ترەمپ بەرگری لە "درۆ"كانی محەمەد بن سەلمان دەكات

جیهان

18/11/2018‌ 793 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەژێر ناوی "ترەمپ بەرگری لەدرۆكانی محەمەد بن سەلمان دەكات، دەبێت كۆنگرێس پێداگربێت لەسەر راستییەكان" رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بابەتێكی بڵاوكردووەتەوە.

ئاژانسی ئەنادۆڵ لە رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریكی بڵاویكردووەتەوە، جێنشینی سعودییە، شازادە محەمەد بن سەلمان بۆ رزگاربوون لەلێپرسینەوە لەبارەی كوشتنی رۆژنامەنووس جەمال خاشقجی "بێرووییانە پەنای بۆ درۆكردن بردووەو حكومەتەكەی ترەمپ-یش لەوەدا یارمەتیداوە".

ئاژانسەكە بڵاویشیكردەوە، رۆژی پێنجشەممە داواكارێكی گشتی سعودییە لە شاری ریاز روونكردنەوەیەكی بڵاوكردووەتەوە، كە پێچەوانەی هەموو ئەو راستییانەیە لەسەر ئەو بابەتە هەیە و تێیدا شازادەی جێنشین لە هەموو تۆمەتەكان بەخشراوەو سەرۆكی ئەمریكا، كە بەڵێنیدابوو بچێتە بنج‌و بناوانی ئەو دۆسیەیە لەبری ئەوەی ئەو روونكردنەوەیە رەتبكاتەوە، كە پەردەپۆشی دۆسیەكە دەكات، پەسەندی كرد.

هەروەها رۆژنامەكە ئاماژەی بەوە كردووە، كە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا سزای بەسەر 17 گومانلێكراوی سعوودیدا سەپاندووە كە لە كوشتنی خاشقجی تێوەگلاون، بەڵام چاوی لەمحەمەد بن سەلمان و بەرپرسانی باڵای هەواڵگری پۆشیوە، لەگەڵ ئەوەی دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریكا (FBI) گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی جێنشینی سعودیە، شازادە محەمەد بن سەلمان فەرمانی كوشتنی خاشقجی داوە، بەڵام ترەمپ پشتیوانی لەو سەركردە سعوودیە دەكات.

رۆژنامەكە ئەوەیشی خستووەتەڕوو، كە بەرپرسانی هەواڵگری ئەمریكا ترەمپ-یان ئاگاداركردووەتەوە سەبارەت بەو بەڵگانەی دەستیان كەوتووە لەسەر ئەو ئەنجامەی پێیگەیشتوون لەتۆمار دەنگی نێوانیان و گفتوگۆی تەلەفۆنی نێوان سەركردەی ئەو تیمەی تاوانەكەی ئەنجامداوە لەگەڵ باڵیۆزی سعوودیە لە واشنتۆن، بەڵام بە هۆی ئەوەی كە رەنگە كۆشكی سپی دان بەوەدا بنێت كە بڕیاری بینینی شازادە 33 ساڵەكە بە هاوپەیمانێكی ستراتیجی هەڵەیە، ترەمپ قبووڵی ناكات لێپرسینەوە لەگەڵ بن سەلمان بكرێت.

هاوكات لەنووسینەكەدا بە پێویست زانراوە كۆنگرێسی ئەمریكا هەڵوێست وەرگرێت لەسەر ئەوەی سیاسەتی دەرەوە وڵاتەكەی لەسەر راستی بنیاتبنرێت نەوەك "درۆ"، رۆژنامەكە باسی لەوەیش كردووە، كە سێ سیناتۆری سەربە پارتی كۆماری و سێ سیناتۆری سەر بەپارتی دیموكرات ئاماژەیان بەوە كردووە پرۆژەیەك پێشكەش دەكەن بۆ ئەوەی حكومەتی ئەمریكا لە میانی 30 رۆژدا سزا بەسەر ئەو كەسانەدا بسەپێنێت لە حكوومەتی سعوودیە یان خانەوادەی شاهانە كە لە كوشتنی خاشقجی تێوەگلاون. لەو پرۆژەیەشدا راگرتنی فرۆشتنی چەك لە لایەن ئەمریكاوە بە سعوودیە دەخرێتەڕوو.

هەروەها باس لەوە كراوە، كە ئەگەر كۆشكی سپی بەردەوام بێت لە هاوكاریكردنی شازادەی جێنشین لە درۆكردن، ئەوا پێویستە كۆنگرێس پێداگرانە هەڵویست وەرگرێت.

هـ ـ ح