ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی‌و شاندێكی باڵای ئەمەریكا

کوردستان

17/11/2018‌ 460 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ ئەندرۆ بیێك جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و شاندێكی دیپلۆماسی ئەو وڵاتە كۆبووەوە.

بەپێی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە هەردوولا باشتربوونی پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا، پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان لەڕووی سیاسی و ئابوورییەوە و بەڕێوەچوونی سەركەوتووانەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان لە عێراق و هەرێمی كوردستان تاوتوێكردووە.

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، هەردوولا‌ جەختیان لە بەرەوپێشچوونی زیاتری پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا‌، بەشداریكردنی كارای هەرێمی كوردستان لەپرۆسەی سیاسی عێراقدا، بەردەوامبوونی سەركەوتووانەی پرۆسەكەو بەردەوامی پەیوەندییەكانی ئەمەریكا و هەرێمی كوردستان لەهەموو ڕوویەكەوە كردەوە.

لەبەشێكی دیكەی دیدارەكەدا هەردوولا پێشوازییان لەبڕیاری حكوومەتی عێراقی فیدرال كرد بەناردنەدەرەوەی نەوتی كەركوك بەڕێگەی بۆریی هەرێمی كوردستان، كە سوودێكی باشی بۆ تەواوی عێراق دەبێت.

تاوتوێكردنی چەند بابەتێكی پەیوەست بەپەیوەندییە ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان‌و عێراق لەگەڵ ئەمەریكا، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

هـ ـ ح