كۆسرەت رەسوڵ داوای شاربەدەركردنی "مشەخۆرەكان"ی یەكێتی دەكات

کوردستان

21/11/2018‌ 4451 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی داوای شاربەدەركردنی "مشەخۆرەكان"ی ناو حیزبەكەی كرد.

كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی رایگەیاند، هەندێك كەس‌ لەناو یەكێتی هەیە، "بووەتە مشەخۆر لەسەر حسابی‌ یەكێتی، حەقە ئەو مشەخۆرانە جێگەیان نەبێتەوە هەموویان لەكوردستان‌ شاربەدەر بكرێن، ئەمەش لەپێناو چاكسازی‌ و پاكسازی".


قسەكانی كۆسرەت رەسوڵ ئەمڕۆ چوار شەممە لەمیانی وتارێكی هات، كە لەمەراسیمی "رۆژی شەهیدانی یەكێتی" پێشكەشیكردو راشیگەیاند "كەسوكاری سەربەزی شەهیدان لەساڵیادی رۆژی شەهیدی یەكێتی سەری رێزو وەفا بۆ شەهیدان دادەنەوێنین، ئەو ئازادی و ئارامییەی  ئێستا بەرهەمی خوێنی شەهیدەكانی ئێوەیە، دەبینن ئەمڕۆ لەسایەی خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی ئێوە كوردێك، كە خەڵكی شاری سلێمانییەو لە حیزبی شەهیدانە لە ئێستادا سەرۆك كۆماری عیراقە".

هەروەها رایگەیاند "ئەمە بۆ خۆی جێگەی فەخرو شانازییە، كە خوێن بەخشین و قوربانیدانی ئێوە بەفیرۆنەچووەو ناچێت، بەڵام خەمبارم ئەمڕۆ كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان وەك پێویست خزمەت ناكرێن، بۆیە یەكێتی، وەك حیزبی شەهیدان ناسراوە هەمیشە خۆی قەرزاری خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی گەورەی كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان دەزانێت".

ئەمڕۆ مەراسیمی "رۆژی شەهیدی یەكێتی" جگە لەسلێمانی لە شارەكانی هەڵبجەو كۆیەو كەركوك كرایەوەو بەرپرسانی ئەو حیزبەش لەو بارەوە وتاریان پێشكەشكرد.

هـ ـ ح