دەستی لەناو حكومەت‌و پارتی كورتدەكاتەوە
مەسعود بارزانی كۆتایی بەهەژموونی نێچیرڤان بارزانی دەهێنێت

sharpress.net

10376 جار خوێندراوه‌ته‌وه

02/12/2018‌

شارپرێس:
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكرات دەستی نێچیرڤان بارزانی لەناو حكومەت‌و پارتی كورت دەكاتەوەو بۆ ئەوەش چەند هەنگاوێكی دەستپێكردووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دەست شارپرێس كەوتووە، مەسعود بارزانی دەستی بەچەند هەنگاوێك كردووە، بۆ ئەوەی دەستی بەنێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی‌و سەرۆكی ئێستای حكومەت كورتبكاتەوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان هەنگاوی یەكەمی مەسعود بارزانی بۆ ئەوەیە نێچیرڤان بارزانی لەپۆستی سەرۆكی حكومەت دووربخاتەوەو لەجێگەی ئەو مەسرور بارزانی كوڕی كاندید دەكات بۆ پێكهێنانی حكومەت، كە ئەم هەنگاوە بۆ كەمكردنەوەی دەستی نێچیرڤان بارزانی لەناو حكومەت.

لەساڵی 2005وە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی چەند كابینەیەكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كردووە، بەوەش هەژموونێكی زۆری بەسەر دامەزراوە وەزاری‌و حكومییەكان دروست كردووە، كە بارزانی ئەوە بەمەترسی دەزانێت.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، هەنگاوی دووەمی مەسعود بارزانی بۆ ئەوەیە، كە دەستی نێچیرڤان بارزانی لەناو پارتی كەمبكاتەوە، لەو پێناوەشدا، كەسە نزیكەكانی ، یان لەپۆستەكانیان دووردەخاتەوە، یان بەشێوەیەك لەشێوەكان بێدەنگیان دەكات.

ماوەی رابردوو فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی، كە لەجێگری سەرۆكی پارتەكەی نزیكە رایگەیاند، كاندیدی پارتی بۆ سەرۆكایەتی حكومەت نێچیرڤان بارزانییە، بەڵام ئێستا زۆربەی ئاماژەكان بۆ ئەوەن ، كە مەسرور بارزانی لەجێگەی ئەو كاندید دەكرێت.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە مەسعود بارزانی لەو لێدوانەی فازڵ میرانی نیگەران بووەو هۆشداری ئەوەی پێداوە، لەو بارەوە لێدوانی تر نەدات‌و تەنانەت ئێستا ناوبراو زۆر بەكەمی لەبۆنەو میدیاكان دەردەكەوێت، كە ئەوەش پەیوەندی بەو هۆشدارییەوە هەیە.

هـ ـ ح






ads

زۆرترین خوێندراوە

ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved