بەرهەم ساڵح بەجوڵە سیاسییەكانی سەرنجی هەموان بەلای خۆیدا رادەكێشێت

عیراق

17/11/2018‌ 13519 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: لوقمان حاجی قادر
لەپێشینەیەكی سیاسی لەعێراق، كە 15 ساڵە ڕووینەداوە، بۆ جاری یەكەمە سەرۆك كۆمار لەسەرۆك وەزیرانی دەباتەوەو سەرنجی هەمووانیش بەلای خۆیدا ڕادەكێشێت.

بەرهەم ساڵح، كە پێگەی سكای پرێس بە "سەرۆكە كوردە بەهێزەكە" لەراپۆرتێكدا ناوی بردووە، بەجوڵە سیاسییەكانی لەناوخۆی عێراق‌و دەرەوەش لە "عادل عەبدولمەهدی" سەرۆك وەزیران‌و كابینە وەزارییەكەی بردووەتەوە.

پێگەكە لەراپۆرتەكەدا ئەوەشی بڵاوكردووەتەوە، كە ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەزموونی سیاسی بەرهەم ساڵح و "سەنگینییەكەی لەئاشنابوونی بەوردەكاری پڕۆتۆكۆڵی سیاسی و زانیاری فراوانی سەبارەت بە ڕەفتاركردن وەك سەرۆك كۆمار".

هەروەها ئەوەشی نووسیوە، "بێ سێ و دوو  تەواو لەوە دڵنیاین،  كە ئەستیرەی بەرهەم ساڵح لەگەشانەوەدایە و توانیویەتی بەسەر هاوڕێیانی كار-یدا سەركەوێت، كە بەڕوونی دیارە لەكاتی وەرگرتنی پۆستەكانیان سەریان لێدەشێوێت".

هاوكات ئەو پێگە ئەلیكترۆنییە باسی لەمحەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقیش كردووەو بڵاویكردووەتەوە، ئەو لێدوانی نابەرپرسانەیدا سەبارەت بەبەخشینی "3 ملیۆن دینار" بۆ كرێی خانووی پەرلەمانتاران، كە شێلگیریش بوو لەسەر ئەم پرسە و ئەمەی بۆ هەموو پەرلەمانتاران بەپەسەندزانی.

باسی لەوەش كردووە، كە بڕیارەكەی حەلبوسی خەڵكی عێراقی نیگەران كردووەو ئاستی جەماوەریشی دابەزاندووە، ئەمە جگە لەوەی جەماوەر‌ لە "عادل عەبدولمەهدی" سەرۆك وەزیر نائومێدبوون، كە تائێستا هیچ گۆرانكارییەكی ئەنجامنەداوە.

هەموو ئەمانەش لەكاتێكدا ڕوودەدات، كە گەندەڵی گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار لەنێو ڕیزەكانی دەسەڵات، لەكاتێكدا حكومەتیش بەتەواوی پێكنەهێنراوە.

پێگەكە جەختی لەوەش كردووەتەوە، كە بەرهەم ساڵح لەناو ئەو كێشانەدا، بەئەوپەڕی متمانەوە بە "‌شێوازێكی  ورد و حساب بۆكراو، لەگەڵ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار هاتە ناوشەقامی عێراقییەوەو بە تایبەتیش بەغدا، ئەو چالاكییە سیاسییەكانی خۆی گورجوگۆڵانە دەستپێكرد".

بەرهەم ساڵح لەدوای چوونە شەقامەكانی بەغداو سەرنجراكێشانی میدیاكان بەلای خۆیدا، چەند رۆژێكیشە دەستی بەچەند سەردانێك بۆ وڵاتانی كەنداو كردووە، لەوانەش چووەتە كوێت‌و ئیمارات‌و ئوردن‌و ئێران‌و بڕیارە سەردانی سعودییەش بكات.

سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، كە بەرهەم ساڵح بەم سەردانانەی مەبەستییەتی نیوەندگیرییەكی هەرێمی بەئاگاداری ئەمریكا بۆ پرسی ئاشتی لەناوچەكەدا ئەنجامبدات.

ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی دەستوور، سەرۆك كۆمار دەسەڵاتێكی پرۆتۆكۆڵی هەیەو توانای هیچ بڕیارێكی نییە، بەڵام سەرۆك وەزیران، كە هاوكات فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانە، تەواوی دەسەڵاتەكانی جێبەجێكردنی لەبەردەستدایە.