شارپرێس:
ململانێی باڵەكانی یەكێتی نیشتمانی بۆ وەرگرتنی پۆستەكانی هەرێمی كوردستان چڕدەبێـتەوە، كە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان چەقی ململانێكەیە.
هەرچەندە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستانو دیاریكردنی دەستەی سەرۆكی پەرلەمان دەستیپێنەكردووە، بەڵام لەناو ماڵی یەكێتی ململانێیەكی توند دروستبووە بۆ وەرگرتنی پۆستەكانی داهاتووی هەرێم.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دەست شارپرێس كەوتووە، لەئێستادا سەرەڕای دەستپێكردنی ململانێی ناوخۆییەكانی یەكێتی بۆ پۆستەكانی هەرێم، ململانێكان رۆژ بەرۆژ چڕدەبنەوە.
هەر بەپێی زانیارییەكان ململانێكانی ناوخۆی یەكێتی لەسەر پۆستی یەكێتی پەرلەمانە، كە باڵە جیاوازەكانی یەكێتی هەوڵی ئەوە دەدەن، كاندیدەكانی خۆیان پۆستەكان وەربگرێت.
پێشتر شارپرێس ئاشكرایكرد، هەریەكە لەبێگەرد تاڵەبانیو رێواز فایەق، ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی كاندیدن پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرن، ئەگەر بێتو ئەو پۆستە بۆ ئەو حیزبە یەكلاببێتەوە.
شارپرێس ئەوەشی زانیوە، باڵی دەسترۆیشتووی یەكێتی، كە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد سەرۆكایەتی دەكات، پشتگیری بێگەرد تاڵەبانی دەكەن، لەبەرانبەر ئەوەدا باڵی كۆسرەت رەسوڵ پشتگیری رێواز فایەق دەكەن، بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرن.
جگە لەپۆستی سەرۆكی پەرلەمان چەند پۆستێكی تریش بەر یەكێتی نیشتمانی لەكابینەی هەشت دەكەوێت، كە بەشێكی تریش لەململانێكان لەسەر ئەو پۆستانەیەو رەنگە لەداهاتوو ململانێكان زیاتریش ببن.
هـ ـ ح