محەمەد بن سەلمان سەدامێكی نوێ‌ لەناوچەكەدا

عیراق

01/12/2018‌ 4386 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: لوقمان حاجی قادر
پێگەیەكی ئەلەكترۆنی بەریتانی بەراوردێكی نێوان "سەدام حوسێن" سەرۆكی رێشووتری عێراق‌و "محەمەد بن سەلمان" جێنشینی سعودییەی كردووە.

مەهدی مەدرەسی نوسەر و لاهوتناس ، بەراوردەكەی كردووە، ئەوەش دوای روودانی كوشتنی جەمال خاشقچی رۆژنامەنووسی سعودی لەئەستەنبوڵی توركیا، كە دەستی تۆمەت لەو رووداوە بۆ محەمەد بن سەلمان رادەكێشرێت.

 مەدرەسی لەوتارێكیدا، لە پێگەی ئەلەكترۆنی ((Middle East Eye)  بەریتانی بڵاویكردووەتەوە نووسیویەتی: لەئێوارەیەكی درەنگی هاوینی 1988 دایكی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی بۆ كراووە ،‌ ئەو كات ئەوان لەئێران نیشتەجێبوون و لەژێر پاسەوانییەكی ئەمنی توندوتۆلدا بوون ، لەو كاتەشدا باوكی لەوڵاتی بەڕازیل بووە.

وەك مەدرسی دەڵێت: ترس و شپرەزەیی دایكی لەو كاتەدا یارایی (قابیلی) شڕۆڤەكردن نەبوو ، بەڵام دواتر زانی، كە ئاژانسی هەواڵگری نیشتمانی بەڕازیل كردەوەیەكی تیرۆری پوچەڵكردووەتەوە، كە لەوانە بوو ژیانی باوكی كۆتایی پێبینێت ئەو كات بەرهەڵستكارێكی دیاری ڕژێمەكەی سەدام بوو. 

مەدرسی دەشڵێت: باوكم ئەو كات ئامادەی لووتكەیەكی بەرهەڵستكارانی عێراقی بوو، كە بڕازیلیای پایتەخی بەڕازیل میوانداری دەكرد. 

لەم كردەوە شكستخواردووەدا ، تیمی بكوژەكان لەنزیك شوێنی كۆنگرەكە دەستگیركران، كە پڕچەكبوون بە چەكی هەمەجۆر و پێكەر (قناص)ی بێدەنگ (كاتم) و ئامرازی دیكەو وێنەی شوێنە بەئامانگیراوەكەشیان لە لابوو.

سەرباری ئەوەی هەواڵەكە‌ شۆكئامێز بوو، بەڵام لای ئەو سەیرنەبوو، ئەمەش لەبەر دوو هۆكار: یەكەم، سەدام ژمارەیەكی زۆری بەرهەڵستكارانی عێراقی تیرۆر كردبوو، كە یەكێك لەوان مامی باوكی بوو، جگە لە تیرۆركردنی هاوڕی‌و هاوڕییانی كاری دیكەی. 

دووەم ، دادگانی شۆڕشی بەعس بێ ئامادەبوونی خۆی فرمانی لەسێدارەدانیان بۆ دەركردبوو كە بۆ بەرهەڵستكارە سەرسەخت و خاوەن هەژموونەكانی سەدام و ڕژێمەكەی دەردەچوون. ئەم ڕووداوە بوێری و ئەقڵیەتی شێتانەی بەعسی دەردەخست لەو هەوڵانەی كە بە نوێژی نیوەڕۆ  بۆ لەناوبردنی نەیارە بەرهەڵستكارەكانیان دەیاندا لە دەرەوەی ووڵات. 

مەدرسی هەروەها دەڵێت: كاتێك نۆكەرانی هەواڵگری سعودیە خاشقچییان ڕفاند  و كوشتیان كە نووسەر بوو لە ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست"ی ئەمریكی ، یەكەم شت كە بیری لێكردۆتەووە بوونی سەدامێكی دیكە بوو لە نێوماندا. سەدام كەسایەتییەكی ئەهریمەنی بوو كە گیانی لە ملیونەها عێراقی زەووتكرد و بگرە لەوەش زیاتری پێلێڕاكێشا ، واپێدەچێت محمدی كوڕی سەلمانی سعودی كۆپییەكی دیكەی تازەی سەدام بێت ، جێنشین خاوەن گەنجێتی و پارە و سامان و دەسەڵاتە ‌ ، لەوساوەی لە جەنگی جینشینی سعودیەدا براوەبوو لە ساڵی 2017 ، هەڵمەتێكی بێهودەی بەردەوامی كوشتن و بڕینی دژ بە نەیارەكانی دەستپێكردووه. 

ئەوەشی ڕوونكردووەتەوە ئەو كات پاساوهێنانەوە بۆ سەدام حوسین لە ڕۆژئاوا ئاسایی بوو ، ئێستاش هەمان شت بۆ كوڕەكەی سەلمان دەكەن. تەنها جیاوازیەكەش ئەوەیە كاتێك سەدام دەیەها هەزار كەسی تیرۆر كردوون و لە سێدارەیدان ، جیهان بانگەشەی بێئاگایی خۆیان لەو كارانە دەكرد. بەڵام ئەوەی بەسەر خاشقچی هات هەموو هاوكێشەكانی سەروژوور كردنەوە: ئێستا بەڕوون و ئاشكرایی دیارە كە محەمەدی كوڕی سەلمان فەرمانڕەوایەكی سەرشێت و كێوییە  و وەك سەدامیش جێگەی متمانە نییە. 

كاتێكیش بەرپرسە رۆژئاواییەكان و پیاوانی كار ڕەتیان كردەووە ئامادەی كۆنگرەی "دافۆسی بیابان" بن كە كوڕەكەی سەلمان ڕیكلامی چڕوپڕی بۆ كردبوو ، جێنشینی سعودیە لە ووتارێكیدا لە كۆنگرەكە كە ڕووی لە ڕوسیا ونێردراوەكانی دیكەی ووڵاتان بوو ووتی:"ئێستا دەزانین نزیكترین دۆست و سەرسەخترین دوژمنەكانمان كێن". ئیدی لەو ساتەوە ئاماژەكانی دەرچوونی كوڕەكەی سەلمان لە بازنەی هاوپەیمانە ڕۆژئاواییە باوەكانی دەركەووتن. ئەمەش‌ بە پێچەوانەی سەدامەوە بوو كە چەند دەیەیەكی پێچوو تاكو دەستبەرداری پشتیوانە باوەكانی بوو ، جێنشینی سعودیە هەر‌ بە ڕاستی پەیامەكەی ئەوەیە  : "یان  دەبێت لەسەر ڕێبازی منبن یان بڕۆن" ، ئەو بەهیچ شێوەیەك پەشیمان نەبوو لەوەی كردی ، بیریشتان نەچێت كە ئەو هێشتا 33 ساڵە و زۆریشی لەبەردەمدایە ئەنجامی بدات.