راستی ئەو نووسراوەی بەناوی عومەری سەید عەلی بڵاوكراوەتەوە

کوردستان

08/12/2018‌ 8776 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نووسراوێك لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان‌و تەنانەت، بەشێك لەمیدیاكانیش بڵاوكراوەتەوە، ئەوەش بەناوی عومەری سەید عەلی رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان.

نووسراوەكە واژووی عومەری سەید عەلی رێكخەری گۆڕانی لەسەرەو بەپێی نووسراوەكە، داوای لەفراكسیۆنەكانی گۆڕان لەپەرلەمانەكان‌و ئەنجوومەنە خۆجێییەكان كراوە، كە هیچ لێدوانێك نەدەن لەدژی مەسرور بارزانی كاندیدی پارتی دیموكرات بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێم.

لەبارەی راستی‌و دروستی ئەو نووسراوە، شارپرێس پەیوەندی بەعەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان كردو لەلێدوانێك وتی: "بەدڵنیایی ئەو نووسراوە ساختەیەو هیچ راستییەكی تێدا نییە".

عەلی حەمەساڵح وتیشی: "ئەندامانی پەرلەمانی گۆڕان‌و تەنانەت بزووتنەوەكەش دیدی خۆیان بۆ حكومڕانی هەیەو لەو چوارچێوەیەشدا بەدواداچوونی خۆیان دەكەن‌و بەردەوامیش دەبن لەرەخنەگرتن لەكارە خراپەكانی حكومەت".

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەبارەی هۆكاری بڵاوكردنەوەی ئەو جۆرە نووسراوانە، وتی: ئاساییە لەكاتی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن‌و گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت، "ئەو جۆرە نووسراوانە بڵاودەكرێتەوە، بۆ ئەوەی خەڵكی چەواشەبكرێت".

رۆژی 3ی ئەم مانگە پارتی دیموكرات مەسرور بارزانی ئەندامی مەكتەبی سیاسی حیزبەكەی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ كاندید كرد، كە بڕیارە بەم نزیكانە دەست بەگفتوگۆی پێكهێنانی حكومەت بكرێت.

هـ ـ ح