چارەنووسی بەرهەم ساڵح لەنێوان "رق‌و ترسی" سەركردەكانی پارتی‌و یەكێتی

عیراق

16/11/2018‌ 12077 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: شیكاری
پشتیوانییە بەردەوامەكانی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی، ئەگەر بەدیوێكا دەرگا كردنەوە بووبێت بۆ سەركەوتنی بەرهەم ساڵح، ئەوا بەدیوەكەی تریدا كردنەوەی پەنجەرەیەكیش بوو  بۆ دروستبوونی رقێكی هەمیشەیی جەنگاوەرە دێرینەكان لێی. 

لەسەردەمی نەخۆشكەوتنی تاڵەبانی تا ئەوكاتەی بەرهەم ساڵح لەسەر كورسی سەرۆككۆماری دانیشت، بەشێكی دیارو دسترۆیشتووی حیزبەكەی، كاریان لەسەر ئەو رقە كردو دەستی یارو نەیاریان گوشی، تا لەچاڵنانی سیاسی بەرهەم بكەنە ئەمری واقیع و لەگۆرنانی خەونەكانی بەرهەم ساڵح و كوژانەوەی ئەستێرەی داهاتووی بكەنە رابردوویەكی شكستخواردووی تاڵ. 

غیابی تاڵەبانی فرسەتێكی باشی بەوانەدا، كە كاریان لەسەر ئەو رقە دەكرد، بەڵام فرسەتێكی باشیش بوو بۆ پارتی دیموكرات لەدژی یەكێتی یاری بەوكارتە بكات.
 
ساڵی 2014 كاتێك پرسی سەرۆككۆماری هاتە پێشەوە، فواد مەعسوم، كە بەیەكێك لەسەركردە دێرینەكنی یەكێتی دەزانرێت و لەبەغدا حزوری بەردەوامی لەگەڵ تاڵەبانی هەبوو، لەنامەیەكیدا بۆ مەكتەب سیاسی حیزبەكەی بۆ پركردنەوەی پۆستی سەرۆككۆمار، ناوی بەرهەم ساڵح دەهێنێت و بە "شایستەترین" كەسایەتی دەزانێت بۆ ئەو پۆستە، ئەوكاتە ئەو بێ ئاگا بوو لەوەی، كە خۆی یەكێك دەبێت لەكاندیدەكان بۆ ئەو پۆستە، بۆیە كاتێك ناوی خۆیی هێنرا، دەستی نەنا بەرووی پێشنیارەكەوەو لەگەڵ بەرهەم كەوتە گەمەیەكەوەـ كە پێشتر یەكێتی و پارتی نەخشەی تەواویان بۆ كێشابوو، تا لەكۆتایدا بە پێچەوانەی چاوەروانی زۆرینەی خەڵكەوە فواد مەعسوم لەجێگەی تاڵەبانی پۆستەكەی وەرگرت.

نەخشەكە چی بوو؟
رێككەوتنێكی نهێنی لەنێوان باڵی دەسترۆیشتووی یەكێتی و پارتی لەسەر ئەوە كرابوو، بەرهەم ساڵح دوربخرێتەوە لەو پۆستە بۆ ئەو مەبەستەش، پەرلەمانتارەكانی یەكێتی‌و پارتی-یان ئاگادار كردبووەوە، كە لەهەڵبژاردنی نێوان، بەرهەم ساڵح و فواد مەعسوم دەنگ بدرێت بەفواد مەعسوم، ئەم هەڵبژاردنە، كە لەنێوان فراكسیۆنە كوردییەكان ئەنجامدرا، لایەنەكانی تری ئۆپۆزیسۆنیش، كە بەشدار بوون، تارادەیەك لەنەخشەكە ئاگاداركرابوونەوە، تەنیا كەسێك لەگەمەكەدا كە تەواو بێ‌ ئاگا بوو  لەنەخشەكە، یاریكەرە سەرەكییە بوو، كە ئەویش بەرهەم ساڵح بوو، ئەمەش بەهۆی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی، كە پێش چەند دەقیقەیەك لەنێوان بەرهەم ساڵح و بارزانی روودەدات و بەرهەم ساڵح دڵنیادەكرێتەوە، كە گەمەیەك لەپشتی هەڵبژاردنەكەوە نییە.

رق یان ترس، كامیان رێگر بوون لەبەر دەم بەرهەم ساڵح
ئەگەر دیوێكی رێگرییەكان رق بوو بێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە دیوەكەی تری ترسێكی سیاسی بوو لەكارەكتەری بەرهەم ساڵح، پارتی كاری لەسەر رقەكەی ناو یەكێتی دەكرد، بەڵام ئامانجی دژایەتییەكەی ترسە سیاسییەكە بوو نەك رق، پارتی بەهۆی ئەوەی توانای خوێندنەوەی ئایندەی زیاتری لەیەكێتی هەیە، گرەو لەسەر نابوتكردنی رۆڵی سەركردەكانی یەكێتی دەكەن، یەكێتیش بەهۆی پشێوییەكانی ناوخۆیەوە توانای دروستكردنی سەركردەی كەمە و ئەوەی لەبیست ساڵی رابردوودا دەبینیریت، تەنیا كۆمەڵێك دەموچاوی دوبارەن بە پۆستی جیاوازەوە. 

بەرهەم ساڵح لەناو سەركردەكانی یەكێتی، هەرچەندە وەك خۆیان دەڵێن خەباتی شاخی نییە، بەڵام كەسایەتییەكی دیارو دەركەوتووی دبلۆماسی یەكێتییە، بۆیە ساڵی 2014  بەردی بناغەی نەخشەی دورخستنەوەی لەسەر ئامانجێكی هاوبەشی بینا كرا، كە ئەویش رق و ترس بوو.
 
بەرهەم ساڵح و شەریكەكانی پێش بوون بەسەرۆككۆمار
ئێوارەی رۆژی 2/ 10 تا نیوسەعات پێش لەدەنگدانی پەرلەمانتاران بۆ هەڵبژاردنی یەكێك كاندیدەكان بۆ سەرۆككۆمار، كە یەكێكیان بەرهەم ساڵح بوو، پارتی و بەشێك لەیەكێتییەكان لەهەوڵی ئەوەدا بوون، نەخشەو پیلانەكەی ساڵی 2014 بە جۆرێكی تر دووبارە بكرێتەوە و بەرهەم ساڵح لەگەمەكە ئاوت بكەن، هەندێك لەسەركردەكانی یەكێتی لە پشتەوە پەیوەندیان كردبوو بەلایەنەكانی شیعەو سوننە، پێیان راگەیاندبوون، كە بەرهەم ساڵح كاندیدی هەموو یەكێتی نییە، كەم نەبوون لەكەسایەتی سیاسی و چاودێران لایان وابوو تا دوا سات ئەگەری ئەوە هەیە یەكێتییەكان پاشەكشە لە كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح بكەن و بەمەش دوابزمار لە تابووتی مەرگی سیاسی بدەن، بەتایبەتی ئەوە زانرا یەكێك لە پێشنیارەكانی پارتی ئەوە بوو جگە لە بەرهەم ساڵح هەركەسێكی تر كاندید دەكەن پارتی رازی دەبێت، بۆیە هەندێك لەدۆستە ناوخۆیی و بیانییەكانیش، كە تا ئەوكاتە لەپشتییەوە وەستابوون، دەستیان لەبەرانبەر گوشارو ئیمتیازەكانی پارتی شل بوو، بەڵام بەشێكی تریشیان، كە دڵنیایی پەرلەمانتارە عەرەبەكانیان پێگەیشتبوو، سورتربوون لەسەر ئەوەی پاشەكشە نەكەن و بەردەكە هەڵدەنە ناو حەوشەی پەرلەمانەوە و لەوی كێشەكە یەكلابكرێتەوە، چونكە ئەوان دەیانزانی دواتر گۆمەكە بەقازانجی ساڵح و یەكێتی دەشڵەقێت. 

دواتر دەركەوت بۆچوەنەكەیان راست دەرچوو، جیاوازی دەنگەكان لەنێوان كاندیدەكاندا زۆر بوو، بەتایبەتی لەخولی دووەمی دەنگدان كاندیدەكەی پارتی بەحاڵێكی خراپەوە پەرلەمانی بەجێهێشت، لەبەرانبەریشدا پارتی هەرەشەی بەشدارینەكردنی پرۆسەی سیاسی راگەیاند و هەرەشەی ئەوەی كرد پەیوەندی نێوان یەكێتی ‌و پارتی دەچێتە قۆناغێكی ترەوە، بەڵام هەرزوو لەو بریارەی پاشگەزبووەو ئەویش وەك كێتییە نەیارەكان لایەنی رقیشی بۆ ترسەكانی لەسەر بەرهەم ساڵح زیاد كردو وتیان رێگەی نادەین بێتە هەولێر.

پارتی بۆچی بەزوویی لە هەرەشەكانی پاشگەز بووەوە؟
لەدوای ئەنجامدانی ریفراندۆمەوە، پارتی تووشی كەنارگیری سیاسی بوو، ئەگەر لەسەر ئەنجامانی هەرەشەكانی بەردەوام بوایەو بەشداری پرۆسەی سیاسی لەعێراقدا نەكردایە، ئەگەری ئەوە هەبوو قەوارەی هەرێمی كوردستان و تەواوی دەسەڵاتەكانی بخستایەتە مەترسییەكی گەورەوە ئەوەش لەبەر دوو هۆ: یەكەم/ تازە پەرلەمانی عێراق دەنگیان بە سەرۆككۆمار داوەو هیچ لەو مەسەلەیە ناگۆرێت، بەپێچەوانەوە پێگەی یەكێتی بەهێزتر دەبوو، چونكە یەكێتی لەنێوان بەغدا و هەولێر، ئەوكاتە ئەگەری ئەوە هەبوو بەغدا هەڵببژێرێت، وەك ئەوەی لە 16 ئۆكتۆبەر روویدا. دووەم/ بەرهەم ساڵح وەك كارئەكتەرێكی بەهێزی كوردو عێراقی، كە پێگەی سەرۆككۆماری هەیە، تواناكانی دەخاتە گەر تاكۆی پرسی كورد لەدەست پارتی دەربهێنێت‌و ناوەندی یەكلایكردنەوەی پرسی كورد لەهەولێرەوە بگوێزێتەوە سلێمانی و بەغدا، وەك ئەوەی لەسەردەمی تاڵە بانیدا بوونی هەبوو.

هەرچۆنێك بێت پارتی كارێكی زیرەكانەی كرد و لە هەرەشەكانی دژی عێراق پاشەكشەی كرد، بەڵام ئەوەی كە تا ئێستا بەردەوامە، رەتكردنەوەی شێوازی وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆمارە، بۆیە بەدوای دەریچەیەكدا دەگەرێت تا پەیوەندییەكانی لەسەر ئەو پرسەش ئاسایی بكاتەوە، بەڵام رەنگە ئەوەی هەڵگرتبێت بۆ دوای هەڵگرتنی هەنگاونانی تەواوكردنی حكومەتی بەغدا و هەولێر. 

جوڵەكانی سەرۆككۆمار لە ترسەوە بۆ مەترسی
هەڵبژاردنی 12/5 بۆ پەرلەمانی عێراق، كە ( هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و داپەروەی) نزیكەی 150 هەزار دەنگی بۆحساب كراو و تەنیا دوو كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا، ئەوەش بەرهەم ساڵحی تووشی نائومێدیەكی زۆر كرد، بەتایبەت هەوڵەكانی بەئەنجام نەگەیشت بۆ گەرانەوەی دەنگی راستەقینەی قەوارەكەی كە بە دوو ئەوەندە مەزەندە دەكرا. 

ئێرانی و ئەمریكاییەكان، كە بەردەوام لەنێوان لایەنەكان لەسەر خەت بوون، ئامۆژگاری ئەوەیان كرد، كە چیتر خۆی ماندو نەكات، چونكە ئەوان ئارامی عێراقیان لاگرنگترە لەهەموو شتێكی تر، ئەمە لەگەڵ ئەوەی هەموو هەوڵەكانی لەگەڵ لایەنەكانی ئۆپۆزیسۆن بەبنبەست گەیشت و لەهەردوو هەڵبژاردنەكەدا نەیانتوانی كاری هاوبەش ئەنجام بدەن و پێكەوە بوونیان پێكەوە بوونێكی شەرمنانەی لاواز بوو.

گەرانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی گورزێكی كوشندە بوو لەپێگەی سیاسی و جەماوەری لەكوردستان و ئاستی خۆشەویستی لە ناو خەڵكدا هێنایە سەر زەوی، تەنانەت هەندێك لەئەندامانی حیزبەكەی خۆشی هەوڵی دروستكردنی رێگریان دەكرد، تا لەگەرانەوەكەی سەركەوتوو نەبێت، بەڵام ئەمە بۆ تەواوی عێراق و پێگەی سیاسی نێودەوڵەتی گرنگییەكی نەبوو، بەپێچەوانەوە، دوستەبیانیەكانی ئامۆژگاری ئەوەیان دەكرد، پرۆسەكە بەسەركەوتن بگەیەنێت و پەكی نەخات، بۆیە سەردانەكانی ئەم دواییانەی بۆ وڵاتانی كەنداو و ئەردەن، شێوازی پێشوازیكردنی، جوڵەكانی لەبەغدا و رۆڵی لە رێكخستن و نزیكردنەوەی لایەنە عێراقییەكان، وێنەیەكی تەواو جیاواز لەوەی كوردستان نیشان دا، ئەمەش جارێكی تر وادەكات نەیارەكانی لەكوردستان رق و ترسەكەیان تێكەڵ بكەن و بەو ئەنجامە بگەن، كە ئەوە مەترسییەكی یەقینی راستەقینەیە نەك تەنیا ترسێكی لاوەكی و رقێكی ململانێی حزبی.