گەرمیان.. بۆ ماوەی 5 خولەک هاتوچۆ لە شەقامەکان ڕادەگرێت

کوردستان

17/11/2018‌ 381 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هاتوچۆی گەرمیان لە ڕۆژی جیهانی قوربانیانی هاتوچۆدا بۆ ماوەی 5 خولەک هاتوچۆ لە شەقامەکان ڕادەگرێت.

سبەینێ یەک شەممە 18ی تشرینی دووەمی 2018ی  لە ڕۆژی جیهانیی قوربانیانی هاتوچۆ، لەپێناو زیاتر هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتییان و وەبیرهێنانەوەی ڕێنماییەکانی هاتوچۆ بۆ ماوەی پێنج خولەک هاتوچۆکردنی ئۆتۆمبێل لە گەرمیان ڕادەگیرێت.

بەرێوبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان لەڕاگەیاندراویکی فەرمیدا کە لەپەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبوک بڵاویکردووەتەوە "بۆ وەبیرهێنانەوەی ڕێنماییەکانی هاتوچۆ و مەترسییەکانی پابەندنەبوونی شۆفێران بە ڕێنماییەکانی هاتوچۆ سبەینێ کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی بۆ ماوەی پێنج خولەک هاتوچۆکردنی ئۆتۆمبێل ڕادەگیرێت".

لەڕاگەیاندراویکی فەرمیدا هاتوچۆی گەرمیان داوای لە شۆفێران و هاوڵاتییانیش کردووە هاوکارییان بکەن کە لە ماوەی ئەو پێنج خولەکەدا ئۆتۆمبێلەکان ڕابگرن.

ماوەی دوو هەفتەیە هاتوچۆی هەرێم هەڵمەتێکی هۆشیاری هاتوچۆی لە زۆرێک لە شارەکانی هەرێم ڕاگەیاندووە، ڕۆژانە لەڕێگەی پێدانی ڕێنمایی هاتوچۆوە شۆفێران ئاگاداردەکەنەوە لە پابەندنەبوونیان بە ڕێنماییەکان. دواتریش لێپێچینەوە لەگەڵ سەرپێچیکاران دەکەن و بەپێی یاسا سزا دەدرێن.
هـ ـ ر