پەیوەندی كوردو ئەمریكا لەدوای هەوڵی سەربەخۆیی هەرێم

sharpress.net

998 جار خوێندراوه‌ته‌وه

22/11/2018‌

شارپرێس: تایبەت
نووسینی :  مایكل نایتس، و/ لوقمان حاجی قادر
ئەگەر ئاوڕێك لە پەرەسەندنی ڕووداوەكانی ساڵی پار بدەینەوە ، دەبینین ڕاپرسی سەربەخۆیی كوردستان لە ئەیلولی 2017 و كۆنتڕۆڵكردنەوەی كەركوك لەلایەن بەغداوە لە 16 ی ئۆكتۆبەری ، دوو شكستی كارەساتبارن بۆ بەرژەوەندییەكانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا.

دوای ئەوەی عێراق شەڕی لەگەڵ كوردەكان كرد -  هاوپەیمانی سەرەكی ئەمریكا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر- ئەو دوو هاوبەشە (دوو پارتە دەسەڵاتدارەكەی كوردستان) بە درێژایی بەرەی جەنگ نەیانتوانی، یان ئارەزوویان نەدەكرد هەماهەنگی لەكردەوە سەربازییەكانیاندا بكەن ، بەمەش كەلێنێكی زیندوویان بۆ داعش دروست بوو، كە بیقۆزێتەوە.

سەرەڕای ئەوەش ڕاپرسی و لێكەوتەكانی ، دوو هابەشە دێرینەكەی ئەمریكای – پارتی دیموكرات و یەكیەتی نیشتمانی – وایلێكردن هەر‌ یەك ئەوەی دیكە بەناپاكی لە پرسی كورد تۆمەتبار بكات بەوەی پرسی كەركوكیان خستە مەترسییەوە بەوەی خستیانە ناو پڕۆسەی ڕاپرسییەوە، یان بە هاوكاریكردنی گروپی ناكوردی، كە خوێنی كوردیان رشت لە كەركوك تۆمەتباركرد.

هەرچەندە ئێران یارمەتی عێراقیدا لە سەپاندنی چاودێری بەسەر هەرێمی كوردستان و هێرشكردنەسەری ، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان دوای تەنگژەكە زیاتر لەئەمریكا توڕە بوو وەك لە ئێران ، بۆیە لەو كاتەوە بە چڕی دەستی بە هاوكاریكردنی تاران كرد. 

لە ڕاستیدا پرسی متمانەدارییەكە ‌بەسەر هەردوولادا دەچەسپێت، حكومەتی ئەمریكا دوای ڕاپرسی و تەنگژەی كەركوك رقێكی قوڵی لە كوردەكان داگرت ، هەتا پنتاگونی لاگیری كوردەكان و سەركردە سەربازییەكان و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی بە توندی ئەوە ڕەتدەكەنەوە، كە ئەمریكا بەرپرسیاریەتی گەورەی ئەو تەنگژەیەی بكەوێتە ئەستۆ، ئاماژە بەوەش‌ دەكەن كە واشنتۆن پێشتر كوردەكانی لە ئاكامی ئەو ڕاپرسییە ئاگادار كردووەتەوە و ناڕەزایی خۆشی لەبەرانبەر دەربڕییوە.

بەڵام لە ئەمریكا هەمووان لەسەر ئەوە ڕایە كۆكنین ، هەندێك لە سەركردەكانی كۆنگرێس و بیرمەندەكانی (هەتا بەرپرسانی حكومیش) وایدەبینن، كە حكومەتی ئەمریكا هەڵەی گەورەیان كردووە بەوەی دەستبەرداری هاوپەیمانە دێرینەكەیان (كورد) بوون. 

ئەم ناكۆكییە ئێستاشی لەگەڵدا بێت ،  درزێكی گەورەی خستە نێو دڵی ئەوانەی پەیوەندیدارن بە ڕەنگڕێژكردنی سیاسەتی واشنتۆن لەمەڕ عێراق، كە ئەگەر ئەوە وەلا بنێین كە كێ ڕاستە و كێ چەوت ، دەبێت وانەیەك لەو كارەساتەوە فێربین. 

بەدرێژایی ساڵی ڕابردوو داوا لە بەرپرسە گەورەكانی ئەمریكا و بەرپرسانی جیبەجێكار كراوە بۆچوونی خۆیان بخەنەڕوو سەبارەت بەوەی، كە دەكرا واشنتۆن بەشێوەیەكی باشتر و جیاوازتر بیكات. 

ئەو پڕۆسەی گفتوگۆكاریەش یەكەم وانەی لەمەڕ كەركوك دابەدەستەوە. سەرەتا ڕوون و ئاشكرابوو كە زۆرێك لە بەرپرسان بە هەڵە لە پرسیارەكە‌ حاڵی دەبوون كە لێم دەكردن. زۆرێك لەوان بە سادە و ساكاری باسی چیرۆكی ڕاپرسی و تەنگژەكانی كەركوكیان لە دید و بۆچوونی خۆیانەوە دەكرد ، ئەوان قبوڵیان نەبوو ئەمریكا لۆمە بكرێت و بەڵكو لۆمه ‌و گلەیی و گازندەكەیان خستەئەستۆی ئەوانی تر.

ئەو چاوپێكەوتنانە وانەی یەكەمیان سەبارەت بە كەركوك فێركردین – بە‌وپێەی ئێمە ڕۆچووینەناو گەمەی لۆمە و لۆمەكاری قوڵەوە-   كە ئێمە هێشتا ئامادەكاری تەواومان نییە كە بە باشی هەڵسەنگاندنێك بۆ خۆمان بكەین سەبارەت بە شكستهێنانی سیاسەتە تایبەتییەكانمان. ئەم ووتارە كورتە هەوڵێكە بۆ دڕدان بەو گەمەی لۆمە و لۆمەكاری و هەڵێنجانی ئەو وانە سەرەكییانەی كە دەكرێت حكومەتی ئەمریكا  لەسەر پلانی ئایندەی سیاسەتەكانی پیادەیان بكات. 

كەمتر لەوەی پێویستە.. لە ئان و ساتێكی درەنگوەخت
وانەی دووەم ئەوەیە كە ئەمریكا پێویستی بەوەیە بە تەوای فێری ئەوە بێت چۆن بڕە كۆششی پێویست لەماوەیەكی زوودا چڕدەكاتەوە بۆ دیاریكردنی ڕووكاری ڕووداوەكان. چونكە دوو تەنگژەكەمان ( ئەیلول / سێبتێمبەر و تشیرینی یەكەم / ئۆكتۆبەر 2017) ئەو  پەندە بەناوبانگەی بەسەردا دەسەپێت كە دەڵێت: "پەنجا فلسییەك بۆ خۆپارێزی ، باشترە لە كۆڵێك پارە بۆ چارەسەر".

زۆرێك لە بكەرە سسیاسییەكان وایان پێ باش بوو كە ڕاپرسی هەرگیز  ناكرابایە  ، ئەگەر هەر دەشكرا وا باش بوو بێ كەركوك - كە دەمەتەقێیەكی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا – بكرێت. زۆرینەی بەرپرسانی ئەمریكاش بە پەنهانی دان بەوەدا دەنێن كە دیانتوانی بەشێوەیەكی جیاواز یان بەلایەنی كەمەوە زووبەزوو زۆر شت بكەن.

بەو پێیەی ئەندامێكی كۆمەڵگای هزریم لە واشنتۆن ، فێری وانە زۆر گرنگەی 2017 بووم.  تەواو ڕاشكاوانە دەڵێم من وەك خۆم‌ لاگیری  مافی چارەی خۆنووسین و دامەزراندنی دەوڵەتێكی كوردیم لە عێراق  ، بەڵام سەرباری ئەوەش لە ئان و ساتی "ئەیلول / سێبتێمبەری 2017 " هەستم كرد كە كاتەكەی گونجاو و لەبار نییە بۆ ڕاپرسی ، بە تایبەتی ئەگەر كەركوكیش بگرێتەوە كە جێگەی هەستیارییەكەی گەورەیە. دواتریش و كاتێك هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی ڕاپرسی شكستیهێنا ، هەستم كرد پێویستە ئەمریكا هانی عێراق و گەمەكارانی دیكە بدات لە كاردانەوەكانیاندا‌ زێدەڕووی نەكەن ، بە تایبەتیش كە ڕاپرسی هیچ شوێنكارێكی كارگێری نییە ‌و بە ڕەهایش هیچ وابەستەبوونێكی لێ ناكەوێتەوە.

دوای گەرانەوەم لە یەكێك لە گەشتەكانم بۆ كوردستان لە سەرەتای هاوینی 2017  ، ئەمانەم لا گەڵاڵە بوون : " 1- بیرۆكەیەكی ڕوونم هەبوو سەبارەت بە داواكاری كوردەكان بۆ دواخستنی ڕاپرسی ؛ 2- ئەو لایەنە پەیوەندیدارانەی ئەمریكا لە خاوەن پلە و پۆستە مامناوەندەكان كە دەبوو ئەو شرۆڤەكارییەیان بۆ بنێردرێت؛ 3- ئەو كاتە پێویستەی لەبەردەستدا بوو تاوەكو سیاسەتێكی دیكەی تازە ئەمریكا بەركاربێت لە پێناو دواخستنی ڕاپرسیدا".

بەڵام گرفتەكە لەو ڕاستییە دایە كە تەنگژەكە هێشتا چەند مانگێكی مابوو ، بۆیە هیچ كەسێك لە سەركردایەتی ئەمەریكا لەسەر ئاستی حكومی زۆر بایەخی بە پرسەكە نەدەدا ، تاوەكو تیشكی بخاتەسەر و ڕووبەڕووش لەگەڵ كوردەكان گفتوگۆی لەبارەوە بكات.

هەرچۆنێك بێت ئێستا هیچ كەس ئەوە نازانێت كە ئاخۆ دەكرا بە زیادكردنی فشارەكانی ئەمریكا ڕاپرسی سەربەخۆیی بوەستێندرێت. بارزانییەكان ئامادەباشی ڕوون و ئاشكرایان هەبوو لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوە لە ڕاگەیاندنی راپرسی خۆیان بگلێننە ناو مەترسییەكی گەورەوە ، لەمەشیاندا ئاڵێنگاری "ڕەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆكی توركیا و هۆشدارییەكانی قاسم سەلەیمانیان كرد".  

سەركردە كوردەكان تا ئان و ساتی كۆتایی ڕاپرسی گوێیان بۆ پێشنیاری دواخستن شلكردبوو  ، ئەمریكاش تاكە لایەن بوو ڕۆڵی نێوانگیری گێڕا بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێك. سەرباری زیادبوونی داواكارییە سیاسییەكان لە بارزانییەكان بە دواخستنی پرسی ڕاپرسی لە كۆتایی مانگی تەمموز ، كەچی كەسایەتییە كوردەكان لە مانگی سێبتێمبەر و تا دوا هەفتەكانی كۆتایی ڕاپرسیش هەستیان بە نائاسوودییەكی قوڵ دەكرد سەبارەت بەوەی ڕوودەدات.

لە پەنهانیدا و بەهێنی سەركردە كوردەكان بەدوای ئاماژەیەكی ئەمریكادا دەگەڕان – نەك ئێران و توركیا – بەوەی واشنتۆن هۆشدارییەكی وەك پێویستی توندیان بداتێ ، یان سەوداومامەڵەیەكی فریوەدەریان پێشكەش بكات بۆ ناچاركردنیان بە دواخستنی پرسەكە ، یاخود بەلایەنی كەمەوە دوورخستنەوەی كەركوك لە پرسی ڕیفراندۆم.

لە بری ئەوە و بێ بوونی فشاریكی ڕاستەوخۆی واشنتۆن ، زۆرینەی سەركردە كوردەكان باوەڕێان بەوە كرد كە دەیانەوویست باوەڕی پێبكەن (ئەوەش كە ڕاویژكارانی ڕاپرسی پێیان دەووتن) سەبارەت بە هەڵوێستی ڕاستەقینەی ئەمریكا لەمەڕ دەنگدان لەسەر پرسەكە ، واتە ئەو ساوێرە (وەهم) پووچ و بەتاڵەی بەوەی ئەمریكا لە كۆتایدا پشتیوانی كوردەكان دەكات.

شكستهێنان لە ڕێگرتن لە ڕاپرسی شكتێكی بەكۆمەڵ بوو ، شكستی "هەولێر و سلێمانی و بەغدا و ئەنقەرە و تاران و واشنتۆن" بوو  ، بەڵام ڕقی كوردەكان بەسەر ئەمریكادا باری. لەوانەیە دادپەروەری نەبێت بەڵام ئەوە واقعە و لەوانەش ببێتە واقعێك بۆ تەنگژەكانی دیكەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەموو لایەنە كاراكان پێشبینی ئەوەیان دەكرد كە ئەمریكا بەر لەو ڕووداوە بگرێت ، هەر دەبوو ئەوەش ڕوویدابایە.

لە رێگەی كۆكردنەوەی دید و بۆچوونی 12 بەرپرسی ئەمریكا ، لەوانەبوو واشنتۆن بتوانێت دانوستان بكات سەبارەت بە دواخستن بەوەی : "1- گرتنەبەری ڕێوشوێنێكی زووبەزووی دبلوماسی توند و ڕون و ئاشكرا كە بڕیارسازان لەسەر ئاستی ئەنجومەنی وەزیران بیانگرتبایەبەر ، 2- زووبەزوو لە رێگەی پێشدەستییەكی گەورەوە وەك ئەوەی لە سەرتاكانی سیبتێمبەردا خرایەڕوو ( لە كاتێكی زۆر درەنگوەخت كە ئیدی هەرچی كرابایە بێ سوود بوو) واتە بەڵێندان بە پڕۆسەیەكی نێوانگیری لە نێوان بەغدا و كوردستان بە پشتیوانی نەتەوە یەكگرتووەكان ، لەگەڵ دەستەبەری زیاتری مافی چارەی خۆنووسین لە لایەن ئەمریكاوە بۆ كوردستان".

ئەمریكا دەشیتوانی كارتی"سێینه" بەكار بێنیت بەوەی وا لە سەرۆكی توركیا "ڕەجەب تەیب ئەردۆگان)" بكات ڕاستەوخۆ و ڕاشكاوانە گوزارە لە كاردانەوەیەكی شیمانەئامێزە (احتمال) بكات سەبارەت بە ڕاپرسی. ئەو پەیامەی ئەردۆگان دەبوایە لە ڕێگەی بەرپرسێكی ئەمریكی لەسەر ئاستی وەزاری پشتیوانی لێكرابایە و دەستیان لە چاوی "مەسعود بارزانی" نابایە و پێیان گووتبایە كە جارێكی دیكە هێزە عیراقییەكان هێرش دەكەنە سەری ، واشنتۆنیش كوردەكان ناپارێزێت ( جا‌ ئەوە چ ڕاست و چ  درۆ). بێگومان ووڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پێشبینی ئەوەی نەدەكرد هێزە عێراقییەكان لەدوای ڕاپرسی هێرش بكەن ، ئەمەش بەشێوەیەكی بەشەكی (جزئی) دەگەڕێتەوە بۆ كورتبینی لە پلانداڕێژی بۆ سیناریۆكە. 

پلان جێگرە بوونی نییە 
ڕاپرسی سەربەخۆیی كوردستان وەك گەمەی "ترسنۆكەكەی لێهات" كە زۆر بەوێرانی بەرێوەچوو ، بە بەیەكدادانی نێوان هەردوولاش كۆتایی هات. كاردانەوەی ئەمریكاش لەسەر ئەوە ئەنجامەی لێیكەوتەووە ئاماژی بەوە دەدات كەوا پێدەچێت  بڕیارسازانی واشنتۆن زۆر بیریان لەوە نەكردۆتەوە كە كوردەكان درێژە بە هەنگاوەكانیان دەدەن – ئەمە سەرباری دیدی داڕزاوی خودیی نالۆژیكی حكومەتی ئەمریكا لەهەمبەر ناڕەزایی بەرهەڵستكارانەی كوردەكان و عێراق و نێودەوڵەتیش ، تا ئەمرۆشی لەگەڵدا بێت ، هێشتاش زۆرێك لە بەرپرسە ئەمریكییەكان سەرسامی خۆیان دەردەبڕن لەوشێوازەی كە سەركردایەتییەكی بازانی پێی بەردەوام بوو لە ڕاپرسی.

لە حاڵێكدا پلانی یەكەم ئەوەبوو ئەمریكا بگاتە ڕێككەوتنێك بۆ دواخستنی ڕاپرسی، دەی كەواتە پلانە جێگرەوەكە چی بوو؟ ئەگەر ئاوڕێك بۆدواوە بدەینەوە ، دەبین كە هیچ پلانێكی جێگرەوە نەبوو ، سیاسەتی ئەمریكا دوای ڕاپرسی ڕاستەوخۆ كاری لەسەر ئەوە دەكرد كوردەكان بكەونە بۆڵەبۆل و دەم بەدمە ، هەستیش بە ئێش و ئازاربكەن ، چونكە لە كۆتایدا ئەمریكا هۆشداری پێدابوون.

واپێدەچێت بەرپرسە كوردەكان وای لێ حاڵیبووبن كە حكومەتی ئەمریكا لە كۆتایدا پاشەكشە دەكات لەوەی ڕێگە بە گەمارۆی ئابووری سەر كوردەكان بدات ، یاخود رێگە بە هەڵوەشاندنەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بدات كە بە پێی دەستور دامەزراوە. پێیان وابوو تەنگژە دێت و دەڕوات نەوەك ماوەیەكی زۆر بخایەنێت.

لە بەدبەختیش ئێران و بریكارە عێراقییەكانی پلانێكی جێگرەوەی تەواو سەركەووتوویان هەبوو – داگیركردنەوەی كەركوك لە لایەن سوپاوە - دەستبەجێش جیبەجێیان كرد. ئەمریكاش سست بوو لە ووڵامدانەوە و وەك پێویستیش بەدەم پرسەكەوە نەهات ، هەرچەندە هێزی سەربازیشی لە نزیك كەركوك هەبوو. جا دەكرا بوونی ئەو هێزانە بەربەستێكبان و سنورێكیشیان بۆ ئەو تەنگژە ساردوسڕە دانابایە.

بەلگەنەویستیشە كە تەماشاكردنی ڕووداوەكە لە دوای ڕوودانی ڕاست و دروست دەردەچێت ، بەڵام ئەو دۆخە دڵنیامان دەكاتەوە كە لۆژیكییانە بوو ‌زۆر بیرمان لە سیناریۆ لاوازە شیمانەئامێزەكان‌ و شوێنكار مەترسیدارەكان كردبایەوە. دەبوو گریمانەی ئەوە كرابایە كە یەكێك لە ڕەگەزەكانی پلانی سیناریۆیی ئەمریكا ئەوەی لەبەرچاوگرتبایە كە هاوپەیمانە سەرەكییەكەمان لەعێراق – عەبادی سەرۆك وەزیران- وەلامان دەنبیت لە پڕۆسەی بڕیارسازی تایبەت بە تەنگژەی كەركوك. هەتا خودی خۆشم پێشتر نەمتوانی وێنای (تصور) ئەوە بكەم كە ئەمەش شكستێكی شڕۆڤەكارانەی مەترسیدارە.

هەمووی ئەوە تەنگژانەی لە "ئەیلول / سێبتیمبەری 2017 " دا ڕوویاندا و پێش ئەوەی كورد و عەرەب لە كەركوك خوێنی یەكتر بڕێژن  ، دەكرا لێیان خۆشبین. لەگەڵ ئەوەی لۆمەی هەموو لایەنەكان دەكەین ، گرنگە بیرمان بكەوێتەوە كە كوشتنی هاوپەیمانە كوردەكەمان لە لایەن هاوپەیمانی عێراقییەكەمانەوە شكستێكی گەروەبوو بۆ سیاسەتی ئەمریكا. 

هەڵسەنگاندنی خودی بیرمەندەكە 
وانە سەرەكییەكەی تەنگژەی كەركوك ئەوەیە كە بەس نییە‌ وەك بیرمەندێك بنەچەی (ماهیەت) گرفتەكە بزانی ، یان چارەسەری بۆ بدۆزیتەوە ، یان بۆچوونەكەت لە ناو دڵی پڕۆسەی بڕیارسازی ووڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا بچێنیت. جا بۆ ئەوەی خاوەن كاریگەرییەكی ئەرێنی ڕاستەقینە بیت ، دەبێت توانستی سەرنجراكێشانی گەورە سەركردەكان لەسەر ئاستی وەزاریت هەبێت سەبارەت بە پرسەكە و چارەسەرە سیاسییەكەی پێش ئەوەی پرسەكە ببێتە تەنگژەی ئەمڕۆ، ئەمەش كارێكی یەكجار سەختە. 

ئەو ئاڵێنگارییە ئەوەیە كە "عەساف ئۆریۆن" ی پلانداڕێژەری بەرگری ستراتیژی ناوی ناوە" پێداگری لە قۆناغە یەكەمدا" ، واتە توانستی پێشبینیكردنی مەترسییەكان  ، ئینجا كۆششكردن بۆ خۆپارێزی لە ماوەیەكی زەمەنیدا  ، ئەمەش لەو كاتەی كاری خۆپارێزی باشترین هەلێكە بۆ سەركەوتن بە كەمترین تێچون.

ڕەنگە میتۆدی" پیداگری لە قۆناغە یەكەمدا" لە سیاسەتی واشنتۆن دەستەبەری ئامانجی باشتری نەكردبایە هەر وەك لە تەنگژەكەی 2017 ڕوویدا ، بەڵام هەلێكی باشتر لەبەردەمدا بوو لە ڕزگاركردنی هەمووان لە كارەساتباری ئامانجە پێچەوانە توندەكان كە لە دوای ڕاپرسی و تەنگژەی كەركوك هاتنەئاراوە. جێگەی گومانیش نییە كە دانیشتنی ڕووبەڕووی ئەمریكا لەسەر ئاستی وزاری لەگەڵ سەركردە كوردەكان ، وەبەرهێنانێكی زۆر سوودبەخش دەبوو ئەگەر بەراوردی بكەین بە هەموو كۆششەكانی كۆكردنەوەی پارچەكان و بۆلەبۆڵ و نوزەنووز و پەرۆشییەكانی دوای ڕاپرسی و تەنگژەی كەركوك. 

بێگومانیش هیوا و ئومێدم بوو كە كەسێك – لەوانەیە من بام یان هەر كەسێكی دیكە -  ئەو پرسەی سەرەوەی لە سەرەتای هاوینی2017 بەشێوەیەكی كارایانەتر بگەیاندبایە بەرپرسێكی حكومەتی ئەمریكا ، ئەو كاتەی لە توانادابوو هەندێك بەسوود كەڵكبەخشبێت.





ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved