بژاردەكانی واشنتۆن بۆ دەستەبەركردنی سەقامگیری لەڕۆژهەڵاتی فوڕات

کوردستان

16/11/2018‌ 5498 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: لوقمان حاجی قادر
زۆرینەی شڕۆڤەكان سەبارەت بەپرۆگرامەكانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بەتەرخانكردنی خەڵاتی بەرەنگاربوونەوەی "تیرۆر"، كە 12 ملیۆن دۆلارە بۆ دەستخستنی زانیاری لەسەر سێ سەركردە دیارەكەی "پارتی كرێكارانی كوردستان"بەوە لێكدەدەنەوە، كە واشنتۆن دڵی "توركیا"ی هاوپەیمانە ستراتیژییەكەی پێدەداتەوە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، بە تایبەتیش لە دوای هەڵكشانی هەڕەشەكانی ئەم دواییەی توركیا بە ئەنجامدانی كردەیەكی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی فوڕات، كە لەژێر ڕكێفی هێزەكانی سوریای دیموكراتدایە لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعشپشتیوانی لێدەكرێت.

لە بەرانبەردا توركیا زووبەزوو وەڵامێكی ساردوسڕیئەو هەنگاوهی‌ ئەمریكای دایەوە ، داواشی لێكرد بەخێرایی هەنگاوەی جەنگانی كردەیی دژ بە "پارتی كرێكارانی كوردستان"و باڵەكانی بگرێتەبەر.

بۆ چاودێرێكی دۆخی سوریا و ململانێی بەرژەوەندییەكانی دەوڵەتە داگیركەرەكانی سوریا - كە خۆیان بە ڕزگاركەری سوریا دەزانن -  شاراوە نییە كە توندی ململانێی نێوان توركیا و ووڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا گەیشتۆتە خاڵی یەكلاییكردنەوە ، واشنتۆن بە پشتیوانی لە"یەكینەكانی پاراستنی گەل"ناوچەیەكی گرنگ و ستراتیژی دەستكەوتووە كە بە پشتیوانی لە لایەنە بەرهەڵستكارەكانی دیكەی سوریا دەستی نەكەوتبوو ، لە بەرامبەریشدا ئەمریكا كەوتە ململانێ‌ لەگەڵ توركیای هاوپەیمانی ، بە تایبەتیش كە توركیا "یەكینەكانی پاراستنی گەل"بە ڕێكخراوێكی تیرۆرستی ناوزەد دەكات بەو پێیەی پێیوایە درێژكراوەی پارتی كرێكارانی كوردستانە.

لەماوەی ساڵانی پشتیوانی ئەمریكا لە 2014 وە بۆ "یەكینەكانی پاراستنی گەل" لە دوا جەنگاكانی دژ بە داعش لە كۆبانێ ، واشنتۆن توانی سیاسەتێكی هاوسەنگ لە نێوان بەرژەوەندییەكانی لە قوڵای سوریا لەگەڵ "یەكیەنەكانی پاراستنی گەل" لە لایەك و لە  لەسەر ئاستی ناوچەكەش لەگەڵ "توركیا" پیادە بكات ، سەرباری مكوڕبوونی هەمیشەیی توركیا لە ڕەتكردنەوەی پەیوەندی نێوان "ئیدارەی خۆبەرێوەبەری" و واشنتۆن ، كەچی بەتێپەربوونی كات پێویست بوو لەسەر ئەمریكا سیاسەتەكانی لە سوریا بگۆڕێت تاوە‌كو ناوچەی هەژموونی خۆی بپارێزێت ، چونكە باش ئاگای لە جموجۆلەكانی ڕوسیا بوو كە هەمیشە لە كەمین دایە دەستبەسەر ناوچەی هەژموونی ئێستای ئەمریكادا بگرێت لە سوریا ، بۆیە پێویستی بەوەش‌ هەبوو هاوپەیمانە توركییەكەی لەدەست نەدات كە ڕوسیا توانی بەلای خۆیدا ڕایكێشێت ، لەمەشەوە واشنتۆن لە هەوڵی ئەوەدا بوو دۆخێكی گونجاو لە سوریا بۆخۆی دەستەبەر بكات ، هەروەك چۆن توركیا ئەو دۆخە لەبارەی  لەناو لایەنە بەرهەڵستكارەكانی دیكەی سوریا دروستكردووە.

ئەمریكا دەزانی گرفتی توركیا "یەكینەكانی پاراستنی گەل" نییە ، بەڵكو ڕەگی كێشەكە ململانێی نێوان توركیا و كوردە ، ململانێی نێوان "پارتی كرێكارانی كوردستان" و حكومەتە یەك لەوای یەكەكانی توركیایە كە لە هەشتاكانی سەدەی ڕابردووەوە‌ دەستیپێكردووە  ، بۆیە دوو بژاردە لەبەردەم واشنتۆندا هەیە : یەكەمیان لەوانەیە بۆ ماوەیەكی كورت بارگرژییەكە كەمكاتەوە وەك كەمردنەوەی ڕواڵەتەكانی بوونی پارتی كرێكارانی كوردستان لە سوریا چ بە كەمكردنەوەی سیمبول و ئاڵا هەڵكراوەكانی كە ئەنقەڕە بە نیشانەی بوونی ئەو حزبەیان دەزانی ، دووەمیشیان بەدابڕینی ڕاستەقینەی هێزەكانی سوریای دیموكراتی و هێنانی هێزی دیكە بۆ ‌سەر گۆڕەپانی سیاسی كە پەیوەستبوونی هزری و ڕێكخراوەیی لەگەڵ "پارتی كرێكارانی كوردستان" نەبێت ، دیارترین ئەو هێزە جێگرە‌ش ئەنجومەنی نیشتمانی كوردی سوریان كە نەیاری یەپەگە و دژ بە "هێزەكانی سوریای دیموكرات)) و هاوپەیمانی بەرهەڵستكارانی سوریای دۆستی توركیان و لە لایەن هەرێمی كوردستانیش پشتیوانی دەكرێن ، ئەمە جگە لەوەی دەكرێت  لە كاتی ئێستادا هێزێ وەك ئاشووری و عەرەبی بەرهەڵستكار بهێنێته ‌ناو ڕیزەكانی ئیدارەی خۆبەڕیوەبەرییەوە لە هەرێمی ڕۆژهەڵاتی فوڕات كە واشنتۆن كار بۆ پێكهینانی دەكات. 

ڕەنگە ئەو ئەركە سوك و ئاسان بێت بۆ واشنتۆن ، بەتایبەتیش كە بژاردەكانی بەردەم "یەكیەتی دیموكراسی سوریا" كەم و سنوردارن ، چونكە یان دەبێت مل بۆ داواكارییەكانی ڕژێمی سوریا بدەن ، بەمەش زۆرینەی زێدەمافی دەسەڵاتەكانی خۆی لەدەست دەدات لە ناوچەكەدا ، ئەمە جگە لەوەی توانستی ئەوەیان نییە بەرگەی كاردانەوەی واشنتۆن بگرن لە ئەگەری چونە پاڵ دیمەشق بێ هەماهەنگكاری لەگەڵ واشنتۆن ، یاخود بچنە ناو ڕووبەڕوبوونەوەیەكی سەربازی كراوە لەگەڵ ئەنقەرەدا كە ئەمە سەركێشییەكە ڕەنگە چارەنووسی ناوچەكەیان وەك عەفرێن لێبكات ، یاخود دەبێت بیرۆكەكانی ئەمریكا قبوڵ بكەن و بەرژەوەندییە چارەنووسسازەكانی واشنتۆن لەبەرچاوبگرن.

چارەسەرێكی دیكەش هەیە لەوانەیە واشنتۆن پەنای بۆ بەرێت ، ئەویش بڕینی ڕەگی گرفتەكانە بە دەستپێكردنەوەی دانوستان و گفتوگۆی ئاشتییانەی نێوان توركیا و "پارتی كرێكارانی كوردستان" كە چەندەها ساڵە پەكی كەوتووە ، بە گوێرەی ئەو بارگرژییەی ئێستا لەنێوان هەردوولادا هەیە ڕەنگە ئەم كارە سەخت بێت ، بەڵام لە سیاسەتدا هیچ شتێك مەحاڵ نییە و هەڵوێستەكانیش بەگوێرەی بەرژەوەندییەكان دەگۆڕێت ، بۆیە ئەگەری ئەوەیە هەیە واشنتۆن خۆی بكاتە نێوانبەری هەردووكیان لە پڕۆسەیەكی لەمجۆرەدا كە شوێنكاری ئایندەیی لەسەر ناوچەكە بەجێدێڵیت و خزمەتیش بە سەقامگیری ناوچەكە و هەر‌یەك لە سوریا و توركیا دەكات. 

توركیاش بە تایبەتی "ڕەجەب تەیب ئەرۆدۆگان"كە توانی لەو هەڵبژاردنەی دوایدا ببێتە پیاوی یەكەمی توركیا ، جڵەوی فەرمانڕەوایی ووڵاتەی بەدەستەوەیە ، بۆ ئەویش باشە ئەو بارەی گرانەی لەكۆڵ بێتەوە كە چەندەها "دەیه" ‌یە بەردەوامە ، ئەمەشی له ‌بەر‌ژوەندی ئەنقەرە دەشكێتەوە ، چونكە بەڵگەنەویستە كە كێشەی كورد لە توركیا بەچەك چارەسەر ناكرێت ، چارەسەری سەربازیش نەزۆك دەرچوو لەوەی سەقامگیری بۆ ووڵات دەستەبەر بكات ، لە چاودێرانی دۆخی توركیاش شاراوە نییە كە بارگرژیەكانی نێوان ئەنقەرە و "پارتی كرێكارانی كوردستان" لەو كاتە گەیشتە چڵەپۆپەی خۆی كە هاوپەیمانییەك لە نێوان جوڵانەوەی نەتەوەپەرستی تورك - كە لە سەرەتاوە پڕۆسەی ئاشتی ڕەتدەكردە - لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێداندا پێكهات ، ئەو هاوپەیمانییەی لەم ڕۆژگارەدا وا پێدەچێت بەرەو هەڵوەشانە بڕوات ، بەتایبەتیش دوای ئەوەی ئەردۆگان ڕەتیكردووە پێشنیاری لێبووردنی گشتی پەسەند بكات كە "پارتی جوڵانەوەی نەتەوەپەرست" پێشنیاری كردبوو ، ئەمە سەرباری ئەوەی كە "پارتی داد و گەشەپێدان" نایەوێت دەستبەرداری دەنگی دەنگدەرە كوردەكانی بێت لە هەڵبژاردنەكاندا.

پوختەی قسە ئەوەیە ئەمریكا ناتوانێت دەستەبەری سەقامگیری ناوچەی هەژموونی ستراتیژی خۆی بێت لە باكوری ڕۆژهەلاتی سوریا بێ سازانكاری لەگەڵ توركیادا كە‌ هاوپەیمانی ستراتیژییەتی ، ناشتوانی لەگەڵ هاوپەیمانە ستراتیژییەكەیدا بسازێت بێ ئەوەی چارەسەرێك بۆ پرسی كورد لە سوریا بدۆزێتەوە كە دەستەبەری سەقامگیرییەكی نامسۆگەر دەكات بۆ ناوچەی هەژموونی خۆی ، یاخود كار لەسەر چارەسەری پرسی كورد لە توركیا و سوریا بكات ، بەمەش دەستەبەری سەقامگیرییەكی دوورودرێژ بۆ هاوپەیمانەكەی و ناوچەكانی هەژموونی خۆی دەكات .