دژەکانی برێگزت... ژمارەیەک لە وەزیر و کاربەدەستانی کابینەکەی تێریزا مەی دەستیان لە کارکێشایەوە

جیهان

15/11/2018‌ 736 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سێ وەزیری کابینەکەی ترێزا مەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر ڕێککەوتنی برێگزت، نێوان بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا دەستیان لە کار کێشایەوە.

بەیانی ئەمڕۆ، پێنج‌شەممە دومنیک ڕاب، وەزیری برێگزت-ی بەریتانیا بۆ نیشاندانی ناڕەزایەتی بەرامبەر رێککەوتنی برێگزت دەستی لە کار کشایەوە و پێشتریش جێگری وەزیری کاروباری ئیرلاندی باکور، لەسەر ئەو بابەتە دەستی لە کار کشابووەوە، هەروەها ئەمڕۆش ئستر مەک وی، وەزیری کار و کاروباری خانەنشینەکان نامەی دەست لەکار کشانەوەی پێشکەشی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کرد.

ئەوەش دوای ئەوە دێت کە دوێنێ ترێزا مەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دانیشتنێکی لەگەڵ ئەندامانی کابینەکەی بەڕێوەبرد و لەو دانیشتنە داوای لە وەزیرەکانی کردبوو پشتگیری لە ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا بکەن، دانیشتنەکە چەند کاتژمێرێک زیاتر لەوەی ڕاگەیەندرابوو درێژەی کێشا و لە ئەنجامدا ترێزا مەی ڕایگەیاند، کە ئەندامانی دەستەی دەوڵەت، پشتگیری ڕەشنووسەکەی ئەو دەکەن بۆ ڕێککەوتنی برێگزیت، مەی، ئەو پشتگیرییەی بە هەنگاوێکی گرنگ نرخاند بۆ دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا.

چەند کاتژمێرێک دوای ڕاگەیاندنی پشتگیری کابینەکە، شایلش وارا، جێگری وەزیری کاروباری ئایرلاندای باکور دەستی لە کار کێشایەوە، دواتر دومنیک ڕاب وەزیری برێگزیت-ی بەریتانیا بۆ ناڕەزایەتی دەربڕینی بەرامبەر ڕێککەوتنی برێگزیت دەستی لە کار کێشایەوە، ئستر مەک وی، وەزیری کار و کاروباری خانەنشینەکان نامەی دەست لەکار کشانەوەی پێشکەشی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کرد، هەروەها سوئیلا برویرمەن، جێگری وەزیری برێگزیت و چەند کاربەدەستێکی دیکەی دەوڵەت دەستیان لە کارەکانیان کشایەوە.

بڕیار وایە رێککەوتنەکە لە قوناغی دیکە بۆ ڕاوێژ و دەنگدان ئاراستەی ئەنجومەنی گشتی بکرێت، سەرەڕای ئەوەی زۆرێک لە ئەندامانی مۆحافزکار ڕایانگەیاندووە، کە ناتوانن پشتگیری ئەو ڕێککەوتنە بکەن.

برگزیت واتا چوونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا، لە ساڵی ٢٠١٦ لە گشتپرسییەک، کە لە بەریتانیا ئەنجامدرا، بڕیاری دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا درا، حکومەتی بەریتانیا ڕایگەیاند لە ٢٩ی ئازاری ٢٠١٧ بە فەرمی دەرچوونی لە یەکێتی ئەوروپا دەستپێدەکات و لە ڕێکەوتی ٣١ی ئازاری ٢٠١٩ بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا دەکشێتەوە. 
هـ ـ ر