یەكێتی گومانی لەرووداوەكانی سلێمانی هەیە

sharpress.net

4455 جار خوێندراوه‌ته‌وه

06/12/2018‌

شارپرێس:
یەكێتی نیشتمانی گومانی لەرووداوەكانی تەقەكردن‌و كوشتنەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی هەیەو داوا لەهاووڵاتیان دەكات هاوكاری هێزە ئەمنییەكان بكەن بۆ رێگری لەدووبارەبوونەوەی رووداوەكان.

ئەگەر سەیری راگەیەنراوەكانی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بكەیت، رۆژانە رووداوەكانی كوشتن‌و تەقەكردن بووەتە دیاردەو دواین رووداویش رۆژی چوار شەممە كارمەندێكی بەشی پۆلیسی فریاكەوتن لەڕێگەی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە لەئۆتۆمبیلێكەوە تەقەی لێكراو گیانی لەدەستداوە.

ئەوە كۆتا رووداوی سنووری پارێزگای سلێمانی بووە، لەكاتێكدا رۆژی سێی ئەم مانگەش لەشەقامی ئۆرزدی لەشاری سلێمانی و لە نۆرینگەكەی خۆی لەلایەن تۆمەتبارێكەوە تەقە لەكەمال ئەحمەد سەعید كرا و دوو فیشەكی پێوەنرا، هەروەها هەر لەم هەفتەیە تەقە لەبەرێوەبەرایەتی رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی لەناو شاری سلێمانی كراو تەنانەت لەرووداوەكەش، چەكی مامناوەندی وەك ئاربچی بەكارهێنراوە.

جگە لەو رووداوانەش، رۆژانە بەرێوەبەرایەتی پۆلیس لەرێگەی بەشی پەیوەندی راگەیاندنەكانییەوە، دەستگیركردنی تۆمەتبارانی تەقەكردن‌و بكوژران رادەگەیەنێت، بەڵام دیاردەكە بەردەوامی هەیە، كە ئەمانە گومانی لای یەكێتی نیشتمانی دروست كردوە.

حاكم قادر كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی‌و سەرپەرشتیاری مەڵبەندی حیزبەكە لەشاری سلێمانی بۆ شارپرێس وتی: "ئێمە بەوردی چاودێری رووداوەكانمان كردووەو گومانمان هەیە لەوەی، كە لەپڕێكدا بەم شێوەیە ئەو رووداوانە سەریانهەڵداوە".

حاكم قادر وتیشی: "ئێمە هەموو ئەو پێشێلكاری ‌و چوونە سەر خەڵك‌و تەقەكردنانە، كە دەبێتـە مایەی پشێوی‌و دڵەراوكێ‌ لای خەڵك، بەهێڵی سووری دەزانین‌و بەتوندی بەرەو رووی دەبینەوە".

بەرپرسەكەی یەكێتی ئاشكراشیكرد، كە لایەنە ئەمنییەكانی شاری سلێمانی‌و دەوروبەریان ئاگاداركردووەتەوە، ورتر چاودێری بكەن‌و رێگە نەدەن، رووداوی نەخوازراوی تری لەو شێوانە رووبداتەوەو تاوانباران بگرن‌و رادەستی دادگایان بكەن.

هەروەها وتی: بەسوپاسەوە لەچەند رۆژی رابردوودا هێزەكانی پۆلیس‌و ئاساشیش، توانیویانە چەند تۆمەتبارێك بگرن‌و رادەستی دادگای بكەن، داواشی لەهاووڵاتیان كرد، چاوكراوەبن‌و هاوكاری هێزە ئەمنییەكان بكەن، تا پێكەوە رێگە نەدەن ئەمنییەتی سلێمانی‌و ناوچەكە تێكبدرێت.

هـ ـ ح






ads

زۆرترین خوێندراوە

ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved