ئەمریكا بەهەناردەی نەوتی كەركوك گەمارۆكانی سەر ئێران زیاتر دەكات

عیراق

17/11/2018‌ 760 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هێزەر ناوێرت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كەركوك لەرێگەی هەرێمی كوردستان، هەنگاوێكی باشە بۆ هەوڵەكانیان بۆ كەمكردنەوەی هەناردەی نەوتی ئێران.

هێزەر ناوەرت راشیگەیاند، دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كەركوك هەنگاوێكی ئەرێنی باشە، كە لەئەنجامی هەوڵە چڕو پڕەكانی حكومەتی عێراق‌و هەرێمی كوردستان باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەبەغدا هاتووەتە ئاراوە.

عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رۆژی هەینی رایگەیاند، كە لەگەڵ هەرێمی كوردستان رێكەوتنیان واژووكردووە، بۆ هەناردەی نەوتی كەركوك، ئەوەش دوای یەك ساڵ زیاتر لەراگیرانی ئەو پرۆسەیە.

هەناردەی نەوتی كەركوك لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردووەوە راگیرا، دوای ئەوەی هێزە عێراقییەكان هێرشیان كردە سەر ناوچە جێناكۆكەكان، كە پێشتر لەژێر فەرمانڕەوایی هێزەكانی پێشمەرگە بوو.

پێشترو لەدوای رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەر، هەردوو حكومەتی عێراق‌و ئێران لەسەر هەناردەی نەوتی كەركوك رێككەوتن، كە ئەوەش دژایەتی‌و ناڕەزایی ئەمریكای بەدواوە هات‌و ئێستا كار بۆ راگرتنی دەكات.

ئەمریكا ماوەیەكە گەمارۆی خستووەتە سەر ئێران‌و ئامانجیشی لەگەمارۆكان سفركردنەوەی هەناردەی نەوتی ئێرانە بۆ بازاڕەكانی جیهان، ئەوەش بەهۆی ناڕازایی واشنتۆن لەسیاسەتەكانی تاران لەناوچەكە.

هـ ـ ح