لایەنەكان دەست بەگفتوگۆ دەكەن
هەفتەیەكی پڕ لەكۆبوونەوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌

کوردستان

16/11/2018‌ 3142 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەفتەیەكی پڕ لەكۆبوونەوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ لەپێش لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانە، كە لایەنەكان گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەتەكە دەكەن.

بەپێی زانیارییەكان گفتوگۆكان لەهەفتەی داهاتووەوە دەستپێدەكات، كە شاندی پارتی سەردانی لایەنەكان دەكات‌و وێستگەی یەكەمی شاندی پارتیش كۆبوونەوە لەگەڵ شاندی یەكێتی نیشتمانی دەبێت.

هەر بەپێی زانیارییەكان، پارتی دوای یەكێتی لەگەڵ لایەنەكانی تریش كۆدەبێتەوە، كە ئامانج لەكۆبوونەوەكان گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ دەبێت، كە رەنگە لایەنەكان زیاتر لەكۆبوونەوەیەك ئەنجامبدەن.

عارف ڕوشدی راوێژكاری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكرات رایگەیاند، ھیچ ھۆكارێك نییە بۆ ئەوەی تا ئێستا گفتوگۆی پێكھێنانی حكومەتی نوێ دەستیپێنەكردووە، بۆیە "هەفتەی داهاتوو پارتی كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات، لەبەر ئەوەی بڕیار لەناو پارتی دەستەجەمعییەو شاندی خۆی دیاری دەكات بۆ سەردانیكردنی لایەنەكان‌و گفتوگۆی پێكھێنانی حكومەتی نوێ دەستپێدەكات".

عارف روشدی راشیگەیاند، شاندی پارتی، كە كاندیدەكەی بۆ سەرۆكی حكومەت نێچیرڤان بارزانییە، ھەر خۆیشی سەردانی لایەنەكان دەكات‌و ئەوەی گرنگە بەرنامەی حكومەتە و لەگەڵ لایەنەكان لەسەر بەرنامەكە رێكبكەون و ھەمووانیش پێكەوە كار بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەت بكەن دوور لە مەرامی حیزبی و پێكەوە بتوانن ئەو شتانەی خەڵك گلەییان لێهەیە، راستی بكەنەوە.

ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی، هەروەها باسی لەوەش كرد، پارتی سەردانی ھەموو لایەنەكان دەكات و ئەوەی لەگەڵ بەرنامەی حكووەت بگونجێت، دەتوانێت بەشداری بكات، بۆیە ئەوەی بەشداری دەكات، پێویستە پابەندی جێبەجێكردنی بەرنامەی حكوومەت بێت.

پارتی لەهەڵبژاردنی 30 ئەیلوولی رابردوو 45 كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا، كە بەنیازە لەگەڵ چەند لایەنێكی تر حكومەتی نوێ‌ پێكبهێنێت، چونكە ئەو لایەنە خۆی بەتەنیا ناتوانێت كابینەكە دروست بكات.

هـ ـ ح