هـەڵـەبـجـە داوای قەرەبـوو لـەپـەرلـەمـانـی عـێـراق دەكـات

sharpress.net

198 جار خوێندراوه‌ته‌وه

06/12/2018‌

شارپرێس:
بەمەبەستی قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری قوربانیان كۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە نامەیەك ئاراستەی فراكسیۆنە كوردییەكان لە پەرلەمانیی عێراق دەكات.

كۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە ئاگادارینامەیەك ئاراستەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كردووە، كە لەڕێگای یاساكانی حكومەتی عێراق ‌و دادگای فیدڕاڵییەوە، قەرەبووی كەسوكاری قوربانیانی هەڵەبجە بكەنەوە.

لەئاگادارینامەكەی كۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە، كە ئاراستەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی كراوە و وێنەیەكی دەست شارپرێس كەوتووە، هاتووە: "وا سیانزە ساڵ بەسەر دادگاییكردنی تاوانبارانی كەیسی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا تێپەڕیوەو دواجار لەلایەن دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقەوە بەجێنۆساید ناسێنراوە و قەرەبووی زیانلێكەوتوانی ئەم تاوانە كە دەبێت بكرێتەوە، هێشتاكە نەكراوەتەوە".

لەبەشێكی تری ئاگادارینامەی كۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە ئاماژە بەوەش كراوە، پەرلەمانی عێراق چەند یاسایەكی بەژمارە 20و 16ی ساڵی 2009و 2010بەمەبەستی قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری قوربانیانی تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجە دەركردووە،  بەڵام بەهۆی كەمتەرخەمی وكارنەكردن بەم یاسایانەو نەخستنە نێو بەرنامەو ئەجیندای كاری فراكسیۆنە كوردیەكان، نەتوانراوە نوێنەرانی كورد لە بەغدا سوود لەم یاسایانە بەمەبەستی قەرەبووكردنەوە بۆ هەموو زیانلێكەوتوانی كوردستان لە تاوانەكانی ڕژێمی بەعس بەگشتی وەربگرن، لەكاتێكدا حكومەتی عێراق بۆ قوربانیانی تاوانكاری "دوجەیل و ڕاپەڕینی شەعبانییە" قەرەبووی پێویستیان وەرگرتووە.

لەكۆتایی ئاگادارینامەكەی كۆمەڵەكەدا هەروەها هاتووە، فراكسیۆنە كوردییەكان‌و وەزیرە كوردەكان و سەرۆك كۆماری عێراق، كە لە پشكی كوردن، دەبێت چیتر لەم خوولەی پەرلەمان فشار بخەنەسەر حكومەتی عێراق بۆ ئەم مەبەستە، ئەگینا ئێمە خۆمان وەك كۆمەڵە سكاڵا لەدادگای فیدڕاڵی عێراق لە دژی حكومەت تۆمار دەكەین.

هـ ـ ح






ads

زۆرترین خوێندراوە

ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved