دواجار بڕیارە قورسەكەیدا
بۆچی پارتی لەیەك كاتدا كاندیدی هەردوو پۆستەكەی پێكەوە ئاشكراكرد؟

کوردستان

04/12/2018‌ 10106 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەئێستادا بۆ پارتی دیموكرات هیچ بریارێك لەو قورستر نەبوو، پۆستی سەرۆكی حكومەت لەنێچیرڤان بارزانی وەرگرێتەوە، كە لەچەند سەرچاوەیەكی ئەو حیزبەوە ناوبراو بۆ وەرگرتنی پۆستەكە راگەیەنرابوو.

ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكرات رۆژی سێی ئەم مانگە مەسرور بارزانی لەجێگەی نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆكی حكومەت كاندیدكرد، كە ئەوەی دووەمیان نزیكەی 20 ساڵ لەو پۆستە بەردەوامبوو.

سەركردایەتی پارتی هەمان رۆژ، نێچیرڤان بارزانی كاندیدكرد بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، كە بەنیازە بەم نزیكانە ئەو پۆستە كارابكاتەوە، لەكاتێكدا ماوەی ساڵێكە پۆستەكە هەڵپەسێراوە.

راگەیاندنی هەروو كاندید دوو مەبەستی لەپشتەوە بوو، ئەوەش بەمانای ئەوەدێت، پارتی لەئێستاوە دەیەوێت پۆستی سەرۆكی هەرێم وەربگرێت، پاشان بۆ رازیكردن و بلانس راگرتنی نێوان ئامۆزاكان بوو. 

دیارە پێشتر پارتی بەمافی خۆی دەزانی پۆستی سەرۆكی هەرێمی لای پارتی بێت، ئەوەش لەبەرانبەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار، كە لای یەكێتی نیشتمانی بوو، بەڵام بوونی كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار و بەشداریكردنی كێبەركێ‌ لەگەڵ یەكێتی لەسەر ئەو پۆستە، ئەو مافەی لەپارتی سەندەوە، كە پۆستی سەرۆكی هەرێم تەنیا بەمافی خۆی بزانێت.

پێشتر پارتی بەمەرجی خۆی پۆستی سەرۆكی هەرێمی دەویست، ئەمە لەكاتێكدا بوو كورسی پەرلەمانی لەئێستا كەمتر بوو، خۆ ئەگەر لایەنەكانی تر پێكەوە تەبا بونایە، لەپەرلەمان‌و دەوەرەوەی پەرلەمانیش دەنگی زۆرینەیان مسۆگەربوو، بەڵام پارتی هەر پێداگری لەسەر ئەوە دەكرد، لەناو خەڵكەوە هەڵبژاردن بۆ سەرۆك بكرێت.  

ئێستا هەرچەندە كورسی پەرلەمانی زۆری هەیە، بەڵام لەحاڵەتی بەشداریكردنی چەند كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، ئەگەری ئەوە هەیە كاندیدەكەی پارتی بەچەند دەنگێك بیباتەوە، دیارە ئەوەش بۆ پارتی قورسە بەپەنجا كۆ یەك ئەو پۆستە بەرێت.

پارتی بەگەڕانەوە بۆ پەرلەمان لەپێگەو دەسەڵاتەكانی  سەرۆكی هەرێم كەمدەكاتەوە
لەگەڵ ئەوەی پارتی مەبەستی خۆی هەبوو كاندید بۆ هەردوو پۆستی سەرۆكی هەرێم‌و سەرۆكی حكومەت لەیەك كاتدا  دیاریبكات ، بەڵام بەم هەنگاوەی، شانسی ئەوەشی خستووەتە بەردەم لایەنەكانی تر تا لە گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەت دەستیان قورس بكەن بۆ وەرگرتنی ئیمتیازی زیاتر، ئەمە لەگەڵ ئەوەی تێكەڵكردنی ئەو دوو پۆستە، گفتۆگی پێكهێنانی حكومەت قوستر دەكات، چونكە ئەو مافە بەلایەنەكان دەدات لەپاڵ باسكردنی پۆستە وەزارییەكان، باسێكیش لەپۆستی سەرۆكی هەرێم بكەن. 

دیارە كاتێك پارتی پرسی ئاكتیڤ كردنەوەو سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم دەباتە ناو پەرلەمان، بەدڵنیاییەوە نایەوێت كاندیدی ركەبەر هەبێت، بەتایبەتی كاندیدی یەكێتی، بۆیە گومان دەكرێت بۆ مسۆگەركردنی پۆستی سەرۆكی هەرێم، گفتوگۆ و رەزامەندی پێشوەختی لەگەڵ یەكێتی و گۆران وەرگرتوە.

بۆچی سەرۆك لەپەرلەمان هەڵببژێرێت؟
پێداگری چەند ساڵەی پارتی بۆ ئەوەی سەرۆك لەلایەن خەڵكەوە هەڵبژێرێت‌و رەتكردنەوەی خواستەكەی پارتی لەلایەن حیزبەكانی ترەوە، بەتایبەت گۆڕان، هۆكارێكی سەركی پێشێوی‌و بەریەككەوتنەكانی چەند ساڵی رابردووی هەرێم بوو، تیۆریزەكردنی ئەم شەڕە، لەژێرناوی سیستەمی سەرۆكایەتی‌و سیستەمی پەرلەمانی بوو، هەندێكیش بۆ هێوركردنەوە، پێشنیاری نیمچە سەرۆكایەتیان خستە بووە روو، بەڵام ئیستا ئەو باسە تارادەیەك خەریكە لەبیر لایەنەكان دەچێتەوە، یان هێشتا زۆری ماوە، بۆ ئەو كاتە دیاریكراوەی دانراوە بۆ هەڵپەساردنی ئەو پۆستە.  

ئێستا  پارتی  پەلەیەتی و خۆیی پێشنیاری ئەوەی خستووەتە بەردەم لایەنەكان، تا كاندیدەكەیان لەناو پەرلەمانەوە هەڵیژێرێت. وەڵامی راستی ئەو پرسیارگەلەی لەپشتی ئەم پەلە كردن و بادانەوەی پارتی ئەوەیە، دەیەوێت بەپۆستی سەرۆكی هەرێم قەرەبووی شكستی وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆمار بكاتەوەو پەلە بكات بۆ پركردنەوەی ئەو بۆشاییەی لەبەر دەم پارتی دروست بووە بۆ سەركردایەتی كردنی پرسی كورد. 

پارتی  ئەو پێداگرییەی جارانی  لەسەر چۆنییەتی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك و ئیمتیازو دەسەڵاتە فراوانەكەی، زیاتر  بۆ پاراستنی پێگەی مەسعود بارزانی بوو، دیارە لەناو پارتیشدا كەس لاری لەوە نەبوو، كە دەبێت پێگەی مەسعود بارزانی لەسەرو هەموو ئیعتبارێكەوە بێت، بە پەرلەمانیشەوە، بەڵام ئێستا مەسعود بارزانی ئەو پۆستەی رەتكردووەتەوە، چیتر ئامادەنییە  ئەو هەموو دەسەڵات و ئیمتیازە بخاتە ژێر دەستی هیچ كەسێكی تر  جگە لەو، بۆیە ئەگەر لایەنەكانیش داوای ئەوەبكەن كە سەرۆك لە ناو خەڵكەوە هەڵبژێرێت‌و هەموو دەسەڵاتەكانی جارانی هەبێت، ئەوا پارتی پێش هەموو لایەنەكان خۆی رەتی ئەو پێشنیارە دەكاتەوە، چونكە كۆدەنگی ناو پارتی بەدەستناهێنێت، بەمەرجێك ئەگەر كاندیدەكەیان هەمان كەسی ئێستا بێت بۆ ئەو پۆستە. 

دیارە بەم هەنگاوەشی دەنگی هەندێك لەلایەنە نارازییەكانی سیستەمی سەرۆكایەتی لەناو پەرلەمان بۆ كاندیدەكەی مسۆگەر دەكات، ئەوكاتە چیتر خەمی ئەوەی نابێت تەنیا بەدەنگی پارتی و كەمینەكان پۆستی سەرۆكی هەرێم بۆ كاندیدەكەی مسۆگەر بكات.