بارزانی پێشوازی لەرێككەوتنی هەناردەی نەوتی كەركوك لەرێگەی هەرێمەوە دەكات

عیراق

17/11/2018‌ 692 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی پێشوازی لەرێككەوتنی هەولێرو بەغدا بۆ هەناردەی نەوتی كەركوك لەرێگەی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستانەوە دەكات.

هەڵوێستەكەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكرات لەمیانی كۆبوونەوەیەكی بووە لەگەڵ ئەندرۆ پییك جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و شاندێكی یاوەری.

بەپێی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە، لەدیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی ناوچەكە و ڕەوشی سیاسی و ئەمنی عێراق، هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێكرا و پێشوازییش لە بڕیاری حكومەتی عێراقی كرا بۆ دووبارە هەناردنەوەی نەوتی كەركوك لەڕێگەی هەرێمی كوردستان و بە بڕیارێكی دروست لە قەڵەم درا.

هەردوولایش لەسەر ئەوە هاوڕا بوون، كە بارودۆخی سیاسیی دوای هەڵبژاردنەكانی عێراق و حكومەتی تازەی عێراق دەرفەتێكی نوێیە بۆ هەرێم و بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و هەماهەنگی و هاوكاریی زیاتر لەگەڵ یەكتر و هیوای ئەوەیان خواست، كە ئەو دەرفەتە تازەیە گرفتی بۆ دروست نەكرێت.

بارودۆخی پارێزگای نەینەوا و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو و بیروڕا لەبارەی ڕێگەكانی ئاساییبوونەوەی دۆخی ئەو ناوچانە و ڕەچاوكردنی ماف و داخوازیی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان و گەڕانەوەی ئاوارەكان و چۆنییەتی بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانە ئاڵوگۆڕ كرا.

رۆژی هەینی بەپێی رێككەوتنێكی نێوان هەولێرو بەغدا هەناردەی نەوتی كەركوك لەرێگەی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان دەستیپێكردەوە، ئەوەش دوای ساڵێك لەراگیرانی بەهۆی كێشەكانی هەردوولا.

هـ ـ ح