ئایندەی یەكێتی دەكەوێتە دەست نەوەی دووەمی تاڵەبانییەكان

کوردستان

01/12/2018‌ 7513 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: هونەر حەمەڕەشید
كۆچی دوایی‌و چوونە تەمەن‌و كێشەی تەندروستی نەوەی یەكەمی تاڵەبانییەكان، هەلێكی وای دروستكردووە، كە بەم نزیكانە ئایندەی ئەو حیزبە بكەوێتە دەست نەوەی دووەمی ئەو بنەماڵەیە.

جەلال تاڵەبانی،‌ كە دامەزرێنەری یەكێتی نیشتمانییە، لەكۆتایی‌ 2012 نەخۆش كەوت‌و دوای‌ پێنج ساڵ لەتشرینی‌ یەكەمی‌ 2017 كۆچی‌ دوایی‌ كرد، كە ئەوە هەلێك بوو بۆ دەركەوتنی چەند ئەندامێكی تری خانەوادەی تاڵەبانی لەسەروو هەمووشیانەوە، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد هاوسەری مام جەلال.

هیچ كەس نەبوو بەقەد جەلال تاڵەبانی لەئیدارەدانی‌ حیزبەكەیدا شارەزا بێت، هەر ئەوەندەی‌ گۆڕەپانەكەشی‌ چۆڵكرد یەكێتی‌ تووشی كێشە بوو، كە كێشەكانیشی بەردەوامەو ئەو كێشانە دەرفەتێكی تری دروستكردووە، بۆ ئەوەی نەوەی دووەمی تاڵەبانییەكان بێنە پێشەوەو ئەوەی لەئێستاشدا دەردەكەوێت، ئایندەی یەكێتی بۆ ئەو نەوەیە دەبێت.

لەدوای نەخۆشكەوتنی جەلال تاڵەبانی، هێرۆ ئیبراهم ئەحمەد، چەند ساڵێك وەك كەسی یەكەمی یەكێتی دەردەكەوت‌و لەپشتیشییەوە، چەند ئەندامێكی تری خانەوادەی تاڵەبانی هەبوون، لەدیارترینیان شاناز ئیبراهیم ئەحمەدی خوشكی بوو، هەرچەندە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد چەند ساڵێك كەسی یەكەم‌و قسەكەری كۆتایی یەكێتی بوو، بەڵام ئێستا هەڵچوونی تەمەنی‌و خراپی تەندروستی وایكردووە، لەگۆڕەپانەكە دووربكەوێتەوەو ئەو رۆڵەی جارانی نەمێنێت.

لەگەڵ كەمبوونەوەی رۆڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، هاوكات كۆسرەت رەسوڵ، كە جێگری سكرتێری گشتی یەكێتییە، كێشەی تەندروستی هەیەو ئەویش ئەو رۆڵەی جارانی نەماوە، هەرچەندە لەگۆڕەپانەكە بەردەوامە لەكێبڕكێكردن.
 
كێشەكانی‌ یەكێتی‌ سەرچاوەیان زۆرن‌و لەئەنجامی‌ جیاوازی‌ بۆچوونی‌ بەرپرسەكانی‌ لەسەر ئیدارەدان‌و سیاسەتكردنی‌ حیزبەكەیان دروستبووەو بەو هۆیەشەوە چەند ساڵێكە نەتوانراوە كۆنگرە ببەسرێت، كە ئێستاش لەو بارەوە چەند جووڵەیەك لەناوخۆی یەكێتی هەیەو جوڵەكەش بەو ئاراستەیە بەم نزیكانە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی ببەسرێت.

یەكێتی‌ لەدامەزراندنییەوە (ساڵی‌ 1975)، تائێستا سێ‌ كۆنگرەی‌ بەستووەو دەبوو لەساڵی‌ 2014 كۆنگرەی‌ چوارەمی‌ ببەستێت، بەڵام كێشە ناوخۆییەكانی‌ رێگربوون لەبەستنی‌ كۆنگرەو ئێستاش چەند وادەیەك پێشنیازكراوە بۆ بەستنی‌ كۆنگرەكە.

كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی ئەو دەرفەتەیە، كە ماوەیەكە نەوەی دووەمی تاڵەبانییەكان چاوەڕێی دەكەن‌و بەچڕیش كار دەكەن‌و لەپشت ئەو جووڵانەن، كە بۆ بەستنی كۆنگرەكە دەكرێت،لەو بارەشەوە ئامادەكاری باشیان كردووەو چارەنووسیشیان لەوێ‌ یەكلادەبێتەوە.

میراتییەكەی‌ تاڵەبانی‌
جەلال تاڵەبانی‌ هەر نەخۆشییەكەی‌‌و كۆچی‌ دواییەكەی‌ نابێتە كێشە بۆ یەكێتی‌، بەڵكو ناكۆكی‌ گەورە لەسەر كورسییەكەی‌ دەبێت، كە ئەو حیزبە یەكێكە لەحیزبە دەسەڵاتدارەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان، بەهۆی‌ دەسەڵاتیشەوە، ئەو حیزبە خاوەنی‌ سەرمایەكی‌ گەورەیەو ناوچە جێنفوزی‌ خۆی‌ هەیەو خاوەنی‌ دەیان كۆمپانیای‌ بازرگانی‌‌و وەبەرهێنانە لەهەرێمی‌ كوردستان‌و عێراق.

جگە لەمانەش، یەكێتی‌ خاوەنی‌ دەیان پۆستی‌ حكومییە لەهەرێمی‌ كوردستان‌و عێراقدا، ئەمە جگە لەدەیان پۆستیش لەناوخۆی‌ حیزبەكە.

ئێستا لەسەر ئەو میراتییە ، كە خۆی لەدەیان پۆستی ناوخۆیی‌و دەرەوەی یەكێتی دەبینێتەوە، ململانێ‌ هەیەو رەنگە كۆنگرە بەشێك لەو پۆستانە یەكلابكاتەوە، كە نەوەی دووەمی تاڵەبانییەكان چاویان لەسەر ئەو پۆستانەیەو ململانێی‌ توندیشی‌ لەسەر دەكەن.

لەئێستاوە روونە لەناو سەركردایەتی‌ داهاتووی‌ یەكێتیدا ماڵی‌ تاڵەبانی‌ دەست رۆیشتوو دەبن، قوباد تاڵەبانی‌‌و بافێڵ تاڵەبانی‌ (كوڕانی‌ تاڵەبانی‌) لاهور شێخ جەنگی‌‌و ئاراس شێخ جەنگی‌ (برازاكانی‌ تاڵەبانی‌)، ئەو نەوەیەن، كە ئێستا دەتوانرێت بەنەوەی دووەمی تاڵەبانییەكان دابنرێن‌و كار بۆ ئەوە دەكەن لەسەركردایەتی داهاتووی یەكێتی پێگەو رۆڵی گەورەیان هەبێت.

پۆستە هەستیارەكە
پۆستی‌ سكرتێری‌ گشتی‌ یەكێتی‌ لەسەرەتای‌ دورستبوونی‌ ئەو حیزبەوە لای‌ مام جەلال ماوە، باڵاترین پۆستە لەناو یەكێتیدا، هەرچەندە بە‌پێی هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، كە ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی ئامادەیكردووەو بڕیارە لەكۆنگرە یەكلابكرێتەوە، پۆستی سكرتێری گشتی‌‌و مەكتەبی سیاسی نامێنێت.

هەر بەپێی‌ پەیڕەوە ئامادەكراوەكە، لەجیاتی‌ پۆستی‌ سكرتێری‌ گشتی‌، بڕیارە سێ كەس ئەو حیزبە بەڕێوەببەن، دەسەڵاتەكانی سكرتێری گشتی-یان پێبدرێت‌و هەردوو ئەنجوومەنی سەركردایەتی‌و ناوەندی ئێستاش نامێنێت‌و ئەنجوومەنی گشتی سەركردایەتی‌و دەستەی دانایان دروستدەكرێت.

هەروەها پەیڕەوە نوێیەكە، سەركردایەتی‌ یەكێتی‌ بۆ 121 كەس زیاددەكرێت، كە ئێستا 41 كەسە، سەركردایەتییە نوێیەكەش هەر پارێزگایەك لەدوا هەڵبژاردندا لە‌سەدا چەندی‌ دەنگی‌ یەكێتی‌ بهێنێت، لە‌سەدا ئەوەندە پشكیان لەناو سەركردایەتییەكە دەبێت.

بازەكە لەسەر شانی‌ كامیان دەنیشێتەوە.. قوباد یان بافێڵ؟
قوبادو بافێڵ، دوو كوڕی‌ جەلال تاڵەبانین، ئەوان ئێستا زۆرترین چانسیان هەیە، كە ببنە میراتگری‌ باوكیان لەناو یەكێتی‌.

بافێڵ، دوو ساڵ بەر لەدامەزراندنی یەكێتی لەدایك بووەو ئیستا تەمەنی 45 ساڵە، كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووە، ئەو ساڵانێكی‌ زۆر لەسەر شانۆی سیاسی‌ یەكێتی‌ ونبوو، بەتایبەتی‌ پێش نەخۆشكەوتنی‌ باوكی‌، ئەو دوای ڕاپەڕین لەزانكۆی ئۆكسفۆردی‌ بەریتانی‌ سەرقاڵی خوێندن بووە، یەكەم دەركەوتنی ڕاستەقینەشی‌ هەوڵەكانی‌ بوو بۆ دروستكردنی‌ دەزگای دژەتیرۆری یەكێتی‌ لەپێش پرۆسەی‌ ئازادی‌ عێراق لەلایەن ئەمریكاو دوای‌ دووركەوتنەوەی‌ تاڵەبانیش بەهۆی‌ نەخۆشییەوە، دەرفەتی‌ دەركەوتنی‌ زیاتر بوو.

بافێڵ ئێستا پۆستی‌ دەزگای دژایەتی تیرۆری‌ لەناو یەكێتی‌ هەیەو ئەگەر سەیرێكی‌ پەڕە تایبەتییەكانی‌ لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بكەیت، رۆژانە زۆربەی‌ ئەو شاندانەی‌ بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ یەكێتی‌ سەردانی‌ سلێمانی‌ دەكەن، ئەو پێشوازییان لێدەكات.

قوباد كوڕی دووەمی تاڵەبانییەو لەساڵی‌ 1977 لەدایكبووەو بەشی زۆری ژیانی لەدەرەوە بەتایبەت لەبەریتانیاو ئەمریكا بەسەر بردووەو لەوڵاتی‌ بەریتانیا لای باپیری - ئیبراهیم ئەحمەد- لەلەندەن دەژیا.

كاتێك بەرهەم ساڵح نوێنەری یەكێتی بووە لەئەمریكا، قوباد تاڵەبانی وەك یاریدەدەری كاریكردووە ساڵی 2003 گەڕاوەتەوە هەرێمی كوردستان‌و بە بەرپرسیاری‌ رێكخەری پەیوەندی نێوان یەكێتی‌و سوپای ئەمریكا دەستی‌ بەكاركرد.

دواتر ساڵی‌ 2004 قوباد تاڵەبانی گەڕایەوە ئەمریكاو لەوێ بووە بەنوێنەری یەكێتی لەواشنتۆن، ساڵی 2006 یش دوای یەكخستنەوەی ئیدارەی هەولێرو سلێمانی بوو بەنوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمریكا.

قوباد تاڵەبانی‌ ئێستا باڵاترین پۆستی‌ یەكێتی‌ لەناو حكومەت لایە، كە پۆستی‌ جێگری‌ سەرۆكی‌ حكومەتە، لەگەڵ ئەوەی‌ هیچ پۆستێكی حیزبی لەناو یەكێتیدا نییە، بەڵام دوای نەخۆشكەوتنی تاڵەبانی وەك كارەكتەرێكی سیاسی كاریگەری‌ ناو حیزبەكەی‌ دەركەوت.

ئەوەی‌ ئێستا بووەتە جێگەی‌ پرسیار، ئەوەیە كام لەكوڕەكانی‌ تاڵەبانی‌ دەبنە میراتگری‌ راستەقینەی‌ مام جەلال، لەكاتێكدا هەریەكێكیان دەرفەت‌و چانسێكیان بۆ وەرگرتنی‌ ئەو پۆستە هەیە، كە هەریەك لەم دوو كاراكتەرە خاڵی‌ بەهێزو لاوازی‌ خۆیان هەیە لەناو یەكێتی‌، بەڵام نازانرێت دواتر بازەكە لەسەر شانی‌ كامیان دەنیشێتەوە.

لاهور شێخ جەنگی یەكێك دەبێت لەژمارە قورسەكانی ئایندەی یەكێتی
لاهور جەنگی بورهان نوڕەڵڵا، زڕبرای جەلال تاڵەبانی-یەو لەكۆتایی ساڵی هەشتاكان چووەتە ئێران و دواتر چووەتە وڵاتی بەریتانیا، لە 1998 بۆ 1999  گەڕاوەتەوە هەرێمی كوردستان‌و بەرپرسیارییەتی دەزگای دژەتیرۆری وەرگرتووەو لەشەڕی داعش لەسێ‌ ساڵی رابردوو رۆڵی زۆری پێدراوە.

لاهور شێخ جەنگی، هەرچەندە لەچەند ساڵی رابردوو زیاتر رۆڵی سەربازی هەبووە، بەڵام بەم دوایانە لەرۆڵە سیاسییەكانیش دەردەكەوێت‌و لەپرسی گەڕاندنەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی‌و كاندیدكردن‌و هەڵبژاردنی بەسەرۆك كۆمار رۆڵی گەورەی هەبووە، كە ئەوەش سەرەتایەكی باش بوو بۆ دەركەوتنی ناوبراو لەناو یەكێتی‌و بینینی رۆڵی سیاسی.

هەروەها بەم دوایانەش لەچەند رۆڵێكی تر دەركەوتووەو ئەندامی شاندی دانوستانی یەكێتییە بۆ گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم‌و لەكۆبوونەوەكانی ئەم دواییەی سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەردەكەوێت، بۆیە ئەو دەرفەتی ئەوەی لەبەردەستە لەكۆنگرە ببێتە ژمارەیەكی قورسی داهاتووی یەكێتی.

كۆسرەت رەسوڵ.. یاریكەرە بەئەزموونەكە
لەناو هەموو ئەم هاوكێشانەدا كەسێك هەیە، كە نابێت لەبەرچاو نەگیرێت، ئەویش كۆسرەت رەسوڵ جێگری‌ سكرتێری‌ گشتی‌ یەكێتییە، كە بەپێی‌ پەیڕەوی‌ ئەو حیزبە ئێستا لەشوێنی‌ تاڵەبانییە.

ماوەیەكە نەخۆشی‌ تەنگی‌ بەكۆسرەت رەسوڵ هەڵچنییەوە، دوور نییە بەو هۆیەوە كەمێك خۆی‌ لەیەكێتی‌ دوور بخاتەوە، بەڵام بۆ ئایندەی‌ نزیكی‌ یەكێتی‌ رۆڵی‌ گەورەی‌ دەبێت لەیەكلاكردنەوەی‌ ململانێكان.

كۆسرەت رەسوڵ ئەگەر خۆیشی‌ لەسیاسەت دوور بكەوێتەوە ئەوا دوو كوڕەكەی‌ (شاڵاو دەرباز) ئامادەن، كە یەكێكیان ئێستا سەركردایەتی‌ یەكێتییەو ‌‌ئەویتریان وەزیری‌ ئاوەدانكردنەوەیەو دەیەوێت كوڕەكانیشی لەئایندەی یەكێتی رۆڵی گەورەیان هەبێت‌و بۆ ئەوەش هەموو پشتگیرییەكیان دەكات.