هێز دەنێرنە ناوچە كوردییەكانی سوریا
هەنگاوێكی سعودییەو ئیمارات لەدژی هەڕەشەكانی توركیا بۆ سەر یەپەگە

کوردستان

23/11/2018‌ 9768 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: لوقمان حاجی قادر
لەڕێوشوێنێك، كە پێشتر نەگیراوەتەبەر و لەوانەیە ئاڵۆزی زۆری لێبكەوێتەوەو توركیاش لێی بێدەنگ نەبێت، جوڵەیەكی سەربازی "سعودی – ئیماراتی" لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی فوڕاتی نزیك سنووری توركیا لەئارادایە

رۆژنامەی یەنی شەفەق بڵاویكردەوە، هەریەك لەسعودییە و ئیمارات هێزی سەربازی بەرەو ناوچەی ژێر كۆنتڕۆڵی هێزە كوردییەكانی باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕەوانەكردووە.

رۆژنامەكە بڵاویشیكردەوە، ئەو هێزانە لەژێر چەتری هێزە ئەمریكییەكان لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزە كوردییە‌كان بڵاوەیان پێكراوە.

ڕۆژنامەكە ئەوەشی بڵاوكردەوە، كە قسەكردن لە بارەی هێزی سعودی و ئیماراتی لە باكوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لەكاتێكدایە، هێزەكانی توركیا خۆیان ئامادە دەكەن بۆ هێرشێكی سەربازی فراوان بەهاوكاری سوپای سوریای ئازاد دژ بەهێزە كوردییەكانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی فوڕات.

هەروەها ڕۆژنامەكە لەسەر زاری شڕۆڤەكارە توركەكانەوە بڵاویكردەوە، كە هەست بە نائارامی دەكەن لە بڵاوەپێكردنی هێزە عەرەبییەكان لەو ناوچەیە و گۆمانی خۆشی سەبارەت بەو هەنگاوە دەربڕی،  یەكێك لەو شڕۆڤەكارانەش پرسیاری ئەوەی كردووە، كە ئایا ئامانج‌ بەیەكەوە كۆبوونەوەی هێزەكانی توركیا و هێزە عەرەبییەكانە لەبەرەیەكدا بۆ یەكەمجار لەمێژووی خۆیاندا؟

ڕۆژنامەكە بەدووریشی نەزانی، كە ئەو هەواڵە ڕاست بێت ، چونكە بەدرێژایی ماوەكانی ڕابردوو ڕیاز هاوكاری هێزە كوردەییەكانی دژ بەتوركیای كردووە.

عادل جوبەیری وەزیری دەرەوەی سعودییە لەچەند بۆنەیەكدا ئەوەی ڕاگەیاندووە، وڵاتەكەی ئامادەیە هێزەكانی بۆ باكووری رۆژهەڵاتی سوریا بنێرێت ئەگەر واشنتۆن، یان هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دوای ئەوەیان لێبكەن.

پێشتر كەناڵی" روسیا الیوم" لەسەر زاری سەرچاوە ناوخۆییەكانەوە بڵاویكردەوە، كە هێزێكی سەر بەدەوڵەتانی كەنداو لەم دوایانەدا‌ گەیشتوونەتە ناوچە سنورییەكانی نێوان هێزە سوریای دیموكرات و رێكخراوی داعش لەرۆژهەڵاتی فوڕات لە ناوچەی باشووری ڕۆژهەڵاتی لادێنشینی دێرزور ، دوای مانەوە بۆ ماوەیەك لەو ناوچەیەدا دواتر جێیان هێشتووە.