پارتی كاندیدبوونی نێچیرڤان بارزانی بۆ پێكهێنانی حكومەت بەفەرمی رادەگەیەنێت

کوردستان

15/11/2018‌ 1079 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموكراتی كوردستان كاندیدبوونی نێچیرڤان بارزانی بۆ پێكهێنانی حكومەت راگەیاندو هەفتەی داهاتووش كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ دەستپێدەكات.

عارف ڕوشدی راوێژكاری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكرات رایگەیاند، ھیچ ھۆكارێك نییە بۆ ئەوەی تا ئێستا گفتوگۆی پێكھێنانی حكومەتی نوێ دەستیپێنەكردووە، بۆیە "هەفتەی داهاتوو پارتی كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات، لەبەر ئەوەی بڕیار لەناو پارتی دەستەجەمعییەو شاندی خۆی دیاری دەكات بۆ سەردانیكردنی لایەنەكان‌و گفتوگۆی پێكھێنانی حكوومەتی نوێ دەستپێدەكات".

عارف روشدی راشیگەیاند، شاندی پارتی، كە كاندیدەكەی بۆ سەرۆكی حكومەت نێچیرڤان بارزانییە، ھەر خۆیشی سەردانی لایەنەكان دەكات‌و ئەوەی گرنگە بەرنامەی حكومەتە و لەگەڵ لایەنەكان لەسەر بەرنامەكە رێكبكەون و ھەمووانیش پێكەوە كار بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەت بكەن دوور لە مەرامی حیزبی و پێكەوە بتوانن ئەو شتانەی خەڵك گلەییان لێهەیە، راستی بكەنەوە.

ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی، هەروەها باسی لەوەش كرد، پارتی سەردانی ھەموو لایەنەكان دەكات و ئەوەی لەگەڵ بەرنامەی حكووەت بگونجێت، دەتوانێت بەشداری بكات، بۆیە ئەوەی بەشداری دەكات، پێویستە پابەندی جێبەجێكردنی بەرنامەی حكوومەت بێت.

پارتی لەهەڵبژاردنی 30 ئەیلوولی رابردوو 45 كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا، كە بەنیازە لەگەڵ چەند لایەنێكی تر حكومەتی نوێ‌ پێكبهێنێت، چونكە ئەو لایەنە خۆی بەتەنیا ناتوانێت كابینەكە دروست بكات.

هـ ـ ح