نەوتی كەركوك بەغداو هەولێرو واشنتۆن دەخاتەوە سەر یەك سفرە

عیراق

17/11/2018‌ 893 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە دوای شانزەی ئۆكتۆبەرەوە، ئەمریكییەكان شتێكی ئەوتۆیان نەوتووە لەسەر كەركوك‌و پەیوەندییەكانی هەولێر بەغدا، بەڵام دوو رۆژە بەچڕی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كەركوك لەرێگەی هەرێمەوە هاتووەتە سەر هێڵ..

لەم قۆناغە، كە واشنتۆن دەیەوێت نەوتی كەركوك بەدەستی بەغداوە بێت و كورد شەركی داهاتەكەی بكات نەك دەسەڵاتەكەی، بۆیە لەسەر چەند ئاستێكی جیاواز لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كەركوك هەڵوێستی راگەیاندووە.

برێت مەكگۆڕك نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا لەهاوپەیمانی دژی داعش بڵاویكردەوە، كە سەردانی فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانی كردووەو گفتوگۆیان لەبارەی هەناردەی نەوتی كەركوك كردووە.

برێت مەكگۆرك لەئەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویشیكردەوە، كە ئەوان وەك ئەمریكا پێشوازی لەو رێككەوتنە دەكەن، لەنێوان هەولێرو بەغدا بۆ هەناردەی نەوتی كەركوك واژووكراوە.

عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رۆژی هەینی رایگەیاند، كە لەگەڵ هەرێمی كوردستان رێكەوتنیان واژووكردووە، بۆ هەناردەی نەوتی كەركوك، ئەوەش دوای یەك ساڵ زیاتر لەراگیرانی ئەو پرۆسەیە.

هاوكات جۆن بۆڵتۆن راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا رایگەیاند، دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كەركوك بەرێككەوتنی هەولێرو بەغدا هەنگاوێكی باشەو ئەوان پێشوازی لێدەكەن.

هەناردەی نەوتی كەركوك لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردووەوە راگیرا، دوای ئەوەی هێزە عێراقییەكان هێرشیان كردە سەر ناوچە جێناكۆكەكان، كە پێشتر لەژێر فەرمانڕەوایی هێزەكانی پێشمەرگە بوو.

هەروەها هێزەر ناوەرت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەبەیاننامەیەك رایگەیاندووە، دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كەركوك لەرێگەی هەرێمی كوردستان، هەنگاوێكی گرنگەو هەوڵێكیشە لەچوارچێوەی هەوڵەكانی ئەمریكا بۆ گەمارۆخستنە سەر هەناردەی نەوتی ئێران.

پێشترو لەدوای رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەر، هەردوو حكومەتی عێراق‌و ئێران لەسەر هەناردەی نەوتی كەركوك رێككەوتن، كە ئەوەش دژایەتی‌و ناڕەزایی ئەمریكای بەدواوە هات‌و ئێستا كار بۆ راگرتنی دەكات.

هـ ـ ح