مەسعود بارزانی پۆستی سەرۆكی هەرێم وەرناگرێتەوە

کوردستان

28/11/2018‌ 4790 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەچوارچێوەی ئەو گفتوگۆ و پێشنیازانەی لەناو پارتی دیموكراتی‌و ماڵباتی بارزانی لەسەر چالاككردنەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كراوە، مەسعود بارزانی وەرگرتنەوەی پۆستەكەی رەتكردووەتەوەو بڕیارە ئەو پۆستە بدرێت بەنێچیرڤان بارزانی، كە سەرۆكی حكومەتەو پۆستەكەی ئەویش بدرێت بەمەسرور بارزانی.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو پارتی دیموكرات بۆ شارپرێس وتی: "پارتی نیگەران بووە لەو راگەیاندنەی پێشووتری فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتەكە، كە رایگەیاندبوو نێچیرڤان بارزانی كاندیدی ئەوانە بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەت، چونكە پارتی بەنیاز نییە ئەو بۆ ئەو پۆستە كاندید بكاتەوە".

سەرچاوەكە وتیشی: "مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی بەتەواوەتی پشتیوانی ئەو بۆ چوونە ئەكات، كە چیتر مەسرور بارزانی لەسێكتەری ئەمنی نەمێنێتەوەو پۆستێكی مەدەنی حكومی وەربگرێت، بۆ ئەو مەبەستەش بەراشكاوانە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی برازای گفتوگۆی كردووەو لەسەر ئەوە رێككەوتوون، نێچیرڤان بارزانی سەرپەرشتی دانیشتنەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت بكات، بەو مەرجەی پێكهێنانی حكومەت بدرێت بەمەسرور بارزانی‌و ببێتە سەرۆكی حكومەت و كابینەكەی نوێ‌ پێكبهێنێت".

سەرچاوەكەی شارپرێس باسی لەوەش كرد، پێشنیازی تریش هەبوو، كە نێچیرڤان بارزانی بۆماوەی شەش مانگ سەرۆكی حكومەت بێت‌و دواتر ئەو پۆستە بدرێت بە مەسرو بارزانی، بەڵام نێچیرڤان ئەوەی رەتكردووەتەوە و ئەوەی بەباشی نەزانیوە بەهۆی ئەوەی دواتر لەدانانی وەزیرەكان گرفت دروست دەبێت.

زانیارییەكانی سەرچاوەكە باس لەوەش دەكەن، ئێستا ئەو بابەتە لەناو پارتی تارادەیەك یەكلابووەتەوە، چونكە مەسعود بارزانی پێداگری لەسەر ئەو نەخشە تازەیە كردووە، هەر بەمەبەستی ئەوەش لەسەردانەكانی ئەم دواییانەی وەك ئامادەسازی، مەسرور بارزانی لەگەڵ خۆیی بردووە بۆ بەغداو گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی عێراقی.

لەبارەی چۆنییەتی چالاكردنەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێم، ئێستا پارتی ئەو پرسەی بەلاوە گرنگەو بڕیارە دوای شەش مانگ لە پێكهێنانی حكومەت، ئەو پرسە بەرێتە پەرلەمانی كوردستان‌و یەكلایبكاتەوە، كە پێشتر پۆستی سەرۆكی هەرێم كێشەی نێوان لایەنەكان بوو.

مەسعود بارزانی تا مانگی 11ی ساڵی رابردوو سەرۆكی هەرێم بوو، كە لەو وادەیە دەستبەرداری پۆستەكە بوو، پەرلەمانیش پۆستەكەی هەڵپەساردو دەسەڵاتەكانی بەسەر سەرۆكایەتییەكانی تر دابەشكرد.

هەروەها شارپرێس ئەوەشی زانیوە، كە پارتی بەوە رازی بووە سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێرێت، تا پێویستی بەیاسای تازەو هەڵبژاردن نەبێت، كە پێشتر ئەوەی رەتدەكردەوە.

چاودێران وای بۆ دەچن، كە پەلەكردنی پارتی بۆ چالاككردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم و دانانی سەرۆكی هەرێم ، بەشێكی زۆری پەیوەستە بەپۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، كە ئێستا لەلای یەكێتییە و پارتی ترسی ئەوەی هەیە، بەبەتاڵ مانەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێم، كە بەئیستحقاقی خۆی دەزانێت، زیانی بۆ پێگەی پارتی هەبێت، ئەمەش زیاتر لەكاتێكدا پارتی لە هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح بۆ ئەو پۆستە نیگەرانە. 

هاوكات سەرچاوەیەكی ئاگاداری ناو یەكێتی لەو بارەوە بەشارپرێسی وت: مەسعود بارزانی "لەزۆربەی ئەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان و وڵاتانی دراوسێ‌ كردویەتی، باسی لەوە كردووە سەرۆككۆمار نوێنەرایەتی پرسی كورد ناكات و ئەو تەنیا نوێنەرایەتی یەكێتی دەكات"، ئەوەش لەكاردانەوەی نیگەرانییەكانی لەچۆنییەتی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لەمانگی 10ی رابردوو.

هـ ـ ح