كۆتایی ئاشتی هەورامی.. ئەو پیاوەی یەكێتی رەتیكردەوەو پارتی لەخۆی گرت

کوردستان

19/11/2018‌ 10233 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: هونەر حەمەڕەشید
لەسەرەتاكانی هەزارەی دووەم‌و لەپێش یەكگرتنەوەی ئیدارەكانی هەولێرو سلێمانی، یەكێتی نیشتمانی، كە دەسەڵاتداری ئیدارەی سلێمانی بوو، بیرۆكەی دەرهێنانی نەوتی لەكێڵگە نەوتییەكانی شیواشۆك لەكۆیە هەبوو.

ئەوكات بەرهەم ساڵح تازە سەرۆكایەتی ئیدارەی سلێمانی وەرگرتبوو، بۆ بیرۆكەی دەرهێنانی نەوت، ئاشتی هەورامی وەزیری سانانەسروشتییەكانی لەبەریتانیاوە هێنایەوە هەرێمی كوردستان‌و بەمەكتەبی سیاسی یەكێتی ناساند.

بەرهەم ساڵح لەكاتی ناساندنی ئاشتی هەورامی بەمەكتەبی سیاسی یەكێتی، بیرۆكەی دەرهێنانی نەوتی لەشیواشۆكیش خستبووەڕوو، بۆ ئەوەش پێشنیازی، وەزیری نەوتی بۆ ناوبراو كردبوو، بەڵام ئەو لەگەڵ پۆستەكە داوای ٣%ی پشكی گرێبەستە نەوتییەكانی كردبوو، كە ئەو داواكارییەش هۆكاربوو بۆ نەگەیشتنە رێككەوتن‌و لێكجیابوونەوەی هەردوولا.

نەگەیشتنە رێككەوتنی یەكێتی‌و ئاشتی هەورامی، دەرگای بەڕووی دروستبوونی پەیوەندییەكانی ئەو شارەزایەی نەوت‌و پارتی دیموكرات كردەوەو لەو دەرگایەشەوە ئەستێرەی بەختی هەورامی لەهەرێمی كوردستان گەشایەوەو لەساڵی 2006وەو لەدوای یەكگرتنەوەی ئیدارەكانی هەرێم، تائێستا، كە كابینەی هەشتەم وا كۆتایی بەوادەكەی دێت، وەزیری سامانەسروشتییەكانە.

هەرچەندە چەند ساڵێكە ئەستێرەی بەختی ئاشتی هەورامی لەهەرێم بەگەشاوەیی ماوەتەوە، بەڵام رەنگە پێكهێنانی كابینەی نوێ‌، كۆتایی بەگەشانەوەی ئەستێرەكەی ئەو وەزیرە بهێنێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس كەوتووە، هەرچەندە نێچیرڤان بارزانی پشتگیری ئاشتی هەورامی دەكات بۆ ئەوەی جارێكی تر پۆستی وەزیری سامانەسروشتییەكان لەكابینەی نۆ وەربگرێتەوە، بەڵام مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لەگەڵ ئەوە نییە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، بەهۆی ناڕازبوونی مەسعود بارزانی، پارتی جارێكی تر ئاشتی هەورامی كاندید ناكاتەوە بۆ پۆستی وەزیری سامانەسروشتییەكان، بەوەش كۆتایی بەو پیاوە دێت، كە چەند ساڵێكە دۆسییەی نەوتی هەرێمی لەجانتاكەی دەستی هەڵگرتووە.

ئاشتی هەورامی ناوی تەواوی عەبدوڵڵا عەبدولرەحمان عەبدوڵڵایەو ساڵ ‌وشوێنی لەدایك بوونی 1948 سلێمانی-یەو پلەی خوێندنی بەكالۆریۆس لەئەندازیاری نەوت لە 1971 لە زانكۆی بەغداو لە ساڵی 1971 تاكو 1974 ئەندازیار بووە لەكۆمپانیای نەوتی نیشتمانی عێراق لە بەسرەو لەساڵی 1978 دكتۆرای لەئەندازیاری یەدەگی نەوتی لەسكۆتلەندا وەرگرتووەو لەساڵی 1975 تاكو 1982 لەكۆمپانیای british national oil company و north sea لەسكۆتلەند وەكو ئەندازیار كاری كردووە. 

هەورامی لە ساڵی 1982 تاكو ساڵی 1985 لەگەڵ كۆمپانیای intera لە لەندەن ئەندازیاری گەورەی نەوت بووەو لەساڵی 1985 تاكو 1988 سەرۆكی ئەندازیاران بوو لەكۆمپانیای Exploration Consultants دا لە بەریتانیاو لەساڵی 1988 تاكو 1999 خاوەن و بەڕێوەبەری Duke Engineering & Services Limited بووە لە بەریتانیاو لەساڵی 1999 تاكو 2006 سەرۆكی كۆمپانیای ECL- Exploration Consultants Group Plc بووە لەبەریتانیاو لەساڵی 2006 وە لەكابینەی پێنجەم‌و شەشەم‌و حەوتەم‌و هەشتەم حكومەتی هەرێمی كوردستان وەزیری سامانە سروشتییەكان بووە. 

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، هۆكاری ناڕازایی مەسعود بارزانی لەئاشتی هەورامی بۆ سەرنەكەوتنی لەبیرۆكەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەشێوەی راستەوخۆ لەساڵی 2014یە، كە بەو هۆیەوە هەرێمی كوردستان تووشی قەیرانێكی دارایی قورس بوو، پەیوەندییەكانی هەولێرو بەغداش بەو هۆیەوە گەیشتە خراپترین ئاست.