تاڕادەیەك لەبەشداریكردن یەكلابووەتەوە
سەركردایەتی گۆڕان گوێ‌ بەفشارە ناوخۆییەكان بۆ بەشداری لەحكومەت نادات

کوردستان

16/11/2018‌ 3629 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەركردایەتی بزووتنەوەی گۆڕان لەپرسی بەشداریكردن لەحكومەت تارادەیەك یەكلابووەتەوەو گوێ‌ بەفشارە ناوخۆییەكانیش بۆ بەشداری لەكابینەی داهاتووی حكومەت نادات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس كەوتووە، لەئەنجامی ئەو راپرسییەی لەناوخۆی گۆڕان كراوە، زۆربەی ئۆرگانەكانی بزووتنەوەكە لەگەڵ بەشداریكردن لەگەڵ حكومەت بوون، جگە لە ئۆرگانەكانی رەوەندی كوردی لەدەرەوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان بەهۆی ئەنجامی ئەرێنی پرسی بەشداریكردن لەكابینەی داهاتوو، سەركردایەتی گۆڕان تاڕادەیەك لەبەشداریكردن یەكلابووەتەوەو بڕیاری كۆتاییش لەلای جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەكە دەبێت.

سەرەڕای دەنگی بەڵێی زۆربەی ئۆرگانە فەرمییەكانی گۆڕان بۆ بەشداری لەحكومەتی نوێ‌، دەنگێكی زۆری ناڕازی هەیە لەناو گۆڕان بۆ ئەوەی بەشداری لەحكومەت نەكەن، بەتایبەتی لەسەر ئاستی جەماوەری بزووتنەوەكەو بۆ ئەو مەبەستەش فشارێكی زۆر هەیە.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە سەركردایەتی گۆڕن بڕیاری وەهایە گوێ‌ بەو فشارە ناوخۆییانە نەدات‌و بڕیاری بەشداری لەكابینەی داهاتوو بدات‌و بۆ ئەو مەبەستەش بەم نزیكانە دەست بەگفتوگۆ لەگەڵ پارتی دیموكرات دەكات.

گۆڕان لەكابینەی رابردوو بە 24 كورسییەوە بەشداری لەحكومەت كردو ئێستاش 12 كورسی پەرلەمانی هەیەو بەنیازە بەشداری بكات، بۆ ئەوەی چەند پۆستێك لەكابینەی داهاتوو وەربگرێت.