ئەمریکا سزایەکی نوێ ئاڕاستەی دەوڵەتە شاهانەیەکی سەلمان کرد

جیهان

15/11/2018‌ 1314 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا بەھۆی  کوشتنی خاشقچییەوە سزای بەسەر ١٧ کەسی سعودیدا سەپاند.


رۆژی پێنجهشەممە وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ناوی ١٧ کەسی بڵاوکردووەتەوە کە سزادراون لەنێویاندا سعود قەحتانی ڕاوێژکاری پێشووی محەمەد بن سەلمان و  محەمەد عتەیبی کونسوڵی سعودی لە تورکیای تێدایە.


سزاکەش بەپێی یاسای "ماگنیتسکی" دراوە کە ناوەڕۆکەکەی دژ بەو کەسانەیە کە مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکەن.


ئەمەش لە دوای ئەوە ھات ئەمڕۆ سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی سعودیە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وردەکاریی دۆسیەی کوشتنی جەمال خاشقچی بڵاوکردەوە و داوادەکات پێنج لەو کەسانەی کە ڕاستەوخۆ دەستیان لە کوشتنی خاشقچی ھەبووە بکوژرێنەوە و ئەوانەی تریش سزای توند بدرێن.


داواکاری گشتیی سعودیە ئەوەشی ئاشکراکرد، کاری ئەو گروپە ئەمنییەی سعودیە کە چوونەتە تورکیا ھێنانەوەی خاشقچی بووە بۆ سعودیە نەک کوشتنی و بڕیاری ھێنانەوەی خاشقچی بە زۆر بێت یان بە خۆشی لەلایەن جێگری پێشووی سەرۆکی ھەواڵگریی سعودییەوە بووە.


هـ ـ ر