ئەمریکا: بەهیچ شێوەیەک فەتحوڵا گولەن ڕادەستی تورکیا ناکرێت لەبەرامبەر دۆسیەی خاشقچی

جیهان

16/11/2018‌ 343 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕەتیکردەوە "واشنتۆن تاوتوێی ڕادەستکردنەوەی فەتحوڵا گولەن سەرۆکی بزوتنەوەی خزمەت بکات بە تورکیا، لە بەرامبەر ڕازیکردنی ئەنقەرە لە بابەتی دۆسیەی جەمال خاشقچیدا".

ئەمڕۆ هەینی هیزەر ناورت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ئەو هەواڵانە دوورن لە ڕاستییەوە و قسەیان لەگەل هاوکارەکانیان کردووە لە کۆشکی سپی، ڕوونیانکردووەتەوە بە هیچ شێوەیەک گفتوگۆ نەکراوە لەسەر بابەتی ڕادەستکردنی گولەن بە تورکیا".

هێزەر ناوێرت ئاماژەی بەوەش کرد "تا ئێستاش وەزارەتی دادی ئەمریکا تاوتوێی ئەو بەڵگانە دەکات کە تورکیا پێشکەشیکردووە، بۆ گێرانەوەی گولەن بۆ وڵاتەکەی کە تۆمەتباری دەکات بەوەی لە پشت کودەتاکەی هاوینی ساڵی ٢٠١٦وەیە، و ئەو دۆسیانە لە بەردەستی وەزارەتی دادی وڵاتەکەیدایە بە تەواوی".

ناوێرت سەبارەت بە سەپاندنی سزا بەسەر ئەو کەسانەی کە تێوەگلاون لە دۆسیەی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس جەمال خاشقچی لە کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە ئەستەنبوڵ، ئەوەشی وتوە "هیچ پەیوەندییە نییە لە نێوان ئەو دوو دۆسیەیەدا، چونکە ئێمە هەر لە بنەڕەتەوە کارمان لەسەر بابەتی سزاکان دەکرد، بۆیە شتێکی چاوەڕواننەکراو نییە"

هـ ـ ر