شارپرێس:
بەرپرسێكی سەربازیی سەر بە ھێزی ملیشیای سەركردەی شیعی، موقتەدا سەدر لەلایەن چەند كەسێكی نەناسراوەوە، لەھێرشێكی چەكداریدا كوژرا.
بەپێی زانیارییەكان، ئەندامی ھێزی ملیشیای شیعی سەرایا سەلام-ی سەر بەموقتەدا سەدر، حوسێن ئەلحیجامی لەھێرشێكی چەكداریدا كوژرا.
بەرپرسێكی سەر بەرەوتی سەدر، كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ رایگەیاند "حیجامی لەلایەن چەند چەكدارێكەوە كوژراوە و تەرمەكەشی گواستراوەتەوە بۆ پزیشكی دادوەری لە شاری بەغدا".
ئەو بەرپرسەی سەر بە رەوتی سەدر زانیاری دیكەی بڵاونەكردووە و راشیگەیاند، چاوەڕێ دەكەن دەسەڵاتداران لێكۆڵینەوە لەبارەی ھێرشەكە دەستپێبكەن.
ئەوەش راشگەیەندرا، كە حیجامی لە ھەمان كاتدا فەرمانبەری وەزارەتی تەندروستی بووەو رۆڵێكی لەئەركە سەربازییەكانی هێزەكانی سەدر هەبووە.
هـ ـ ح