هەولێر.. بەرێوەچوونی پێنجەمین فێستڤاڵی نێودەوڵەتی بۆ هونەری شانۆ

هەمەڕەنگ

09/12/2018‌ 547 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
 رۆژی ١٠/١٢ تا ١٥/١٢/٢٠١٨ لەشاری هەولێر وەزارەتی رۆشنبیری بەرێوبەرایەتی گشتی رۆشنبیری هونەر- بەڕێوبەرایەتی هونەری شانۆی هەولێر بەهاوكاری لقی هەولێری سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان پێنجەمین فێستڤاڵی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ شانۆ سازبكات.

فێستڤاڵی ئەمساڵ بەئامادەبونی ژمارەیەكی بەرچاوی شانۆكار و هونەرمەند لەشاری هەولێر بەرێوەدەچێت كە تێیدا هەریەك لە گروپە شانۆییەكانی (بەغداد – كوەیت – تونس – ئوردن- ئەڵمانیا - مەغریب - میسر ) و دوو نمایشی شانۆیش لەشاری هەولێر بەشداری فێستڤاڵەكە دەبن.

لەم كاتی قەیرانی دارایی و نەبونی بودجەیەدا، ئایا بەڕێوبەرایەتی شانۆی هەولێر چۆن ئەم فێستڤاڵەی پێ سازدەكریت؟

بێگومان هەموو لایەك دەزانین كە حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند ساڵێكە كەوتۆتە قەیرانی داراییەوە، بەهۆی ئەو قەیرانەوە پڕۆژە هونەری و رۆشنبیریەكان زۆر بەسستی و لاوازی بەریوە دەچن، بەجۆرێك هەندیك لە هونەرمەندان لەپرۆژەو كاركردنی خۆیان وەستاون. بەڵام فێستڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی هەولێر بەردەوامە لە كاركردنی خۆی و هیچ ساڵێك نەوەستاوە، رێكخەرانی ئەم فێستڤاڵە دەڵێن "بەهیمەتی شانۆكارانی شاری هەولێر و خەمخۆرانی هونەر نەمان هێشتوە ئەم فێستڤاڵەمان پەكی بكەوێت، هەموو هەوڵێكی خۆمان خستۆتە گەڕ بۆ سازدانی ئەم فێستڤاڵە"

هونەرمەند هیوا سوعاد كە بەڕێوەبەری هونەری شانۆی هەولێرەو هاوكات سەرۆكی فێستڤاڵی شانۆی هەولێرە وتی " سەرەڕای ئەو قەیرانە داراییانەی كە بونی هەیە بەڵام ئێمە بەردەوامین لەكار و پڕۆژەی خۆمان و هیچ كاتێك نەوەستاوین، راستە رەنگە نەتوانین وەك جاران پارە و پاداشت بدەین بە شانۆكارانمان بەڵام گەر هەوڵبدەین ئەوا دەتوانین نەوەستین، دەبێت ئەوەش بڵێم بودجەی ئەم فێستڤالە ئەوەنە زۆر نییە كە بودجەیەكی خەیاڵی بێت بۆیە وەزاوەتی رۆشنبیری بەهاوكاری لقی هەولێری سەندیكای هونەرمەندان بەرهەمهێنەری فێستڤاڵەكەن".

ئەمساڵ بێجگە لەنمایشی شانۆیی چەند پانێڵێكیش سازدەكرێت بۆ گفتوگۆ كردن لەسەر چەمكە جیاوازەكانی هونەری شانۆ كە كەسانی شارەزا و پسپۆر قسەی تێدادەكەن ھاوكات ھونەرمەندی گەورەی عەرەبی عەبدولكەریم بەرشید سمینارێكی تایبەت پێشكەش دەكات. 

دەرهێنەر و ئەكتەری شانۆ حەیدەر عەبدولرەحمان سەبارەت بەفێستڤاڵەكە دەڵێت " من وەك شانۆكارێك مایەی دڵخۆشیمە كەئەم فێستڤاڵە سازدەكرێت بەو مەرجەی هەڵی جدی و دڵسۆزانە بۆبدرێت لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیریەوە چونكە سوارچاكانی ئەم ناوەندە هێچیان كەمتر نییە لە شۆرشگێر و خەباتكارەكان. هەروەها فێستڤاڵ بەئاگا هاتنەوەیەك بێت لەو خەوە ناتەندروستییەی كە ساڵانێكە كەسانێكی بێ ویژدان بازرگانی بە هونەرەوە دەكەن"

بڕیارە رۆژی دوشەممە ١٠/١٢/٢٠١٨ سەعات ٤ی پاش نیوەڕۆ لەهۆڵی رۆشنبیری شاری هەولێر دەست بە سازكردنی فێستڤاڵ بكرێت و لەلایەن بەرپرسانەوە چەند وتارێك دەخوێنرێتەوە، نوێنەری مەڵبەندی شانۆی جیھانی لە دەسپێكی فێستڤاڵدا وتارێك دەخوێنێتەوە. 
‎ 
پاشان سەعات ٦ لەهۆڵی پێشەوا لەناو وەزارەتی رۆشنبیری یەكەمین شانۆی پێشكەش دەكرێت بەناوی (گوێچكەكانم قسە دەكەن) لە نوسین و دەرهێنانی ( كاروخ ئیبراهیم حەكیم)ە.