فیلەكان توانای جیاكردنەوەی زمانەكانی مرۆڤ-یان هەیە

sharpress.net

66 جار خوێندراوه‌ته‌وه

24/11/2018‌

 شارپرێس: لوقمان حاجی قادر
فیلەكان لە زیرەكترین بەدیهێنراوەكانی سەر گۆی زەوین ، بەڵام ئەنجامی لێكۆڵینەوە تازەكان توێژەرانی تووشی شۆك كاتێك لە "باخچەی ئەمبوسیلی نیشتمانی" لە كینیا تۆمارە‌ دەنگییە مرۆییەكانیان خستەبەرگوێی فیلەكان.

لەئەنجامدا فیلەكان زانین و پەیپێبردنی خۆیان لە بەرانبەر زمانە‌ مرۆییەكان نیشاندا، كە پێشتر لە هیچ بەدیهێنراوێكی دیكەی‌ جگە لە مرۆڤ بەدینەكراوە.

توێژەران لە جاری یەكەمدا دەنگی قسەكەرانی هۆزی  شوانكارەی "ماسا" یان خستە بەرگوێی فیلەكان كە هۆزێكن بەوە ناسراون دڕ و دوژمنكارن بەرامبەر بە فیلەكان ، لە جاری دووەمیشدا دەنگی قسەكەر‌انی هۆزی "كامبا" كە زۆرینەی فەر‌مانبەرانی باخچەكە قسەی پێدەكەن و دەگمەنیش وایە هیچ مەترسییەكیان بۆسەر فیلەكان هەبووبێت ، هەموو دەنگەكان بە زمانی جیاواز یەك شتیان دەگووت : دەیانگووت "تەماشاكە ، تەماشای ئێرەكە".

فیلەكان گوێیان لە دەنگی قسە تۆمار‌كراوەكانی هۆزی "ماسا" ی دەبوو بە تایبەتیش دەنگی پیاوە پێگەیشتووەكانی هۆزەكە ، فیلەكان ڕەفتارێكی بەرگریكارانەیان دەنواند و كۆدەبوونەوە سەر یەكتری و دووردەكەوتنەوە ، كە تۆمارە دەنگییەكانی قسەكەرانی هۆزی "كامبا" شیان بەرگوێ دەكەت بە هیچ شێوەیەك سەغڵەت نەدەبوون و لە جوڵەی ئاسایی خۆشیان نەدەكەوتن. 

"غریم شانۆن" ی سەرپەرشتیاری تیمی توێژینەوەكە لە  زانكۆی "ساسیكیس" لە ڕاپۆرتەكەی خۆیدا دەڵێت:  توانستی جیاكردنەوەی دەنگی پیاوانی سامبا و كامبا كە هەر‌ یەكە و بە زمانی خۆیان هەمان شتیان دەگووت ، ئاماژەیە بۆ ئەوەی فیلەكان دەتوانن دەنگە جیاوازەكان لێكجیابكەنەوە.

ئەمەش واتای ئەوە نییە كە فیلەكان لە واتای ووشەكان تێدەگەن ، بەڵكو ئەوەیە كە فیلەكان دەتوانن بە ووردی جیاوازییە دەنگییەكان لەو ووشانەی دەگوترێن لێكجیابكەنەوە بۆ دیاریكردنی كەسانی لێكجیاواز لە یەكتری ،  كەچی زۆرینەی ئاژەڵەكانی دیكە تەنها و تەنها دەنگی مرۆڤ دەناسنەوە نەوەك جیاوازی دەنگەكانیان ، ئەمەش یەكەمجارە ئاژەڵێك بدۆزینەوە بتوانێت جیاوازی نێوان دەنگە مرۆییەكان لێكبكاتەوە.

 "كیس لیندسی"، زیندەوەرناسیش كە ئەندامێكی "پڕۆژەی ئەمبوسیلی" یە بۆ توێژینەوە لە فیلەكان دەڵێت ئەوەی فیلەكان دەیكەن كاریكی زۆر ئاڵۆزە ، چونكە زۆرێك لە ئاژەڵان كاتێكی زۆریان پێویستە تاوەكو بە هەڕەشەی مرۆڤەكان ئاشنادەبن ، بەڵام ئاژەڵە زیرەكەكان زوو لەوە حاڵی دەبن و فیلیش یەكێكە لەوانە.
 
ئەو توێژینەوەیە دوای چەند توێژینەوەیەكی دیكە تازە هات كە ئاماژە بەوە دەدەن فیلەكان وەك ئامرازێك بۆ ووریاكردنەوە لە‌ بوونی مرۆڤەكان بانگكردنێكی تایبەت بە خۆیان هەیە ، ئەمەش بەڵگەی سەربارەیە كە فیلەكان پێیان وایە مرۆڤ هەڕەشەیە بۆ ئەوان ، بە كورتیش ئەو دوو توێژینەوە ئاماژەن بۆ ئەوەی كە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و فیلەكان گەیشتۆتە خاڵێكی پڕ دڵەڕاوكێ ، بۆیە پارێزگاریكردنی ئەو جۆرە بەدیهێنراوانە (فیلەكان) كە زیرەكیان لە ئاستێكی بەرزدایە زۆر گرنگ و بایەخدارە و لە هەموو كاتێكی دیكەش پێویستترە كاری لەسەر بكرێت.






ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved