بڕیاری كۆتایی لەسەر بە نێودەوڵەتیکردنی مه‌رزی پشتە دەدرێت

عیراق

04/12/2018‌ 685 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: یاسین نادر
سبەی چوارشەمە شاندێکی دەستەی دەروازە سنووریەکانی حکومەتی عێراق بەنوێنەرایەتی 12 وەزارەتی حکومەتی عێراق بۆ دوابڕیار لەسەر بەنێودەوڵەتیکردنی مەرزی پشتە لە ناحیەی بەمۆی سەر بەپارێزگای هەڵەبجە، سەردانی مەرزەكه‌ ده‌كات.

حاکم عادل مەلا صاڵح، بەڕێوبەری ناحیەی بەمۆ بە شارپرێس-ی ڕاگەیاند، سەردانی ئەم شاندەی حکومەتی عێراق پاش هەندێک ڕێکار کە لە ماوەی 6 مانگی ڕابردوودا حکومەتی عێراق لە ئێمەی داوا کردبوو، دێت و پاش ڕەخساندنی ئەم هەلومەرجانە بو جاری سێیەم و کۆتاجار سبەینێ بۆ دوابڕیار لەسەر بەنێودەوڵەتیکردنی سنوورەکە سەردانی کۆتاییان دەکەن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، تا ئێستا جموجۆڵی بازرگانی نێوان هەرێم وئێران لە مەرزەکە تا ئەم ساتەش بەردەوامە، بەڵام کار بۆ فراوانکردنی کارەکان لەم سنوورەو  بەنێودەوڵەتیکردنی هەر لە ئارادابووه تا خزمەتی زیاتر بەخەڵکی کوردستان و بازرگانان و بژێوی ژیان بۆ هەزاران خێزانی سنووری پارێزگای هەڵەبجەو دەڤەرەکە و ناوچەکانی تری کوردستان بکەین.

حاکم عادل مەلاساڵح، ئەوەشی نەشاردەوە کە هێشتا کەموکورتییەکان لەم سنوورە لەڕووی ئاوەدانی و بەتایبەتتر لە ڕێگاوبانەکانی مەرزەکە بەدیدەکرێت و دەبێت حکومەتیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و لە داهاتووشدا پاش بەنێودەوڵەتیکردنی لە داهاتی سنوورەکە بۆ خەرجکردنی ئاوەدانی ئەم مەرزە خەرجبکەن.

لەبارەی داهاتی ئەو مەرزی پشته‌وه‌ بەڕێوبەری ناحیەی بەمۆ رونیكرده‌وه‌، داهاتی سنوورەکە هەروەک داهاتی مەرزەکانی تر لە ژێر چاودێری حکومەتی هەرێم و عێراقدا دەبێت و چاوەڕوانی ئەوەشی لێدەکرێت ئەم مەرزە ببێتە مەرزێکی پڕ داهات بۆ هەردوولایەنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق.