ئامادەكردنی پرۆژەیەك بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی هەرێم بەسیستەمی خاڵبەندی

کوردستان

21/11/2018‌ 1973 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموكرات سەرقاڵی ئامادەكردنی پرۆژەیەكە بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی هەرێمی كوردستان لەكاتی پێكهێنانی حكومەت، كە پرۆژەكە خۆی لەدابەشكردنی پۆستەكان بەسیستەمی خاڵبەندی دەبینێتەوە.

پرۆژەكە لەسەر پێشنیازی پارتی‌و بەگفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان ئامادە دەكرێت، كە ناوەڕۆكەكەی خۆی لەوەدا دەبینێتەوە، هەر لایەنێك بەپێی ئەو رێژە كورسییەی لەهەڵبژاردن بەدەستیهێناوە، پۆست لەكابینەی داهاتوو وەردەگرێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس كەوتووە، لەگەڕی یەكەمی دانوستانی پارتی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی‌و بزووتنەوەی گۆڕان، كە شەممەی رابردوو لەشاری سلێمانی بەرێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەی ئەو پرۆژەیە كراوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان یەكێتی تاڕادەیەك ناڕازی بووە بەئامادەكردنی پرۆژەیەكی لەو جۆرەو بزووتنەوەی گۆڕانیش رەزامەندی خۆی نیشانداوە بۆ پرۆژەیەكی لەو جۆرە.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە گۆڕان رازی بووە بەو سیستەمە بەشداری حكومەت بكات‌و بەپێی سیستەمەكەش رازییە، كە 12%ی پۆستەكانی هەرێمی كوردستان لەكابینەی داهاتوو پێبدرێت.

پارتی دیموكرات بە 45 كورسی براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی 30 ئەیلوولی رابردووەو یەكێتی نیشتمانیش خاوەنی 21 كورسییەو پلەی دووەمی هەیە، هەرچی بزووتنەوەی گۆڕانە تەنیا 12 كورسی هەیەو رەنگە ئەو سێ‌ لایەنە حكومەتی داهاتوو پێكبهێنن.

هـ ـ ح