ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی شاندی پارتی‌و یەكێتی لەسلێمانی

کوردستان

17/11/2018‌ 914 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شاندێكی باڵای پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی لەشاری سلێمانی كۆبوونەوە، كە ئامانجی كۆبوونەوەكە پرسی پێكهێنانی حكومەت بوو.

شاندەكەی پارتی‌و یەكێتی ئەمڕۆ شەممە لەشاری سلێمانی كۆبوونەوە، كە دوای كۆبوونەوەكە هەریەكە لەمەحمود محەمەدو سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژانی هەردوو حیزب لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان خستەڕوو.

مەحمود محەمەد لەمیانی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكە وتی: ئامانجی پارتی‌و یەكێتی ئەوەیە بەزوویی حكومەتێكی بەهێز دروست بكەن، "بۆ ئەوەش تاوتوێی چەند پرسێكمان لەكۆبوونەوەكە كردووە".

مەحمود محەمەد وتیشی: "لەكۆبوونەوەكە بۆچوونمان لەیەكەوە نزیك بووە، بەتایبەتی پرسی باشتركردنی گوزەرانی خەڵكی‌و گەیاندنی خزمەتگوزاری بەهەموو ناوچەكانی كوردستان".

بڕیارە شاندەكەی پارتی لەگەڵ لایەنەكانی تریش كۆببێتەوەو تاوتوێی پێكهێنانی حكومەت بكات، لەو بارەوە وتەبێژی ئەو حیزبە وتی: هەر ئەمڕۆ سەردانی بزووتنەوەی گۆڕان دەكەن‌و لەرۆژانی داهاتووش لەگەڵ ئەو لایەنانە كۆدەبنەوە، كە دەیانەوێت بەشداری حكومەت بكەن.

لای خۆشییەوە سەعدی ئەحمەد پیرە، رایگەیاند، لەكۆبوونەوەكە باسی پێكهێنانی حكومەتیان كردووەو جەختیكردەوە، وەك یەكێتی هێڵی سووریان لەسەر هیچ لایەنێك نییە، بەتایبەتی ئەو لایەنانەی دەیانەوێت بەشداری لەحكومەت بكەن.

سەعدی پیرە راشیگەیاند، پارتی ‌و یەكێتی دەیەوێت حكومەتێكی بەهێز دروست بكەن‌و دواتریش بەپێی رێككەوتن‌و گفتوگۆی لایەنەكان لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان قسە دەكەن، كە ئاشكراكرد، لەم دانیشتنە ئەو وردەكارییەیان نەخستووەتەڕوو.

هـ ـ ح