سەرۆک کۆمار لە دۆخی خەڵکی دوزخورماتو دەکۆڵێتەوە

عیراق

09/12/2018‌ 502 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق بایەخ و گرنگیی بەدیهاتنی ئۆقرەیی و ئاشتیی کۆمەڵایەتیی  دوپاتکردەوە و ئاماژه‌ی كرد بۆ ئامادەکاریی  بەرەو قۆناغی دوای رزگارکردنی ناوچە جیاجیاکانی خاکی عێراق لە بن دەستی داعشدا و دەستپێکردنی  هەڵمەتێکی نیشتمانیی  بۆ ئاوەدانکردنەوە  و جێبەجێکردنی  خزمەتگوزارییەکان. 

به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق لەگه‌ڵ شاندێكی دووزخورماتوو لە کۆشکی سەلام لە بەغدا كۆبووه‌وه‌، لە كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بارودۆخی ئەمنیی  و خزمەتگوزاریی  لە قەزای دوز خورماتوو گفتوگۆی لەبارەوە کرا، هەرەوەها ئەو رێوشوێنانەش باسکران کە پێویستن  بۆ چارەسەرکردنی هەمو ئەو کێشانەی  کە شارەکە بەدەستیانەوە دەناڵێنێت.

‎بەرهەم ساڵح قوربانیدانی رۆڵەکانی دووزخورماتووی بەرز نرخاند لە بەگژاچونەوەی چه‌كدارانی داعش، هاوکات داوای لە هەمو لایەک کرد رێنەدەن بە تێرۆر فرسەت بقۆزێتەوە و پیلانی یەکڕیزیی نیشتمانیی هەڵبوەشێننەوە.

‎‎بەرهەم ساڵح رونیکردەوە، پێویستە بە باشترین شێوە خزمەتی دانیشتوانی قەزاکە بکرێت و ئەو زیانانەشیان قەرەبوو بکرێتەوە کە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و پەلاماردانەکانی داعش لێیان کەوتوە. 
ه.م