توركیا گەورەترین بەندیخانەی ڕۆژنامەنووسان‌و كارگەی درۆسازی-یە

جیهان

26/11/2018‌ 1126 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: لوقمان حاجی قادر
توركیا هەر تەنیا گەورەترین بەندیخانەی ڕۆژنامەنووسان نییە لەجیهاندا، كە  بەدیكۆمێنتكراوەكانی ڕێكخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور رایانگەیاندووە، بەڵكو بەپێی ڕاپۆرتێكی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، ئەو وڵاتە سەرچاوەیەكی هەواڵە درۆیینەكانیش پلەی یەكەمی لە جیهاندا گرتووە.

ئاژانسەكە لەراپۆرتێكدا دڵنیایكردووەتەوە، كە نیوەی دانیشتوانی توركیا بەرێژەی (49%) رۆژانە هەواڵی درۆیینە دەبیستن، بە بەراورد بەوڵاتی وەك ئەڵمانیا، كە رۆژانە بەرێژەی (9%)  گوێبیستی هەواڵی درۆینە دەبن، ، كە لێكۆڵینەوەیەكی "ڕۆیتەرز" دەڵێت: (38%)ی توركەكان باوەڕ بەڕاستی و دروستی هەواڵەكان دەكەن.

لەو وڵاتە زۆرترین ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی بەندكراویش هەیە، كە لەڕووی ژمارەی ڕۆژنامەنووسی بەندكراواوە ئەنقەرە وڵاتی "چین" یشی تێپەڕاندووە، كە توركیا لە نێوان 180 دەوڵەتدا پلەی 157 گرتووە‌ لەپێنوێنی ئازادی ڕۆژنامەگەریدا.

بۆ نموونە ڕۆژنامەیەكی نزیك لە حكومەت چیرۆكی ژنێكی بەساڵاچووی لەچەكبەسەری گێراوەتەوە، كە وتوویەتی لەلایەن هەندێك گێرەشێوێنەوە لەیەكێك لە گەڕەكەكانی ئەستەمبول هێرشی كراوەتەسەر، چیرۆكەكە زۆر وردەكاری سەیر و سەمەری دیكەشی لە خۆگرتبوو ، كەچی ئەو وێنانەی "رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا" بەڵێنی دا لەو بارەوە بڵاویانبكاتەوە، كە گوایە هی ڕووداوی ژنە لەچك بەسەرەكەن ، چەند مانگێكی خایاند تاوەكو لەڕۆژنامەكان بڵاوبووەوە، وێنەكانیش بە هیچ شێوەیەك هاوتەریب و سازاو نەبوون لەگەڵ وردەكاری ڕووداوە باسكراوەكە.

تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی توركیاش زۆر چیرۆكی لەم بابەتەیان بڵاوكردووەتەوەو لەوانەش پیاداهەڵدانی چالاكوانی سیاسی ئەمریكی "نەوام چۆمسكی" بەسەر ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا ، كەچی ئەو فەیلەسوفە ئەردۆغانی بە "دیكتاتۆر" وەسف كردبوو، بەوەش تۆمەتباری كردووە خاوەن پێودانگی دووسەرەیە لەمامەڵەكردن لەگەڵ تیرۆردا.

هەروەها چیرۆك و وێنەی لاشەی موسولمانانی بۆرما، كە لاشەكانان سەرئاوی ڕووباری میانمار كەوتوون بڵاوكرانەوە، گرتە ڤیدیۆیەكی فڕۆكەیەكی توركیش بڵاوكراوەتەوە، كە پێگەیەكی كوردی لە سوریا بۆمباران دەكات، هەموو ئەو هەواڵانە لەكۆلكەیەكی هاوبەشدا یەكدەگرنەوە، كە ساختەكارن.

مارك لۆینی پەیامنێری "بی بی سی" لە ئەستەمبوڵ دەڵێت: لە‌ دەوڵەتێكی وەك توركیا "بیردۆزەی پلانگێڕی" بازاڕی گەرمە ، سەخت و دژوارە "ڕاستی و خەیاڵ" لێكجیابكەینەوە ، چونكە زانیارییەكان بە مەبەستی زیاتر سەرنجڕاكێشانی جەماوەر بەكاردەهێندرێن. 

لە ساڵی 2016 ڕۆژنامەنووسێكی گەنج بەناوی"محەمەد ئاتاكان فۆكا" پێگەیەكی ئەلەكترۆنی بەناوی "تیت دۆت ئۆرۆغ"وە دانا ، وشە‌ی "تیت" یش بە توركی واتای "دڵنیابوونەوە"یە ، ئەركی پێگەكە دڵنیایی بوونە لە ڕاستی و دروستی ئەو هەواڵانەی لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاودەكرێنەوه.

فۆكا دەڵێت: لەو پێگەیەدا زۆر توانستی بەهرەمەندانە و لێهاتووانەی ڕۆژنامەوانی و تەكنەلۆژی ژمارەیی بەكاردێنن بۆ دەرخستنی چیرۆكە ساختەكارەكان، كە ڕۆژانە دەگەنە 30 چیرۆك. 

ئەو وتیشی: "ئێمە پێویستیمان بەوەیە خەڵك فێربكەین و چاویان بكەینەوە و ئامرازی تایبەت بەو كارەشیان بخەینە بەردەست، تاوەكو خودی خۆیان بتوانن لە ڕاستی و دروستی ئەو هەواڵەكان‌ دڵنیابنەوە".

ڕۆژنامەنووسەكە هەروەها وتی: بەوەی لەماوەی دووساڵی ڕابردوودا لە ساختەكاری 526 چیرۆك دڵنیابووینەوە، كە زۆرینەیان چیرۆكی سیاسین ، وێنەی بڵاوكراوەش هەن، كە دەستكاریكراون و فۆتۆشۆپن یان دەنگۆی درۆینە ‌هەن لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراونەوە.

نەك هەر ئەوەندەش ، بگرە دەكرێت پڕۆسەی بەدواداچوونی ڕاستییەكانیش وەك ئامرازێك بۆ دەستكەوت‌و ئامانجی سیاسی بەكاربێن لە توركیادا ، بۆ نموونە یەكێك لە پێگەكانی وردبینیكردنی هەواڵەكان، كە ژنە نووسەرێك بەڕێوەی دەبات ستوونێكە لەڕۆژنامەی "سەباح" سەر بە حكومەت ، كەچی لە جیاتی ئەو مێردەكەی بەرێوەی دەبات، جا لە بری دەرخستنی ڕاستی و دروستی هەواڵ و وێنەكان پاڵپشتی هەڵوێستەكانی حكومەت دەكات و كاریش لەسەر ئەوە دەكات متمانەداری بەرهەڵستكاران لەكەدار بكات.  

فۆكا دەشڵێت: "ئازادی ڕادەربرین لە توركیادا نییە ، هەتا پێگەكانی بەدواداچوونی ڕاستییەكانیش بۆ ڕیكلامكردن بەكاردێن‌و چەكێكی دیكەن بەدەست حكومەتەوە".