فیله‌كان توانستى جیاكردنه‌وه‌ى زمانه‌ مرۆییه‌كانیان هه‌یه‌

sharpress.net

105 جار خوێندراوه‌ته‌وه

26/11/2018‌

وه‌رگێرانى : لوقمان حاجى قادر


وازانراوه‌ كه‌ فیله‌كان له‌ زیره‌كترین به‌دیهێنراوه‌كانى سه‌ر گۆى زه‌وین ، به‌ڵام ئه‌نجامى لێكۆڵینه‌وه‌ تازه‌كان توێژه‌رانى توشى شۆك كاتێك له‌ "باخچه‌ى ئه‌مبوسیلى نیشتمانى" له‌ كینیا تۆماره‌‌ ده‌نگییه‌ مرۆییه‌كانیان خسته‌به‌رگوێى فیله‌كان ، فیله‌كان زانین و په‌یپیبردنى خۆیان له‌ به‌رامبه‌ر زمانه‌‌ مرۆییه‌كان نیشاندا كه‌ پێشتر له‌ هیچ به‌دیهێنراوێكى دیكه‌ى‌ جگه‌ له‌ مرۆڤ به‌دینه‌كراوه.‌ 

چۆن تویژه‌ران گه‌یشتنه‌ ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌؟

توێژه‌ران له‌ جارى یه‌كه‌مدا ده‌نگى قسه‌كه‌رانى هۆزى  شوانكاره‌ى"ماسا" یان خسته‌ به‌رگوێى فیله‌كان كه‌ هۆزێكن به‌وه‌ ناسراون دڕ و دوژمنكارن به‌رامبه‌ر به‌ فیله‌كان ، له‌ جارى دووه‌میشدا ده‌نگى قسه‌كه‌ر‌انى هۆزى "كامبا" كه‌ زۆرینه‌ى فه‌ر‌مانبه‌رانى باخچه‌كه‌ قسه‌ى پێده‌كه‌ن و ده‌گمه‌نیش وایه‌ هیچ مه‌ترسییه‌كیان بۆسه‌ر فیله‌كان هه‌بووبێت ، هه‌موو ده‌نگه‌كان به‌ زمانى جیاواز یه‌ك شتیان ده‌گووت : ده‌یانگووت "ته‌ماشاكه‌ ، ته‌ماشاى ئێره‌كه‌".
كه‌ فیله‌كان گوێیان له‌ ده‌نگى قسه‌ تۆمار‌كراوه‌كانى هۆزى "ماسا" ى ده‌بوو به‌ تایبه‌تیش ده‌نگى پیاوه‌ پێگه‌یشتووه‌كانى هۆزه‌كه‌ ، فیله‌كان ڕه‌فتارێكى به‌رگریكارانه‌یان ده‌نواند و كۆده‌بوونه‌وه‌ سه‌ر یه‌كترى و دوورده‌كه‌وتنه‌وه‌ ، كه‌ تۆماره‌ ده‌نگییه‌كانى قسه‌كه‌رانى هۆزى "كامبا" شیان به‌رگوێ ده‌كه‌ت به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك سه‌غڵه‌ت نه‌ده‌بوون و له‌ جوڵه‌ى ئاسایى خۆشیان نه‌ده‌كه‌وتن. 
"غریم شانۆن" ى سه‌رپه‌رشتیارى تیمى توێژینه‌وه‌كه‌ له‌  زانكۆى "ساسیكیس" له‌ ڕاپۆرته‌كه‌ى خۆیدا ده‌ڵێت:  توانستى جیاكردنه‌وه‌ى ده‌نگى پیاوانى سامبا و كامبا كه‌ هه‌ر‌ یه‌كه‌ و به‌ زمانى خۆیان هه‌مان شتیان ده‌گووت ، ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى فیله‌كان ده‌توانن ده‌نگه‌ جیاوازه‌كان لێكجیابكه‌نه‌وه‌.
ئه‌مه‌ش واتاى ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ فیله‌كان له‌ واتاى ووشه‌كان تێده‌گه‌ن ، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه‌ كه‌ فیله‌كان ده‌توانن به‌ ووردى جیاوازییه‌ ده‌نگییه‌كان له‌و ووشانه‌ى ده‌گوترێن لێكجیابكه‌نه‌وه‌ بۆ دیاریكردنى كه‌سانى لێكجیاواز له‌ یه‌كترى ،  كه‌چى زۆرینه‌ى ئاژه‌ڵه‌كانى دیكه‌ ته‌نها و ته‌نها ده‌نگى مرۆڤ ده‌ناسنه‌وه‌ نه‌وه‌ك جیاوازى ده‌نگه‌كانیان ، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مجاره‌ ئاژه‌ڵێك بدۆزینه‌وه‌ بتوانێت جیاوازى نێوان ده‌نگه‌ مرۆییه‌كان لێكبكاته‌وه‌.
 "كیس لیندسى"زینده‌وه‌رناسیش كه‌ ئه‌ندامێكى "پڕۆژه‌ى ئه‌مبوسیلى" یه‌ بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ فیله‌كان ده‌ڵێت ئه‌وه‌ى فیله‌كان ده‌یكه‌ن كاریكى زۆر ئاڵۆزه‌ ، چونكه‌ زۆرێك له‌ ئاژه‌ڵان كاتێكى زۆریان پێویسته‌ تاوه‌كو به‌ هه‌ڕه‌شه‌ى مرۆڤه‌كان ئاشناده‌بن ، به‌ڵام ئاژه‌ڵه‌ زیره‌كه‌كان زوو له‌وه‌ حاڵى ده‌بن و فیلیش یه‌كێكه‌ له‌وانه‌.
 ئه‌و توێژینه‌وه‌یه‌ دواى چه‌ند توێژینه‌وه‌یه‌كى دیكه‌ تازه‌ هات كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن فیله‌كان وه‌ك ئامرازێك بۆ ووریاكردنه‌وه‌ له‌‌ بوونى مرۆڤه‌كان بانگكردنێكى تایبه‌ت به‌ خۆیان هه‌یه‌ ، ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌ى سه‌رباره‌یه‌ كه‌ فیله‌كان پێیان وایه‌ مرۆڤ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ ئه‌وان ، به‌ كورتیش ئه‌و دوو توێژینه‌وه‌ ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ په‌یوه‌ندى نێوان مرۆڤ و فیله‌كان گه‌یشتۆته‌ خاڵێكى پڕ دڵه‌ڕاوكێ ، بۆیه‌ پارێزگاریكردنى ئه‌و جۆره‌ به‌دیهێنراوانه‌ (فیله‌كان) كه‌ زیره‌كیان له‌ ئاستێكى به‌رزدایه‌ زۆر گرنگ و بایه‌خداره‌ و له‌ هه‌موو كاتێكى دیكه‌ش پێویستتره‌ كارى له‌سه‌ر بكرێت.







ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved