چۆن ڕێگریی لە توشبوون به‌ئەنفلۆنزا بکەین؟

تەندروستی

30/11/2018‌ 719 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئه‌نفلۆنزا كه‌ به‌هۆی سه‌رماوه‌ له‌م وه‌رزه‌دا نه‌خۆشییه‌كی باوه‌، یەکێک لەو کێشانەیە کە لەگەڵ دەستپێکی وەرزی سەرماوسۆڵەدا تووشی دەبین، لەم کورتە بابەتەدا چەند خاڵێک بۆ کەمکردنەوەی تووشبون بەم نەخۆشییە ده‌خه‌ینه‌ڕوو.

- لە پەیوەندی نزیک لەگەڵ کەسانی دەوروبەرتان دوور بکەونەوە

کاتێک کە ئێوە پێویستتان بە ئۆتۆمبیڵ‌و پاسی گشتی بۆ هاتوچۆکردن هەیە یان ناچارن لە شوێنی گشتی هاتووچۆ بکەن، دەبێت سەرنج لەم خاڵە بدەن کە لەم شوێنانەدا بەتایبەت لەوەرزی سەرماوسۆڵەدا گواستنەوەی ڤایرۆس و تووشبوون بەنەخۆشی سەرماخواردن یان ئەنفڵوانزای سەرما زۆرە، لەبەرئەوە دەستدان و پەیوەندی نزیک دروستکردن لەگەڵ کەسەکان دوور بکەونەوە، گەریش سواری سەیارەو پاسی گشتی بوون لە دەمامک سوود ببەن.

- دەستەکانتان زۆر بشۆن

بەتایبەت لەوەرزی سەرمادا کە ئەگەری گواستنەوەی ڤایرۆس بۆ جەستە لەڕێگەی دەستەوە زۆرە، ڕێنمایی ده‌درێت کەبەشێوەیەکی بەردەوام شۆردنی دەستەکانتان بە شامپۆ و سابوون و کەرەستەی خاوێنکردنەوەی شیاو لەگەڵ پێستاندا بشۆن.

- لەجێی خواردنی خێرا(fast food) لە شۆرباو شلەمەنی سوود ببەن

خواردن و خواردنەوەی گەرم لەم وەرزەدا ئێمە یارمەتیدەدات، تا جەستەی خۆمان گەرم ڕابگرین و ئەم بابەتە بۆ ڕێگری گرتن لە توشبوون بە سەرماخواردن یارمەتیدەرە و بۆ دەرمانی ئەویش سوودبەخشە.

- کاتژمێری جەستەی خۆتان لەگەڵ وەرزەکەدا ڕێکبخەن

لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە گەر بتوانن بەپێی هەر وەرزێک بەرنامەو پڕۆگرامی ژیانی خۆتان ڕێکبخەن، لە تەندروستی جەستەیی و ڕۆحیتاندا کاریگەری دەبێت.

بۆ نموونە، لە وەرزی سەرماوسۆڵەدا کە کەشی دونیا زووتر تاریک دەبێت، باشتر وایە ئێوەش بەرنامەی خەوتنی خۆتان لەگەڵ ئەودا هەماهەنگ بکەن.

- هه‌ڵگرتنی ڤیتامینی D جەستەتان باشتر ڕادەگرێت

ئه‌نفلۆنزا لە وەرزی سەرماوسۆڵەدا بەهۆی کەمتر بەرکەوتنیی خۆرەتاو لەجەستەیە، کەلەمکاتەدا ڤیتامینی کەمتر وەردەگرێت. ئەم دۆخەش لە تووشبوون بە نەخۆشی گەلێکی وەکوو سەرماخواردن بەتایبەت دەورێکی زۆری هەیە. لەبەر ئەوە بەسوودبردن لەو خواردنانەی کە ڤیتامین Dیان تێدایە، لەنموونەی ماسی، گۆشت، پەنیر و هێلکە، بڕی ئەم ڤیتامینە لە جەستەی خۆتاندا ڕابگرن.

- هەوڵبدەن لە هەوای خاوێن سوودببەن

پیسبوونی دەوروبەر و ژینگەی ئێمە ناتوانرێت ڕێگری لێبکەیت، بەڵام خۆ دەتوانرێت لانیکەم هەواو ژینگەی ماڵەوە خاوێن ڕابگرین. لەبەرئەوە لە وەرزی سەرماوسۆڵەدا دەتوانن لە هەندێک ئامێر بۆ ئەمکارە سوود ببەن، یان لە جۆرەها گیادەرمانی سوودبەخش سوودببەن و گەرووتان گیانێکی تازە پێ ببەخشنەوە.

 

ر . ج