یەكێتی‌و بافێڵ تاڵەبانی.. سەركردەیەك‌و چەند باڵێك

کوردستان

20/11/2018‌ 10148 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: تایبەت
لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، ئێستا یەكێتی نیشتمانی بە رێژەی كورسی‌و هاوسەنگی هێزبووەتەوە بە هێزی دووەم، بەڵام هێشتا ئەم حیزبە بەتەواوی لە نەخۆشییە هەمیشەییەكەی خۆی، كە باڵباڵێن و مینبەری جیاوازە، رزگاری نەبووەو پێوەی گیرۆدەیە.

ئەگەرچی لەكۆتایی ساڵی ٢٠١٧وە بافێڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی مام جەلال وەكو سەركردەیەكی یەكلاییكەرەوەو بەهێز دەركەوتووەو هەموو تواناكانی خۆی چڕكردووەتەوە بۆ یەكخستنەوەی ماڵە پەرشوبڵاوەكەی ئەم حیزبە، بەڵام هیچ دڵنیاییەكیش نییە كە لە ئایندەیەكی نزیكدا باڵ  و پێڕە جیاوازەكانی ناو یەكێتی بتوانن لەژێر چەترێكدا ئۆقرە بگرن.

جیاوازی‌و دەستەگەریی و چەند ئاڕاستەیی لەناو یەكێتیدا، شتێكی نوێ نییە، بەڵكو لەناو منداڵاندا ئەم حیزبە جیاوازی‌و دەستەگەری بوونەتە هاوڕێی. بۆیە قۆناغێك یان ساڵێك نییە ئەم حیزبە بە دەم ئازاری ناكۆكی و ناسازی جیاوازییەكانەوە نەتلابێتەوە. كەچی هەمیشە توانیویەتی لەسەر گۆڕەپانی سیاسی  و عەسكەرییدا لە ریزی یەكەم یان دووەمدابێ.

تەكەتول لەناو تەكەتول
بەشێكی گرنگی پێكهاتەی یەكێتی، چونكە ئاراستەیەكی چەپ و ماركسیستیان هەبوو، هیچ شتێك لەوە ئاسانتر و قانعكەرتر نەبوو كە تۆمەتی لادەر بخرێتە پاڵ یەكتری، هەر بۆیە سەرەتای دروستبوونی جیاوازییەكان بۆ هەر ناكۆكییەك، چەردەیەك بەهانەی سیاسی و فیكریی ئامادەبووە. ئەوكاتە تۆمەتی  بان چەپ و عێراقیی و خوردە بۆرجوازیی، بەشێك لەو تۆمەتە ئایدلۆژیانە بوون كە دەخرانە پاڵ نەیارەكان و دەكرانە بەهانە بۆ دووركەوتنەوە یان نزیكبوونەوە لەیەكتری. هەر بۆیە نەریتی سیاسی و رێكخراوەیی، پێكەوەبوونێكی ناكۆك بەردەوام ئەو گرفتە بووە كە یەكێتی تا ئەمرۆ بەدەستیەوە دەناڵێنێ.

دوای كۆچی دوایی تاڵەبانی و رووداوەكانی شانزەی ئۆكتۆبەر، "ڕەوتی بنیادنانەوە و نوێبوونەوە"، كە لەكۆمەڵێك كادرو كەسایەتی دیاری ناو یەكێتی پێكهاتووە و تائێستا چوار بەیاننامەیان بڵاوكردۆتەوە. ئەندامانی ئەم رەوتە لە پێناسەی خۆیاندا دەڵێن: "ڕەوتی بنیادنانەوەو نوێبوونەوەی یەكێتی، گوزارشت لەدیدگای كادرانی پێشكەوتووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكات و هەڵگری بیروباوەڕ و ڕێبازی مێژوویی جەلالیزمن، كە چەپگەرایی و دیموكراسیان بە خەباتی نەتەوایەتی و نیشتمانی بەستووەتەوە".

ئەم ئەندام و كادرانەی یەكێتی گلەیی لە رەوشی ناوخۆی حیزبەكەیان دەكەن و كۆمەڵێك پرۆژەو پێشنیاریان خستووەتە بەردەم سەركردایەتی حیزبەكەیان، لۆمەیان دەكەن، كە یەكێتییان بەئاراستەیەكی مەترسیداردا بردووە، ئەوان رەخنە لەئەنجوومەنی سەركردایەتی حیزبەكەیان دەگرن و وەك ئۆگانێكی لەكاركەوتووی مەشلول دەیناسێنن‌و بەوە تۆمەتباریان دەكەن، كە نەیانتوانیوە سەربەخۆیی رێكخراوەییان بپارێزن رێچكەی پاشكۆیەتیان گرتووەتەبەر.

رەوتی بنیاتنانەوە لەپەیامەكانیدا تیشك دەخەنە سەر دیاردە مەترسیدارەكانی ناو حیزبەكەیان و داوا دەكەن پەلە بكرێت بۆ رێگەگرتن لەو دیاردە نوێیانەی، كە هەوڵێك هەیە بۆ بەكارهێنانی تواناكانی خودی یەكێتی بۆ بنكۆڵكردن و لاوازكردنی یەكێتی لە سەرجەم ئاستەكاندا و بەكارهێنانی ئەم توانایانە بۆ پرۆژەی سیاسی و حیزبی لەدەرەوەی یەكێتی. بۆیە داوا دەكەن سنوورێك دابنرێت بۆ كاری دەستەگەرایی.

ئەم گفتوگۆییەی، كە ئێستا رەوتی بنیاتنانەوە برەوی پێدەدەن، بەدێژایی چل ساڵەی تەمەنی یەكێتی هەبووەو هەیە، وادەكات زیاد لەگروپ و دەستەیەك ئیدعای خاوەندارییەتی یەكێتی و مێژووەكەی بكەن، رەوتیش كە درێژكراوەی ئەو گفتوگۆیانەیە،  لەراگەیاندنێكیاندا دەڵێن: "ڕەوتی بنیادنانەوەو نوێبوونەوە، دەنگی سەرجەم ئەو دڵسۆز و شۆڕشگێڕانەی (ی.ن.ك)ە، كە بە بەرنامە و فەلسەفەی كاری نوێوە، ئەركیان داڕشتنی ستراتیژو ڕێكخستنەوەی (ی.ن.ك)ە لە گشت بوارە جیاجیاكاندا، بۆ بە كردەیی دامەزراوەكردنی سەرجەم ئۆرگانەكان و رزگاركردنی مێژوو و سەروەرییەكانی ئەم حیزبە لە چنگی كۆمەڵێك لە كەسانی بازرگانی سیاسی و بەرژەوەندخواز و ناحیزبی دوور لە بەها مەزنەكان كە یەكێتی لەسەر بنیاتنراوە".

لەلایەكی تریشەوە لەپاڵ بیروبۆچونەكانی ئەم رەوتە، چەند كەسایەتییەكی تری دیاری ناو یەكێتی لە سەرەتای مانگی 10ی ئەمساڵ پڕۆژەی "هەڵسانەوەی یەكێتی" رادەگەیەنن و دەڵێن، یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەبەردەم دووڕیانێكی مێژوویی هەستیاردایە. ئەو چەند كەسایەتییەی ناو یەكێتی كە لە ماوەی رابردوودا چەند كۆبوونەوەیەكیان كردووە تاوەكو رۆڵی كاریگەریان هەبێ بۆ چارەسەری پرسە هەڵپەسێردراوەكانی ناو یەكێتی. تائێستا دیار نییە ئەوانیش دەبنە دەستەیەكی تری ناو ململانێكان یان تەنیا بەرپرسیارێتی خۆیان لەوەدا دەبیننەوە كە هوشیاری دۆخی خراپی دەستەگەرایی ناو یەكێتی بەمەستی چارەسەر كردن بوروژێنن.

پرۆژەی بافێڵ تاڵەبانی
مێژووی یەكێتی هێندەی جیابوونەوەكانی، پریەتی لەگەڕانەوەو ئاشتبوونەوەی جیابووەكان. ئەوەش بەشێكی پەیوەستە بەوەی، كە تائێستا هیچ پرۆژەیەكی سیاسی بۆ پركردنەوەی شوێنی یەكێتی سەركەوتوو نەبووە،  سەرەتا بەشێك لەجیابووەكانی سەرەتای هەشتاكان گەڕانەوە، دواتر سەركردەو كادرانی ئاڵای شوڕش و بەشێك لەزەحمەتكێشان. 

رێككەوتنی دەباشانی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتیش كە لە سەردەمی نەوشیروان مستەفادا ئیمزا كرا، خاڵێكی لەو شێوەیەی تێدابوو. بەڵام هەندێك لەسەركردەكانی یەكێتی لە ترسی كۆنترۆڵكردنی حیزبەكەیان لەلایەن نەوشیروان مستەفاوە، پرۆژەكەیان بەتەواوەتی پەكخست.

یەكێتی لە چل ساڵەی تەمەنیدا بەسروشتی سیاسی خۆی، خاوەن یەك مێژووی لەیەكچووی یەكگرتووی هاوتەریب نەبووە،  یەكێتی سەردەمی شاخی نیمچە بەرەییەكەی، تا ئەو كاتەی كۆمەڵەی رەنجدەران مابوو، جیاواز بوو، دوایی گفتوگۆی ناوەراستی هەشتاكان لەگەڵ حكومەتی عێراق چوە قوناغێكی ترەوە، بەردەوام  هەڵبەزو دابەز لە پەیوەندیەكانیدا وابەستەی قۆناغەجیاجیاكان بووە، قۆناغی شاخ و شاری بەتەواوەتی جیاواز بووە، سەردەمی شەری ناوخۆ، تاكاتی ئاشبوونەوەی لەگەڵ پارتی، نیوان ئاسمان و رێسمانە، دواتریش دوای جیابوونەوە گەورەكەی سەركردە دیارەكانی باڵی ریفۆرم و دروستبوونی گۆڕان، لەوانەش گرنگترو قوڵتر دوای نەخۆشكەوتن و مەرگی تاڵەبانی، ئیتر یەكێتی كەس بەخیلی بەحاڵیان نەدەبرد، یەكێك لەسەر كردە دیارەكان لەدانیشتنێكی دۆستانەدا لەباسكردنی وەزعی ناوخۆی یەكێتی وتبووی، "ئیتر كاتی ئەوە نەماوە بیر لەبەرژەوەندی حیزبی بكەینەوە، ئەبێت لەناو حیزبەوە بیر لەبەرژەوەندی خودی بكەینەوە". 

بافێڵ-ی كورە گەورەی تاڵەبانی، بەپرۆژەیەكی رانەگەیەنراوەوە، وەك كەسایەتییەكی بان دەستەگەرایی بێ‌ ئەوەی هیچ عینوانێكی دیاریكراوی حیزبیی هەبێ دەركەوتووە و وەكو تاقانە سەركردەیەكی بڕیاردەر دێتەبەرچاو.

بافێڵ سەرەتا بەنوێنەرایەتی تاڵەبانی بەشداری كۆبوونەوەكانی مەكتەب سیاسی حیزبەكەی دەكرد، جوڵەكانی ئەو بوونە ئەمری واقیعی حیزبی و لایەنەكانی دەرەوەی یەكێتیش پێشوازیان لێكرد. هەوڵەكانی بۆ گەرانەوەی بەرهەم ساڵح و كاندیدكردنی بۆ پۆستی سەركۆماری عێراق، بەپشتیوانی برادەرەكانی بەرهەم ساڵح‌و كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی، بەپێچەوانەی بەشێكی دیار لەسەركردەكانی یەكێتی و خواستی خانەوادەكەی، كردە دەستپێكی پرۆژەكەی.
 
ئەو، كە جوڵەكانی هاوتای جوڵەی سكرتێر حسابی لەسەر دەكرێت، دەیەوێت پرۆژەی ئاشتكردنەوەی ناو یەكێتی و قوتاربوون لەدەستگەریی و خابوونەوەی گرژییەكانی نێوان سەركردەكان، بكاتە بەردەباز بۆ رێكخستنەوەی زۆنی سەوز و دروستكردنی هاوسەنگی هێز لەگەڵ پارتی. 

بافێڵ چاوی لەسەر ئاشتكردنەوەی هەموو ئەو سەركردانەیە، كە پێشتر لەیەكێتی دابرابوون، بۆ ئەوەش دەیەوێت یەكێتی لە پارێزگای سلێمانی لەهێزی دووەمەوە بكاتەوە بەهێزی یەكەم و بۆ ئەوەش پێویستی بەلابردنی بەربەستەكانی بەردەمیەتی. 

ئەم پرۆژەیە، كە لە پرۆژەكەی ماكیاڤیلی دەچێت بۆ یەكخستنەوەی ئیتالیا، بۆیە هەرچییەك بێتە بەردەمی بە توندی وەلای دەنێت، باكی بەنزیكی‌و دووری كوتلەكانی پێشووی ناو پارتەكەی نییە، ئامانجی دروستكردنی هاوسەنگی هێزە لەگەڵ پارتی، بۆیە شەرعییەت دەدات بەخۆیی لەسەرو بەرژەوەندی كوتلەو دەستەگەراییەوە جوڵە بكات.

بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی
پارتی دیموكراتی كوردستان، رۆڵی هەبوو لە پەكخستنی رێككەوتنەكەی نێوان یەكێتی و گۆڕان، چونكە باش دەیزانی دابەشبوونی هێزەكانی زۆنی سەوز، بەهێزبوونی پارتی زیاتر دەخاتەڕوو، بەڵام یەكێتی ئێستا بەدوو هۆكار عەوداڵی رێككەوتنێكی تری لەو جۆرەیە. یەكەم دەیەوێ ئەگەری نزیكبوونەوەی گۆڕان و پارتی پەكبخات. دووەم، گۆڕانی ئێستا بچووكترە لەگۆڕانی سەردەمی پێشووتر و دەتوانێ بەكەمترین مەرج سەركردەكانی قەناعەت پێبكات و بیكاتە هاوبەش لە پرۆژەكەی خۆی. 

بۆیە یەكێتی بە وریاییەوە چاودێری بەشداری گۆڕان دەكات لەحكومەت و نزیك بوونەوەی لەپارتی، چونكە ئەو پێخۆشە سەرەنجام بەهەمان سیناریۆ مامەڵەی "هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری" لەگەڵ گۆڕانیش دوبارە بكاتەوە. ئەوكاتە گۆڕان لەنێوان رێككەوتنی پارتی و یەكێتی دەبێ یەكێكیان هەڵببژێرێت، كە هەردووكیان سەربەخۆی گۆڕان دەخاتە ژێرپرسیارەوە، خۆ ئەگەر ئەوەش نەكرا سیناریۆی دووەمی ئەوە دەبێ چاو بخاتە  سەر ئاشكردنەوەی كۆمەڵێك سەركردەو كەسایەتی دیاری ناو گۆڕان.

هەرچۆنێكبێ پرۆژە رانەگەیەنراوەكەی بافێڵ تاڵەبانی ئەگەر سەربگرێت، نرخ و كاریگەری خۆی دەبێ،  نرخەكەی ئەوەیە، دەبێ بەشێك لەخاوەندارێتی یەكێتی تەسلیم بەكادرو سەركردە دڵسۆزەكانی بكاتەوە، گوێ لەنارازییەكانی ئێستاش بگڕێت بۆ رێكخستنەوەی ئۆرگانەكانی حیزبەكەی و توانای قبوڵكردنی هەموو جیاوازییەكانیشی هەبێت تا ئاستی گەرانەوەی سەرەتاكانی دروستبوونی یەكێتی، كە بوونی مینبەر لەجێگەی دەستگەرایەتی بەشێك بوو لەهەیكەلی سیاسی و رێكخراوەیی، نەك وەك ئێستا دەستگەری‌و تەكەتول لەسەر حسابی گەنجەكان.  ئەوكاتە ئەمە سەرەتایەكیش دەبێ بۆ گێرانەوەی رۆحی راستەقینەی حیزبایەتی و بەهێزكردنەوەی یەكێتی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق.