ئامادەكارییەكانی كۆنفرانسی نیشتمانی گۆڕان ناڕازایی دروست كردووە

کوردستان

08/12/2018‌ 11089 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان ئەندامانی لیژنەی ئامادەكاری كۆنفرانسی نیشتمانی بزووتنەوەكەی دەستنیشانكردووەو دیاریكردنی ئەندامەكانیش ناڕەزایی دروستكردووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگاداری جڤاتی نیشتمانی دراوە بەشارپرێس، ماوەی رابردوو خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ ئۆرگانەكانی بزووتنەوەكە، ئەندامانی لیژنەی ئامادەكاری كۆنفرانسی نیشتمانی دیاریكردووە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، ئەندامەكانی لیژنەكە لە 10 كەس پێكهاتوون‌و شەش لەو كەسانە ئەندامانی خانەی راپەڕاندنن‌و چوار كەسی تریش لەلیژنەكەدا هەن، كە تائێستا ناوەكانیان ئاشكرانەكراوەو بریتین لەدوو ژن‌و دوو پیاو.

جڤاتی نیشتمانی گۆڕان ماوەی رابردوو بڕیاری ئەنجامدانی كۆنفرانسی نیشتمانیدا، كە لەجێگەی كۆنگرەی حیزبەكانی ترەو ئێستا دەست بەئامادەكاری كراوە بۆ بەستنی كۆنفرانسەكە. 

سەرچاوەكە بۆ شارپرێس ئاشكرایكرد، كە بەهۆی ئەوەی ئەندامانی خانەی راپەڕاندن خۆیان لەناو لیژنەكەن‌و هیچ كام لەرێكخەرەكانی لیژنەی ئامادەكاری كۆنفرانس نین، ناڕەزایی لەناو گۆڕان دروست كردووەو ناڕەزاییەكانیش بەردەوامی هەیە.

هەروەها سەرچاوەكە ئاشكرایكرد، بەهۆی ئەوەی ئەو چوار ئەندامەی لیژنەكە كەسانی نزیكن لەئەندامانی خانەی راپەڕاندن، ناوەكانیان ئاشكرانەكراوەو هۆكاری ئاشكرانەكردنی ناوەكانیش بۆ ترسە لەزیاتربوونی ناڕەزاییەكان.

گۆڕان لە 26/12/2013 كۆنگرەی یەكەمی خۆی لەشاری هەولێر بەست، كە لەو كۆنگرەیەوە ناوی كۆنگرە گۆڕا بۆ كۆنفرانسی نیشتمانی، بڕیارە لەماوەی داهاتووش كۆنفرانسێك بەبەسرێت.

سەرچاوەكە ئەوەشی ئاشكرایكرد، پێچەوانەی كۆنگرەی پێشوو، كە نەوشیروان مستەفا رێكخەری كۆچكردووی گۆڕان تەواوی ئامادەكارییەكانی كۆنگرەكەی خستبووە ئەستۆی ژوورەكان، ئەنجامە خانەی راپەڕاندن ژوورەكانی پشتگوێ‌ خستووەو بەنیازن خۆیان كارەكانی ئامادەكاری كۆنفرانسەكە تەواو بكەن.

خانەی راپەڕاندن لەعومەری سەید عەلی رێكخەری گۆڕان‌و جەلال جەوهەرو محەمەد تۆفیق رەحیم‌و شۆرش حاجی‌و جەمال حاجی محەمەدو رەئوف عوسمان‌و عوسمانی حاجی مەحمود پێكهاتوون، كە ئەمەی كۆتایی دەستی لەكاركێشاوەتەوەو ئێستا لەماڵەوە دانیشتووە.

هـ ـ ح

بەپەلە