفتی بۆ دروست كردوون.

هەروەها رایگەیاندووە، چەند كەسێك هەیە، كە تۆمەتبارن بەكەسی گوشتن، یان چەند تاوانێكیان ئەنجامداوە، بەڵام پۆلیسی سلێمانی ئامادەنین رادەستیان بكەن.

قسەكانی بەرێوەبەری پۆلیسی هەولێر ئەمڕۆ پێنج شەممە لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هات، كە لەبەرانبەردا پۆلیسی سلێمانی وەڵامی ئەو لێدوانەی بەڕوونكردنەوەیەكداوە

لەروونكردنەوەكەدا هاتووە، دوای تۆمەتباركردنی هێزە ئەمنییەكانی پۆلیسی سلێمانی بەداڵدەدانی تاوانباران لەلایەن بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێرەوە، وەك بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنین ئەگەر پۆلیسی هەولێر نووسراومان ئاراستە بكەن، هەر تۆمەتبارێكیان هەیە دەستگیری دەكەین‌و ڕادەستیان دەكەین .

هەروەها لەروونكردنەوەكە هاتووە، چەندین كەس هەن، كە تاوان لەشوێنێك ئەنجامدەدەن‌و ڕوو لەشوێنێكی دیكە دەكەن، بەڵام ئەگەر پۆلیسی هەولێرو لیوا عەبدولخالق تەڵعەت بەرێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر هەركەسێك داوادەكەن، كە تۆمەتبارەو لەسلێمانییە، ئەوا با نووسراومان ئاڕاستە بكەن دەستگیریان دەكەین‌و ڕادەستیان دەكەینەوە.

بەرێوەبەرایەتییەكە ئەوەشی راگەیاندووە، لەچەند ڕۆژی ڕابرودودا چەند هاووڵاتیەكی بەڕەگەز عەرەب، كە چەندین تاوانیان ئەنجامداوە لەشوێنی دیكە دەستگیرمان كردوونەتەوەو ڕادەستی شوێنەكانی خۆیانمان كردووەتەوە، جگەلەوەش دوو هاووڵاتی بەڕەگەز عەرەب ئۆتۆمبیلی جۆری لاندكرۆزیان پێبووە، كە تابلۆی ژمارە سلێمانی بووەو لەدیالە هێرشیان كردووەتە سەر هاووڵاتیانی شارەكە، ئێمە دوای ئەوەی زانیاریمان دەستكەوت، تاوانبارەكانمان دەستگیركردو ڕادەستمان كردوونەتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئەوەشی راگەیاندووە "هەمئاهەنگییەكی باشمان هەیە لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی پۆلیس لە هەرێمی كوردستان و خواروی عیراقیش ، بۆیە هەر تۆمەتبارێك فەرمانی دەستگیركردنی هەبێت و بگاتە دەست پۆلیسی سلێمانی ئەوا دەستبەجێ‌ لەلایەن هێزەكانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە بەدواچوونی تەواو دەكرێت و فەرمانی گرتنەكە جێبەجێدەكرێت و كەسی داواكراو ڕادەستی شوێنی داواكردنەكەی دەكرێتەوە".

هـ ـ ح