بەرپرسێکى ئەمریکى: سەرچاوە ماددییەکانی ئێران بۆ تێرۆریستان دەکەینە ئامانج

جیهان

16/11/2018‌ 304 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆکی گروپی کار دژی ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕایگەیاند "سەرچاوە ماددییەکانی ئێران بۆ پشتیوانی لە حەماس و حیزبوڵا دەکەینە ئامانج".

دوێنی برایان هۆک، سەرۆکی گروپی کار دژی ئێران، لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کە بە ئامانجی هەوڵدان بۆ ڕیگری لە هەڕەشەکانی ئێران سەردانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوینی کردووە، لە سەردانێکی بۆ ئیسرائیل لە ئوورشەلیم چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەنجامدا و لەو دیدارە وتی: سەرچاوە ماددییەکانی ئێران بۆ پشتیوانی لە حەماس و حیزبوڵای لوبنانی دەکەینە ئامانج.

برایان هۆک ئاماژەی بەوەشداوە "ئێستا کە گەمارۆکانی سەر ئێرانمان گەڕاندووەتەوە، لە هەوڵداین، کە هەموو ڕیگاکانی هاوکارى ماددی ئێران بۆ پشتیوانی حەماس و حیزبۆڵای لوبنانی و هەروەها پەڕەپێدانی بەرنامەی مووشەکی ئەو وڵاتە، کە بۆ هەڕەشە لەسەر ئاشتی بەکاری دەهێنێت، بکەینە ئامانج".

ئەو کاربەدەستەى ئەمریکا، ئاماژەی بەوەشداوە "ئەمریکا لەگەڵ هاوپەیمانەکانى بەردەوام دەبێت لە فشارەکانى بۆ سەر ئێران، بە ئامانجى گۆڕینی کرداری تێکدەرانەی ئێران لە ناوچەکەدا".
هـ ـ ر