ئەمریكا پێشوازی لەرێككەوتنی هەولێرو بەغدا بۆ هەناردەی نەوتی كەركوك دەكات

عیراق

17/11/2018‌ 320 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەمریكا پێشوازی لەو رێككەوتنە دەكات، كە لەنێوان هەولێرو بەغدا بۆ هەناردەی نەوتی كەركوك واژووكراوە.

برێت مەكگۆڕك نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا لەهاوپەیمانی دژی داعش بڵاویكردەوە، كە سەردانی فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانی كردووەو گفتوگۆیان لەبارەی هەناردەی نەوتی كەركوك كردووە.

برێت مەكگۆرك لەئەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویشیكردەوە، كە ئەوان وەك ئەمریكا پێشوازی لەو رێككەوتنە دەكەن، لەنێوان هەولێرو بەغدا بۆ هەناردەی نەوتی كەركوك واژووكراوە.

عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رۆژی هەینی رایگەیاند، كە لەگەڵ هەرێمی كوردستان رێكەوتنیان واژووكردووە، بۆ هەناردەی نەوتی كەركوك، ئەوەش دوای یەك ساڵ زیاتر لەراگیرانی ئەو پرۆسەیە.

هاوكات جۆن بۆڵتۆن راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا رایگەیاند، دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كەركوك بەرێككەوتنی هەولێرو بەغدا هەنگاوێكی باشەو ئەوان پێشوازی لێدەكەن.

هـ ـ ح