گەورەترین فێڵ‌و كڵاوخستنە سەر لەمێژووی مرۆڤایەتیدا

جیهان

02/12/2018‌ 5910 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شار پرێس: حلمی رسول رەزا
كەسایەتییەك بەناوی " گریگۆر ماكگریگۆر" بەناوبانگترین پرۆسەی فڕوفێڵ و كڵاوخستنە سەری ئەنجامدا لە ساڵی 1822. 

ناوبراو، كە خەڵكی سكۆتلەندایە بەیەكێك لە كەسایەتییە زیرەكەكان لە مێژوودا دادەنرێت، هەڵسا بەتەڵەكەبازییەكی گەورە و بووە مایەی سەرسوڕمانێكی بەرچاو.

گریگۆر بەجێبەجێكردنی بیرۆكەكەی، لەو كاتەی هەردوو كیشوەری ئەمەریكا دۆزرابوونەوە و خەڵك لە ئەوروپاوە دەستی بە كۆچكردن كردبوو بەمەبەستی دەست پێكردنی ژیانێكی نوێ‌و كۆكردنەوەی سامان لەسەر ئەو زەویە تازەیە، سەرەرای ئەوەی دەیانویست لەوانە بن، كە بە زووترین كات دەگەنە ئەوێ و رەگ دابكوتن.

ناوبراو ئەو دۆخەی قۆستەوە و پروپاگەندەی ئەوەی بڵاوكردەوە گوایە شوێنێك هەیە لەتەنیشت دەریای رەش لە هیندۆراس ژیانێكی شاهانەی تێدا دەبرێتە سەر و ئێستا بە تەنیا لەو بەهەشتەدا دەژی. 

پاشان زیاتر پەرەی بە درۆكانی داو لە خەیاڵدانیدا دەستی بەكێشانی تابلۆی رەنگاو رەنگ كرد دەربارەی ئەو ژیانی لەو پارچە زەویەدا هەیە و وای دەردەخست ژیانی ئەوێ سەدان جار لەژیانی ئەوروپیەكان باشترە، ئینجا بەناوی خوازراوەوە كتێبێكی نووسی دەربارەی جوانی ئەو شوێنە و رواڵە سروشتی و دەریاو چیاكانی.

گریگۆر ئەو زەویەی ناوزەند كردبوو بە "پۆیایز" و پاشان دەستی بە پروپاگەندە كرد و داوای لە خەڵكی دەكرد كۆچ بكەن بەرەو ئەوێ پاڵپشت بەو كتێبەی نوسیبوی و ناوی خۆی لەسەر نەبوو، كاریكی تریشی ریكلام كردن كردن بوو لەرۆژنامە بەناوبانگەكانی سەردەمی خۆی. 

هەر بەمەشەوە نەوەستا، هەندێك دراوی بە كاغەز دروست كرد و دروشمی تایبەتی بەو وڵاتە نوێیە چاپ كرد.

گریگۆر بەو كارەی توانی 200 ملیۆن جونەیهی ئیستەرلینی بەدەست بهێنێ، ئەم بڕە پارەیە زۆر گەورەبوو بۆ ئەو سەردەمە ، سەرەرای ئەوەی بەهای ئەو پارە كاشەی بەو پرۆسەیە پەیدای كرد چەندین ئەوەندە زیاتر بوو.

قسەو وێنە و تابلۆكانی گریگۆر وای كرد زۆربەی خەڵك بڕوای پێبكەن، و كۆمەڵێكی پێك هاتو لە 250 كەس لە رێگای دەریاییەوە بە دوو كەشتی كەوتنە رێ بەرەو ئەو زەویەی ناوبراو بەبەهەشت وەسفی كردبوو لە ساڵی 1822، لەكاتی گەیشتنیان توشی بێ هیواییەكی گەورە بوونەوە، هیچیان نەدی جگە لە زەویەكی وشك؛ كە هەرگیز بۆ ژیان دەستی نەدەدا. چونكە ئەو زەویە لە هیندۆراس بچوكترین مەرجی ژیان بردنە سەری تێدا نەبوو، له هەمان كاتدا بەهۆی ئەو دۆخە دەرونیەی كۆچكردوەكان توشی بوون نزیكەی سێ یەكیان مردن، ئەوانەشی مابونەوە بە رێكەوت كەشتیەكی بریتانی رزگاری كردن، لە پاش ئاشكرابوونی درۆكەی؛ گریگۆر بەرەو فەرەنسا هەڵات، بەبێ ئەوەی هیچ پەندێك لەم روداوە وەربگرێت، لەوێش كارەكەی دووبارە كردەوە.

پروپاگەندەی گریگۆر لەلایەن فەرەنسایەكانەوە گرنگیەكی زۆری پێدرا و داوایان لە دەسەڵاتدارانی وڵاتەكەیان كرد بواری كۆچكردنیان پێبدات بەرەو پۆیاز، ئەمەش وای كرد بەرپرسەكان لێكۆڵینەوە لەم بابەتە بكەن بۆ ئاشكرا كردنی راستیەكان، لە ئەنجامدا زیندانی كرا. لەپاش تەواو كردنی سزاكەی گریگۆر رۆیشت بۆ كاراكاس، و لە ساڵی 1845 كۆچی دوایی كرد.