١٢٣ چالاکوان و رۆشنبیری رۆژهەڵاتى کوردستان و ئێران بڕیارەکەى ئەمریکایان بۆ داواکردنی سێ سەرکردەکەی پەکەکە ئیدانەکرد

کوردستان

16/11/2018‌ 580 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
١٢٣ هەڵسوڕاوی مەدەنی و کرێکاری و چالاکوانى سیاسی و رۆشنبیریى رۆژهەڵاتى کوردستان و ئێران راگەیاندراوێکی هاوبەشیان بۆ ئیدانەکردنى بڕیارەکەى لە دژی کادێرە پێشەنگەکانى پەکەکە بڵاوکردەوە.

ئیدانەکردنی بڕیارەکەی ئەمریکا لە دژی پێشەنگەکانى بزووتنەوەى ئازادیى کوردستان لە ناو راى گشتى و گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بەردەوامە. رۆشنبیران، سیاسەتمەداران، هەڵسوڕاوانى مەدەنی و سیاسیى رۆژهەڵاتى کوردستان و ئێران بڕیارەکەى ئەمریکا بە بەردەوامیى پیلانگێڕی لەدژی تێکۆشانى رەواى گەلی کورد دەزانن و رایانگەیاندووە، ئەو بڕیارە "سیاسەتى تیرۆریزمی دەوڵەتییە".

 دەقى راگەیاندراوى رۆشنبیران و چالاکوانانی مەدەنی و سیاسیى رۆژهەڵاتى کوردستان

 "رۆژی سێشەممە ١٥ی خەزەڵوەر / ٦ی نۆڤەمبەری ٢٠١٨ باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە ئەنقەرە بە دەرکردنى راگەیاندراوێک، رایگەیاند، بۆ بە دەستهێنانى زانیاری بۆ دەستگیرکردنى ٣ کەس لە رێبەرانى پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) جەمیل بایک، موراد قەرەیلان و دوران کاڵکان خەڵاتێکى چەندین ملیۆن دۆلاریی تەرخان کردووە.

کارەکەى دەوڵەتى ئەمریکا و دانانى پارە بۆ دۆزینەوەى شوێن و چاودێریى رێبەرەکانى پەکەکە و دەستگیرکردنیان کارتێکە لەلایەن ئەمریکاوە بۆ کەمکردنەوەى کێشمەکێشەکانى ئێستای خۆی لەگەڵ رژێمى تورکیادا لە ململانێکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا و هەروەها پاداشتێکە بۆ بێدەنگکردنی رژێمى ئەنقەرە لە پێناو کەمکردنەوەى ناکۆکییەکانى لەگەڵ دەوڵەتى سعودیە، کە (سعودیە) یەکێکە هاوپەیمانێکى تری ئەمریکایە لە ناوچەکەدا. ئەوەش بۆ پەردەپۆشکردنى کردەوە و کارە تاوانکاری و تیرۆریستییەکانى ئەو لایەنانەیە.

لە راستیدا بڕیارەکە بۆ ئەوەیە، کە سەرکردەکان و بەڕێوەبەرانى سیستمى نیولیبراڵیزمی سەرمایە سالار و دیکتاتۆرە فاشیستەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و زڕباوکەکانى داعش، تێچووی کەمکردنەوەى ئاڵۆزییەکانى نێوانیان لەسەر ململانێکردن بۆ تاڵانکاری بە قوربانیکردنى پەکەکە دابین بکەن.

ئەو کردەوەیە تەنها ئیمیتازێک نییە لەلایەن دەوڵەتى ترامپەوە بۆ ئەردۆغان، بەڵکو هێرشێکى هەماهەنگی بەڕێوەبەرانى سیستمى سەرمایەدارییە لە دژی بزووتنەوەیەکی دیموکراتیک لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا کە پەکەکە نوێنەرایەتیى دەکات و پێشتریش چەندین کاری لەو جۆرەیان لە دژی بزووتنەوە دیموکراتیکەکان ئەنجامداوە. تیرۆرکردنى زەکى شەنگالی یەکێک لە رێبەرانى پەکەکە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانى سوپاى تورکیا لە مانگی ئابی رابردوو و لە ساڵیادى کوشتاری ئێزدییە زوڵملێکراوەکانى گوندی کۆچۆی شەنگال – زێدی نادیە موراد – و لە قوڵاى ١٠٠ کلیۆمەتریى خاکى عێراق دا ئەگەر لە رێگەى هاوکاریى هەواڵگریى هێزەکانى ئەمریکاوە نەبوایە ئەنجام نەدەدرا و بە دڵنیاییەوە ئەو تیرۆرە بە ئاگاداری و رەزامەندیى ئەوان ئەنجامدراوە.

هەروەها داگیرکردنى کانتۆنی عەفرین وەک تاکە ناوچەی ئارام لە جەنگە کارەساتبارەکەى سوریادا، کە لە کوشتار و تاڵانکاری و دەستدرێژی پارێزرابوو، رادەستکردنى بە تیرۆریستیەکانى سەر بە قاعیدە و فاشیزمی نیوعوسمانییەکان و هەروەها دەستکرانەوە هێشتنى تورکیا بۆ تۆپبارانکردنى ناوچەکانى تری رۆژئاوا و بۆردومانى بەرفراوانى ناوچە باکوورییەکانى هەرێمى کوردستان لە عێراق، لەم رۆژانەى دوایدا دەریدەخەن، کە پشتیوانیانی داعش و فاشیزمی قەومی – مەزهەبی سەرقاڵی تۆڵەکردنەوەن لە دەستکەوتەکانى تێکۆشانى دیموکراسیخوازانە و دژە داگیرکەریى گەلانى چەوساوەی ناوچەکە و پێشەنگەکانیان.

ئەو پێشەنگانە بە ورە و پێداگرییەکى پۆڵاین و گیانفیدایى مێژووییەوە پێشیان لە کوشتاری دەیان هەزار ژن و منداڵ و هاووڵاتیى بە تەمەنی ئێزدی لە چیاى شەنگال دا گرت. بەرگرییان لە کەم ئاینییەکان لە عێراق دا کرد و لە بەرخودانى کۆبانێ دا ئەفسانەی داعشی ئەهریمەنیان تێکشکاند و حسابات و پلانى سەرەتایى هێزە دەستێوەردەرە داگیرکەرەکانیان تێکشکاند و لە دۆزەخی سوریای جەنگ لێدراودا مۆدێلێکى پێشکەوتوخوازانە و گەشاوەیان لە دیموکراسیى کۆمەڵایەتى بونیاتنا، کە دەتوانێت ببێتە ئیلهامبەخشی گەشەدان بە ئاشتی و برەودان بە دیموکراسی لە ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا.

ئامانجی دەسەڵاتدارانى ئەمریکا و رێککەوتنى پشت پەردە و سەودای قێزەونیان لەگەڵ تورکیادا هەر چییەک بێت، ئەو هەنگاوەی ئەمریکا بە ئاشکرا تیرۆریزمی دەوڵەتى و کارێکى ملهوڕانەیە کە لە ژێر چەتری 'تێکۆشان لە دژی تیرۆریزم' ئەنجامی دەدەن. مامەڵە و سەودای دەوڵەتى ئەمریکا وەک بەڕێوەبەری سەرمایەداریى جیهانی لەگەڵ دیکتاتۆریەتى فاشیستیى دەسەڵاتدار لە تورکیا، کە بە یەکێک لە دەوڵەتە پشتیوانییەکانى تیرۆریزم و زڕباوکی داعش دەناسرێت و دانانى خەڵات بۆ دەستگیرکردنی رێبەرانى پەکەکە، ئەوە دەهێنێت کە لەلایەن مرۆڤە بەرپرس و رێکخراوەکان و رەوتە ئازادیخوازەکان و کەسانى خاوەن ئیرادەوە ئیدانە بکرێت.

ئەو هەنگاوە قێزەون و ترسناک و تیرۆریستییە سوکایەتیکردنێکى ئاشکرایە بە کەرامەتی مرۆیى و گاڵتەکردنە بە هەموو یاسا و رێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و پێوەرە ئەخلاقییەکانى مرۆڤی هاوچەرخ. ئەوەش دەستدرێژییەکی ئاشکرایە بۆ سەر هێزە سیاسییە سەربەخۆکان لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دا، کە وەک هێزی ئۆپۆزسیۆنی دەوڵەتە کۆنەپەرست و کۆنەخوازە دەسەڵاتدارەکانى ناوچەکە لە تێکۆشاندان.

ئێمە وەک کۆمەڵێک لە هەڵسوڕاوانى مەدەنی وکرێکاری و چالاکوانى سیاسی و رۆشنبیریى کوردستان و ئێران هەڕەشە و خستنەژێر چاودێریى رێبەرەکانى پەکەکە بە توندی ئیدانە دەکەن و ناڕەزایەتیى خۆمان لە دژی ئەو بڕیارە نالۆژیکی و دژە حقوقی و دژە مرۆییەی ئەمریکا دەخەینەڕوو و لەم رێگەیەوە داوا لە هەموو رەوتە سیاسی و رێکخراوە مەدەنی و هێزە کۆمەڵایەتییەکان دەکەین کە بەرەنگاری ئەو سیاسەتە بنەوە کە پشتبەستوە بە تیرۆریزمی نێودەوڵەتی".

هـ ـ ر