شارپرێس:
ململانێی نێوخۆیی شیعه‌كان له‌باره‌ی پۆستی وه‌زیری ناوخۆوه تا دێت توندتر ده‌بێت، په‌رله‌مانتارێكیش هۆكاری ترسی به‌شێك له‌لایه‌نه سیاسیه‌كان له‌كاندیدكردنی فالح فه‌یاز ئاشكراده‌كات.
ئه‌حمه‌د وائیلی په‌رله‌مانتاری ئاراسته‌ی مه‌ده‌نی له‌په‌رله‌مانی عێراق بۆچوونی وایه، "وه‌رگرتنی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق له‌لایه‌ن فالح فه‌یازه‌وه، به‌واتای ئه‌وه دێت میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی به فه‌رمی مه‌له‌فی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراقیان وه‌رگرتووه".
به‌گوێره‌ی هه‌واڵێكی ڕۆژنامه‌ی عه‌ره‌بی جدید-ی قه‌ته‌ری، له‌ئێستادا به‌شێك له‌لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق داوایان له عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كانی عێراق كردووه، ده‌ستوه‌ردان بكات بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كاندیدانی وه‌زاره‌ته‌كانی ناوخۆ و به‌رگریی عێراق.
فالح فه‌یاز به‌كه‌سایه‌تییه‌كی نزیك له‌ئێران داده‌نرێت، به‌وته‌ی به‌شێك له‌په‌رله‌مانتارانی عێراق، ئه‌مریكاش له‌فشاره‌كانی بۆ دورخستنه‌وه‌ی فالح فه‌یاز له‌وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زیری ناوخۆ به‌رده‌وامه، له‌به‌رامبه‌ریشدا له‌چه‌ند كاتژمێری رابردوودا قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودس، بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ته گه‌یشته شاری به‌غدا.
ڕ . ج