تەڤگەری ئازادی سکاڵای داخستنی بنکەکانی بردە لای کۆمسیارانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق

عیراق

06/12/2018‌ 322 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شاندێکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان لەگەڵ ئەنجومەنی کۆمسیارانی عێراق کۆبووەوە و سەرۆکی ئەنجومەنەکە ڕایگەیاندوە "بڕیاری داخستنی بارەگاکانی تەڤگەر نایاساییە و فشار دەخەنە سەر حکومەتی هەرێم بۆ کردنەوەی بارەگاکان".

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنج‌شەممە شاندێکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، لە شاری بەغدا لەگەڵ معن هیتاوی، سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمسیارانی عێراق کۆبووەوە و وتووێژیان لەبارەی داخستنی بارەگاکانی تەڤگەر کرد.


نەریمان ئەحمەد، ئەندامی دەستەی بەڕێوبەریی تەڤگەری ئازادیی، لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بە ڕۆژنیوزی نزیک لە تەڤگەری ئازادی ڕاگەیاندوە"لە کۆبوونەوەکەدا باسمان لە بڕیارەکەی حکومەتی هەرێم کرد، کە دەرحەق بە پارتە سیاسییەکان، بە تایبەت لە سەر تەڤگەری ئازادی، دەرکراوە".


بە وتەی ئەو ئەندامەی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەر، سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمسیاران، لە وەڵامی سەردانەکەی شاندەکە جەختیکردوەتەوە، ئەوان ئیدانەی داخستنی بارەگاکانی تەڤگەر دەکەن و بە کارێکی نایاسایی ناویان بردووە، هەروەها باسی لەوەش کردووە بوونی مۆڵەت لە بەغدا بە واتای کارکردن دێت لە تەواوی عێراقدا.


هاوکات مەعن هیتاوی باسی لەوە کردووە "تەڤگەری ئازادیی هێزێکی مۆڵەت پێدراوە و ئەوان فشار دەخەنە سەر حکومەتی هەرێم تا بارەگاکان بکرێنەوە و بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە دەکەن".


ئەوەش لە کاتێکدایە دوێنێ، چوارشەممە شاندەکەی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، کە پێکهاتبوون لە حسێن کەرکوکی و نەریمان ئەحمەد، ئەندامانی دەستەی بەڕێوبەریی تەڤگەری ئازادیی و یوسرا ڕەجەب، پەرلەمانتاری تەڤگەری ئازادیی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە فەرمانگەی کاروباری حزبەکان لە شاری بەغدا سکاڵایان دژ بە قەدەغەکردنیان تۆمارکرد.


تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، لە ڕۆژی ١٧/١٠/٢٠١٤ دامەزراوە و لە سەرەتای دامەزراندنییەوە داوای مۆڵەتی فەرمیی لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام وەزارەتەکە وەڵامی نەداوەتەوە، بەڵام لە ٤/١٢/٢٠١٧ بە فەرمی وەک پارتێکی سیاسی لە تەواوی عێراقدا دانی پێدانراوە و مۆڵەتی فەرمی وەرگرتووە.


حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی ٢٥ی تشرینی دووەم بڕیارێکی بڵاوکردەوە، کە بەپێی بڕیارەکە دەبێت ئەو حزب و ڕێکخراوە سیاسییانەی مۆڵەتیی فەرمییان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان وەرنەگرتووە، بارەگاکانیان دابخەن و ڕێگاش بە ئەنجامدانی هیچ چالاکییەکیان نادرێت، لەو چوارچێوەیەشدا بارەگاکانی تەڤگەری ئازادیی داخران.

هـ ـ ر