كێشەی بەردەم پێكهێنانی كابینەی نوێ‌
یەكێتی‌و گۆڕان چاویان لەپۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتە

کوردستان

17/11/2018‌ 2359 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەكێتی نیشتمانی‌و بزووتنەوەی گۆڕان چاویان لەپۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، كە ئەوە دەبێتە كێشەی بەردەم پێكهێنانی كابینەی نوێ‌.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس كەوتووە، یەكێتی نیشتمانی سوورە لەسەر ئەوەی لەكابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت وەربگرێت، كە وەرگرتنی ئەو پۆستەش دەكاتە بنەمای گفتوگۆكانی لەگەڵ پارتی دیموكرات.

هەر بەپێی زانیارییەكان، یەكێتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ جارێكی تر بۆ ئەو پۆستە كاندید دەكاتەوە، بەو هۆیەشەوە ناوبراو تائێستا نەچووەتە پەرلەمان‌و سوێندی یاسایی نەخواردووە، كە سەرۆكی لیستی یەكێتی بوو.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، لەبەرانبەردا، بزووتنەوەی گۆڕانیش، كە ئەگەر بەشداری حكومەتی داهاتوو بكات، ئەوە جەخت لەوە دەكاتەوە، پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت وەربگرێت.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، كە گۆڕان تائێستا بەفەرمی كاندیدی بۆ ئەو پۆستە دیارینەكردووە، بەڵام ناوی هەریەكە لەشۆڕش حاجی‌و جەلال جەوهەر هێنراوە بۆ ئەوەی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت وەربگرن.

ئەمە لەكاتێكدایە، لەسەروبەندی گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی هەشتی حكومەت لەساڵی 2013 گۆڕان‌و یەكێتی چاویان لەوە بوو پۆستی سەرۆكی حكومەت وەربگرن، كە ئەوەش وایكرد ماوەی پێكهێنانی حكومەت حەوت مانگی پێ بچێت.

لەئێستاشدا چاوەڕواندەكرێت، كە پرسی پۆستی سەرۆكی حكومەت ببێتە كێشەی بەردەم پێكهێنانی كابینەی نۆیەم، ئەوەش بەهۆی سووربوونی هەردوو حیزب لەوەرگرتنی پۆستی سەرۆكی حكومەت.

هـ ـ ح